Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
נ (نون)
105 وشەکانی تۆ چران بۆ پێیەکانم،
ڕووناکییە بۆ ڕێگام.
106 سوێندم خواردووە و بەجێی دەهێنم،
کە ملکەچی حوکمە ڕاستودروستەکانت دەبم.
107 ئەی یەزدان، زۆر ئازارم چێژتووە،
جا بەپێی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە.
108 ئەی یەزدان، بە ستایشە خۆویستەکانی دەمم ڕازی بە،
حوکمەکانی خۆتم فێر بکە.
109 هەمیشە گیانم لەناو دەستمدایە،
بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیرناکەم.
110 بەدکاران تەڵەیان بۆم ناوەتەوە،
بەڵام من لە ڕێنماییەکانی تۆ گومڕا نابم.
111 یاساکانت هەتاهەتایە گەنجینەن بۆ من،
چونکە ئەوان شادی دڵمن.
112 دڵم بۆ بەجێهێنانی فەرزەکانت تەرخان دەکەم،
هەتاهەتایە و هەتا کۆتایی.
موسا و ئاگرێک لەناو دەوەنێک
3 موسا بووە شوانی مەڕەکانی یەترۆی خەزووری، کە کاهینی میدیان بوو. مەڕەکانی بردە ئەوپەڕی دەشتودەرەکە هەتا گەیشتە کێوی خودا، «حۆرێڤ». 2 لەوێ لەناو گڕی ئاگرێک لە دەوەنێک فریشتەی یەزدانی بۆ دەرکەوت. کە موسا تەماشای کرد بینی وا دەوەنەکە گڕی گرتووە، کەچی دەوەنەکە ناسووتێت. 3 موسا گوتی: «لادەدەم و تەماشای ئەو دیمەنە مەزنە دەکەم. بۆچی دەوەنەکە ناسووتێت؟»
4 کاتێک یەزدان بینی کە موسا لایدا بۆ ئەوەی تەماشا بکات، خودا لەناو دەوەنەکەوە بانگی کرد و فەرمووی: «موسا. موسا.»
ئەویش گوتی: «ئەوەتام.»
5 فەرمووی: «نزیکی ئێرە مەکەوە. پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە، چونکە ئەو شوێنەی تۆ لەسەری وەستاویت خاکێکی پیرۆزە.» 6 ئینجا فەرمووی: «من خودای باوکتم، خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم.» موسا ڕووی خۆی داپۆشی، چونکە دەترسا تەماشای خودا بکات.
12 هەموو ئەوانەی کە شەریعەتیان نییە و گوناه دەکەن، بێ شەریعەت لەناودەچن، هەموو ئەوانەش کە لەژێر دەسەڵاتی شەریعەتدا گوناه دەکەن، بە شەریعەت حوکم دەدرێن، 13 چونکە ئەوانە لەلای خودا بێتاوان نین کە شەریعەت دەبیستن، بەڵکو ئەوانە بێتاوان دەکرێن کە کار بە شەریعەت دەکەن. 14 بێگومان ئەو نەتەوانەی شەریعەتیان نییە، کاتێک بە سروشت شەریعەتیان پەیڕەو کرد، ئەوانە بۆ خۆیان شەریعەتن، لەگەڵ ئەوەی شەریعەتیان نییە. 15 ئەوانە بەڵگەی وا نیشان دەدەن کە فەرزەکانی تەورات لە دڵیاندا نووسراوە، ویژدانیان لەناویاندا شایەتی دەدات، جار هەیە بیریان تاوانباریان دەکات و جاریش هەیە بەرگرییان لێ دەکات، 16 لەو ڕۆژەدا کاتێک خودا نهێنییەکانی خەڵک لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە حوکم دەدات، بەپێی ئەو مزگێنییەی[a] کە من ڕایدەگەیەنم.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.