Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
13 چونکە تۆ ناخی منت دروستکردووە،
لەناو سکی دایکم منت چنیوە.
14 ستایشت دەکەم، چونکە بە سامناکی دروستکراوم، سەرسوڕهێنەرم،
کارەکانت سەرسوڕهێنەرن،
لە ناخمەوە باش ئەمە دەزانم.
15 ئێسقانم لە تۆ شاراوە نەبوو،
کاتێک لە پەنهانی دروستکرام،
لەناو سکی زەوی نەخشێنرام.
16 هێشتا لە سکی دایکم بووم، ئەندامەکانی لەشمت بینی.
هەموو ئەو ڕۆژانە کە بۆ من شێوەیان کێشرا،
لە پەڕتووکەکەتدا نووسراون،
پێش ئەوەی هیچ کامێکیان هەبن.
17 ئەی خودایە، بیرۆکەکانت بەلای منەوە چەند گرانبەهایە!
کۆی ژمارەیان چەندە مەزنە!
18 ئەگەر بیانژمێرم، لە لم زیاترن.
کە بەئاگادێمەوە هێشتا لەگەڵ تۆم.
چاوپێکەوتنی یاقوب لەگەڵ عیسۆ
33 یاقوب چاوی هەڵبڕی و سەیری کرد وا عیسۆ و چوار سەد پیاوە دێن، ئیتر منداڵەکانی بەسەر لێئە و ڕاحێل و هەردوو کەنیزەکەیدا دابەش کرد. 2 هەردوو کەنیزەکەی و منداڵەکانیانی خستە پێشەوە، ئینجا لێئە و منداڵەکانی لە پشتیانەوە، ڕاحێل و یوسفیشی خستە دواوە. 3 خۆشی پێشیان کەوت، هەتا لە براکەی نزیک بووەوە حەوت جار کڕنۆشی برد.
4 بەڵام عیسۆ بە ڕاکردن بەرەو ڕووی یاقوب هات و باوەشی پێداکرد، ماچی کرد و پێکەوە گریان. 5 ئینجا عیسۆ سەری هەڵبڕی و چاوی بە ژن و منداڵەکان کەوت، پرسی: «ئەمانە چی تۆن؟»
یاقوبیش گوتی: «ئەو منداڵانەن کە نیعمەتی خودان بۆ خزمەتکارەکەت.»
6 ئیتر هەردوو کەنیزەکە و منداڵەکانیان هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد، 7 دوای ئەوان لێئە و منداڵەکانی هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد، پاشان یوسف و ڕاحێلیش هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد.
8 عیسۆ لە یاقوبی پرسی: «ئەو هەمووەی پێم گەیشتن بۆ چیت بوو؟»
ئەویش گوتی: «بۆ ئەوەی لەبەرچاوت پەسەند بم، گەورەم.»
9 بەڵام عیسۆ گوتی: «برام من زۆرم هەیە، ئەوەی هەتە بۆ خۆت هەڵیبگرە.»
10 یاقوب گوتی: «نا، ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم، ئەوا دیارییەکەم لە دەست وەردەگریت، کە ڕووی تۆم بینی وەک ڕووی خودام بینی بێت وابوو، لێشم ڕازی بوویت. 11 دیارییەکەشم وەربگرە کە بۆت هێنراوە، خودا لەگەڵم میهرەبان بووە و هەموو شتێکم هەیە.» ئیتر یاقوب زۆری لێکرد، عیسۆش لێی وەرگرت.
12 ئینجا عیسۆ گوتی: «با بکەوینە ڕێ و بڕۆین، خۆشم پێشت دەکەوم.»
13 بەڵام یاقوب پێی گوت: «گەورەی خۆم دەزانێت کە منداڵەکان ناسکن، ئەو مەڕ و مانگایانەشم کە پێیە شیر دەدەنە بەچکەکانیان. ئەگەر بۆ یەک ڕۆژیش ماندوو بکرێن بە لێخوڕین ئەوا هەموو ئاژەڵەکان دەمرن. 14 با گەورەم پێش خزمەتکارەکەی بپەڕێتەوە، منیش لەسەر خۆ دەکەومە ڕێ، بەپێی ئەو ماڵەی پێش خۆم و بەپێی منداڵەکان، هەتا دەگەمە لای گەورەم لە سێعیر.»
15 عیسۆش گوتی: «کەوابێت هەندێک لەو خەڵکەی لەگەڵمن لەلات بەجێدەهێڵم.»
یاقوبیش گوتی: «ئاخر چ پێویست دەکات؟ هەر ئەوەندەم بەسە جێی ڕەزامەندی گەورەم بم.»
16 ئیتر هەر ئەو ڕۆژە عیسۆ بە ڕێی خۆیدا گەڕایەوە بۆ سێعیر. 17 یاقوبیش کەوتە ڕێ بۆ سوکۆت و خانووێکی بۆ خۆی بنیاد نا، سایەبانیشی بۆ مەڕوماڵات دروستکرد. هەر لەبەر ئەوەش ئەو شوێنە ناونرا سوکۆت.
نموونەی هاجەر و سارا
21 ئەی ئەوانەی حەز دەکەن لەژێر سایەی شەریعەتدا بن، پێم بڵێن، ئایا تەورات نابیستن؟ 22 چونکە نووسراوە کە ئیبراهیم دوو کوڕی هەبووە، یەکێکیان لە کۆیلەکە، ئەوی دیکەیان لە ئازادەکە[a]. 23 ئەوەی لە کۆیلەکە بوو بەگوێرەی جەستە لەدایک بوو، بەڵام ئەوەی لە ئازادەکە، بە بەڵێن بووە.
24 هەموو ئەمانەش هێمان، چونکە ئەو دوو ژنە دوو پەیمانەکەن، یەکێکیان لە شاخی سیناوەیە، بۆ کۆیلایەتی منداڵی دەبێت، ئەوەش هاجەرە. 25 هاجەر هێمایە بۆ شاخی سینا لە عەرەبستان، ئەو ئۆرشەلیمەی ئێستا دەنوێنێت، ئەویش لەگەڵ منداڵەکانی کۆیلەن. 26 بەڵام ئۆرشەلیمی سەرەوە ئازادە، دایکی ئێمەیە، 27 چونکە نووسراوە:
[ئەی نەزۆک، دڵشادبە،
ئەی ئەوەی منداڵت نەبووە،
ئەی ئەوەی ژانت نەگرتووە،
لە خۆشیدا بە دەنگی بەرز هاوار بکە،
چونکە منداڵی ژنی بەجێهێڵراو[b] زیاترن
لەوەی مێردی لەگەڵیەتی.][c]
28 بەڵام ئێوە، خوشکان و برایان، وەک ئیسحاق منداڵی بەڵێنن. 29 جا چۆن لە کاتێکدا ئەوەی بەگوێرەی جەستە لەدایک بوو، ئەوەی چەوساندەوە کە بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز لەدایک ببوو، ئێستاش ئاوایە. 30 بەڵام نووسراوە پیرۆزەکە چی دەفەرموێ؟ [کەنیزەکە و کوڕەکەی دەربکە، چونکە کوڕی کەنیزەکە لەگەڵ کوڕی ئازادەکە نابێتە میراتگر.][d] 31 کەواتە ئەی خوشک و برایان، ئێمە منداڵی کۆیلەکە نین، بەڵکو هی ئازادەکەین.
ئازادی بە مەسیح
5 مەسیح ئازادی کردین تاکو بە ئازادی بژین. بۆیە چەسپاو بن و جارێکی دیکە ملکەچی نیری کۆیلایەتی مەبن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.