Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
נ (نون)
105 وشەکانی تۆ چران بۆ پێیەکانم،
ڕووناکییە بۆ ڕێگام.
106 سوێندم خواردووە و بەجێی دەهێنم،
کە ملکەچی حوکمە ڕاستودروستەکانت دەبم.
107 ئەی یەزدان، زۆر ئازارم چێژتووە،
جا بەپێی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە.
108 ئەی یەزدان، بە ستایشە خۆویستەکانی دەمم ڕازی بە،
حوکمەکانی خۆتم فێر بکە.
109 هەمیشە گیانم لەناو دەستمدایە،
بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیرناکەم.
110 بەدکاران تەڵەیان بۆم ناوەتەوە،
بەڵام من لە ڕێنماییەکانی تۆ گومڕا نابم.
111 یاساکانت هەتاهەتایە گەنجینەن بۆ من،
چونکە ئەوان شادی دڵمن.
112 دڵم بۆ بەجێهێنانی فەرزەکانت تەرخان دەکەم،
هەتاهەتایە و هەتا کۆتایی.
کێوی یەزدان
2 ئەو شتەی ئیشایای کوڕی ئامۆچ بینی سەبارەت بە یەهودا و ئۆرشەلیم:
2 لە ڕۆژانی کۆتاییدا،
کێوی پەرستگای یەزدان
لەسەر لووتکەی چیاکان جێگیر دەبێت،
بەسەر گردەکانەوە بەرز دەبێتەوە و
هەموو نەتەوەکان بە لێشاو بەرەو لای ئەو دەچن.
3 زۆرێک لە گەلان بەڕێ دەکەون و دەڵێن:
«وەرن با بەرەو کێوی یەزدان سەربکەوین،
بۆ ماڵەکەی خودای یاقوب.
فێری ڕێگاکانی خۆیمان دەکات،
بۆ ئەوەی بە ڕێچکەی ئەودا بڕۆین.»
فێرکردن لە سییۆنەوە دەردەچێت،
پەیامی یەزدانیش لە ئۆرشەلیمەوە.
4 لەنێو نەتەوەکان دادوەری دەکات،
ناوبژی بۆ چەندین گەل دەکات.
شمشێرەکانیان دەکوتنەوە و دەیکەنە گاسن،
ڕمەکانیشیان دەکەنە داس.
هیچ نەتەوەیەک شمشێر لە نەتەوەیەکی دیکە هەڵناکێشێت،
چیتر فێری جەنگ نابن.
ڕووناکی باوەڕ
44 عیساش هاواری کرد و فەرمووی: «ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، باوەڕ بە من ناهێنێت، بەڵکو بەوەی ناردوومی، 45 ئەوەش کە دەمبینێت، ئەوە دەبینێت کە ناردوومی. 46 من وەک ڕووناکی هاتوومەتە جیهان، تاکو هەرکەسێک باوەڕم پێ بهێنێت لە تاریکیدا نەمێنێتەوە.
47 «ئەگەر یەکێک گوێی لە وتەکانم بوو و کاری پێ نەکرد، من حوکمی نادەم، چونکە نەهاتووم تاکو جیهان حوکم بدەم، بەڵکو جیهان ڕزگار بکەم. 48 ئەوەی ڕەتم بکاتەوە و وتەکانم وەرنەگرێت، یەکێک هەیە حوکمی بدات، ئەو قسەیەی کە من کردم لە ڕۆژی دواییدا حوکمی دەدات. 49 من لە خۆمەوە قسەم نەکردووە، بەڵکو ئەو باوکە کە ناردوومی ڕایسپاردووم کە چی بڵێم و چ قسەیەک بکەم. 50 دەزانم ڕاسپاردەی ئەو ژیانی هەتاهەتاییە، جا هەرچی دەیڵێم، چۆن باوک پێی فەرمووم ئاوا دەڵێم.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.