Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
8 ئەوانەی لەوپەڕی جیهان دەژین، لە نیشانەکانی تۆ دەترسن.
لە شوێنی دەرکەوتنی بەرەبەیان و ئاوابوونی ئێواران،
گۆرانی شادمانییان پێ دەڵێیت.
9 بایەخ بە زەوی دەدەیت و ئاوی دەدەیت،
زۆر بەپیت و فەڕی دەکەیت،
جۆگەکانی خودا پڕ ئاون،
دەغڵودانیان ئامادە دەکەیت،
چونکە بەم شێوەیە ڕێکت خستووە.
10 هێڵی جووتەکانی تێر ئاو دەکەیت و
تەخت و ڕێکیان دەکەیت،
بە لێزمەی باران پاراوی دەکەیت و
بەروبوومیان بەرەکەتدار دەکەیت.
11 بە چاکەی خۆت تاج دەخەیتە سەر ساڵ و
ڕێڕەوەکانت چەوری لێ دەچۆڕێت.
12 لەوەڕگاکانی دەشتودەر پڕ دەبن،
ناوقەدی گردەکان بە شادی دەبەستییەوە.
13 مێرگەکان بە ڕانە مەڕ و مێگەل دادەپۆشرێن،
دەغڵودان دەبن بە کەوای دۆڵەکان،
لە شادمانیدا هاوار دەکەن و گۆرانی دەڵێن.
مەڕی یاقوب زۆر دەبێت
25 لەدوای ئەوەی ڕاحێل یوسفی بوو، یاقوب بە لابانی گوت: «بمنێرەوە و دەگەڕێمەوە شوێن و زەوی خۆم. 26 ژنەکانم و منداڵەکانیشم بدە دەستم کە لە پێناویاندا خزمەتم کردوویت، ئیتر دەڕۆم. خۆشت دەزانیت ئەو خزمەتەی خزمەتم کردوویت.»
27 بەڵام لابان پێی گوت: «خۆزگە پەسەند دەبووم لەبەرچاوت. فاڵم گرتووەتەوە کە یەزدان لەبەر تۆ بەرەکەتداری کردووم.» 28 ئینجا گوتی: «کرێی خۆتم بۆ دیاری بکە تاکو پێت بدەم.»
29 یاقوبیش پێی گوت: «تۆ خۆت دەزانیت چەند خزمەتم کردوویت و مەڕوماڵاتەکەت لەلای من چۆن بووە، 30 چونکە پێش هاتنی من ئەوەی هەتبوو کەم بوو، دوای هاتنم زۆر پەرەی سەند و یەزدانیش بەرەکەتداری کردیت. بەڵام ئێستا کەی کار بۆ ماڵەکەی خۆشم بکەم؟»
31 ئەویش گوتی: «چیت بدەمێ؟»
یاقوبیش گوتی: «هیچم مەدەرێ، بەڵام ئەگەر تەنها ئەم کارەم لەگەڵ بکەیت، ئەوا سەرلەنوێ شوانی و پاسەوانی مەڕەکانت دەکەم. 32 ئەمڕۆ لێمگەڕێ بەناو هەموو مێگەلەکانتدا تێپەڕم، هەرچی مەڕ و بزنی خاڵدار و بەڵەک و هەرچی بەرخی ڕەش لەناویاندا هەیە جیای دەکەمەوە. ئەوانە کرێیەکەی من دەبن. 33 سبەینێش ڕاستودروستی من دەسەلمێنێت، کاتێک بۆ کرێیەکەم دێمە پێشت، هەرچی خاڵدار و بەڵەک نەبێت لەناو بزنەکان و ڕەش نەبێت لەناو بەرخەکان، لەلای من بە دزراو دادەنرێت.»
34 لابانیش گوتی: «باشە، تۆ چۆن دەڵێیت، با وابێت.» 35 هەر هەمان ڕۆژ هەموو تەگە[a] خەتدار و بەڵەکەکان و هەموو بزنە خاڵدار و بەڵەکەکانی جیا کردەوە، هەموو ئەوانەی سپیێتییان تێدا هەبوو، لەگەڵ هەموو ڕەشەکان لەنێوان بەرخەکان دایە دەست کوڕەکانی. 36 ئینجا ماوەی سێ ڕۆژە ڕێی خستە نێوان خۆی و یاقوبەوە، یاقوبیش شوانی پاشماوەی مەڕەکانی لابانی دەکرد.
دانایی خودایی
13 کێ لەنێوتاندا دانا و تێگەیشتووە؟ با بە ڕەوشتی باشی کردارەکانی پیشان بدات کە بە بێفیزییەک کە لە داناییەوە سەرچاوەی گرتبێت. 14 بەڵام ئەگەر چاوپیسی تاڵ و خۆپەرستیتان لە دڵدا بوو، شانازی مەکەن یان نکۆڵی لە ڕاستی مەکەن. 15 ئەم داناییە لە ئاسمانەوە دانەبەزیوە، بەڵکو دنیایی و مرۆڤانە و شەیتانییە، 16 چونکە چاوپیسی و خۆپەرستی لەکوێ بێت، گێرەشێوێنی و هەموو کارێکی خراپ لەوێیە.
17 بەڵام ئەو داناییەی لە ئاسمانەوەیە، لەپێش هەموو شتێک پاکە، دواتر ئاشتیخوازە، خۆنەویستە، گوێڕایەڵە، پڕ لە بەزەییە و بەروبوومی چاکە، لایەنگر نییە، دووڕوو نییە. 18 ئاشتیسازان تۆوی ئاشتی دەچێنن و بەرهەمەکەی ڕاستودروستی دەبێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.