Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 139:1-12

بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، زەبوورێکی داود.

139 ئەی یەزدان، تۆ منت پشکنی و
    منت ناسی.
هەستان و دانیشتنی منت زانیوە،
    لە دوورەوە لە بیرکردنەوەم گەیشتووی.
ڕێڕەو و جێی ڕاکشانی منت پێواوە،
    شارەزای هەموو ڕێگاکانی منیت.
ئەی یەزدان، بەر لەوەی وشەیەک لەسەر زمانم هەبێت،
    تۆ بە تەواوی دەیزانی.
لەپێش و لە پشتەوە دەورت داوم،
    دەستت دەخەیتە سەرم.
ئەم زانینەی تۆم بەلاوە زۆر سەیرە،
    لە سەرووی منەوەیە، ناتوانم بەدەستی بهێنم.

بۆ کوێ بچم لە ڕۆحی تۆ؟
    بۆ کوێ هەڵبێم لە ڕوخسارت؟
ئەگەر سەربکەوم بۆ ئاسمان، ئەوەتا تۆ لەوێی،
    ئەگەر لەناو جیهانی مردووان ڕاکشێم، ئەوەتا تۆ لەوێی.
ئەگەر دەست بە باڵی بەرەبەیانەوە بگرم،
    ئەگەر لەوپەڕی دەریا[a] نیشتەجێ بم،
10 لەوێش دەستی تۆ ڕێنماییم دەکات،
    دەستە ڕاستەت بە خۆیەوە دەمگرێت.
11 ئەگەر گوتم: «بێگومان تاریکی دامدەپۆشێت،
    ڕووناکیش دەبێتە شەوی دەورم،»
12 ئەوا لە تاریکیشدا لەلای تۆ تاریک دانایەت،
    شەو وەک ڕۆژ ڕووناکی دەبەخشێت،
    تاریکیش وەک ڕووناکی وایە.

زەبوورەکان 139:23-24

23 خودایە، بمپشکنە و بزانە دڵم چی تێدایە!
    تاقیم بکەوە و بزانە خولیای چیم.
24 سەیر بکە ئاخۆ هیچ ڕێگایەکی خراپەم تێدایە،
    ڕێنماییم بکە لە ڕێگای هەتاهەتایی.

حزقیێل 39:21-29

21 «شکۆمەندی خۆم لەنێو نەتەوەکان پیشان دەدەم، هەموو نەتەوەکان حوکمەکەم دەبینن کە جێبەجێم کرد و کە دەستم خستە سەریان. 22 جا لەو ڕۆژە بەدواوە بنەماڵەی ئیسرائیل دەزانن کە من یەزدانم و خودای ئەوانم. 23 هەموو نەتەوەکانیش دەزانن کە بنەماڵەی ئیسرائیل لەبەر تاوانی خۆیان بە دیل گیران و ڕاپێچ کران، چونکە ناپاکییان لەگەڵ کردم. منیش ڕووی خۆمم لێیان وەرگێڕا و ئەوانم دایە دەست دوژمنەکانیانەوە، هەموو بە شمشێر کوژران. 24 بەگوێرەی گڵاوی و یاخیبوونەکانی خۆیان لەگەڵیان جوڵامەوە و ڕووی خۆمم لێیان وەرگێڕا.

25 «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئێستا ڕاپێچکراوەکانی یاقوب دەگەڕێنمەوە، بەزەییم بە هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلدا دێتەوە، بۆ ناوی پیرۆزی خۆم دڵگەرم دەبم. 26 جا ڕیسوایی خۆیان هەڵدەگرن لەگەڵ هەموو ناپاکییەکەیان کە لەگەڵ من ناپاکییان پێکرد، کاتێک بە ئاسوودەیی و بەبێ ترس لە خاکەکەی خۆیان نیشتەجێ بوون. 27 ئەو کاتەی لەنێو گەلان لە خاکی دوژمنەکانیانەوە کۆیان دەکەمەوە و دەیانهێنمەوە، لەبەرچاوی نەتەوەکان پیرۆزی خۆم لەنێویاندا دەردەخەم. 28 ئەوسا دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگاریانم، چونکە هەرچەندە بۆ ناو نەتەوەکان ڕاپێچم کردن، بەڵام پاشان کۆیان دەکەمەوە و دەیاننێرمەوە خاکەکەی خۆیان، چیتر کەسیان لەوێ بەجێناهێڵم. 29 چیتر ڕووی خۆمیان لێ وەرناگێڕم، چونکە ڕۆحی خۆم بەسەر بنەماڵەی ئیسرائیلدا دەڕێژم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»

عیبرانییەکان 6:13-20

خودا بەڵێنی خۆی دەباتەسەر

13 کاتێک خودا بەڵێنی بە ئیبراهیم دا، سوێندی بەخۆی خوارد، چونکە کەسی پایەبەرزتری نەبوو سوێندی پێ بخوات، 14 فەرمووی: [بێگومان بەرەکەتدارت دەکەم و نەوەکەت چەندبارە دەکەم.][a] 15 بەم شێوەیە ئیبراهیم ئارامی گرت هەتا بەڵێنەکەی بەدەستهێنا.

16 خەڵک سوێند بە گەورەتر دەخۆن، کۆتایی هەموو دەمەقاڵەیەک بۆ چەسپاندن سوێندە. 17 خودا سوێندی خوارد چونکە ویستی خواستی نەگۆڕی خۆی بە میراتگری بەڵێن پیشان بدات. 18 خودا ئەمەی کرد تاکو لە ڕێگەی دوو شتی نەگۆڕەوە[b] کە مەحاڵە خودا تێیاندا درۆ بکات، ئێمە کە پەنامان بۆ ئەو بردووە، بە دڵنەوایی زۆرەوە دەستبگرین بەو هیوایەی کە لەپێشمانی داناوە. 19 ئەم هیوایەمان هەیە کە وەک لەنگەرە بۆ دەروونمان، چەسپاو و ڕاگرە. دەچێتە ناو شوێنی هەرەپیرۆز لە پشت پەردەکە، 20 لەوێدا عیسا پێشتر و لەبری ئێمە چووە ناوی، هەتاهەتایە بووە سەرۆک کاهین، لە پلەی مەلکیسادق.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.