Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
گۆرانی گۆرانییەکان 2:8-13

گوێ بگرە! ئەوە دەنگی دڵدارەکەمە!
    تەماشا بکە! وا دێت،
لەسەر چیاکان هەڵدەبەزێتەوە،
    بەسەر گردەکاندا باز دەدات.
دڵدارەکەم وەک ئاسک یان وەک کارمامزە،
    وا لە پشت دیوارەکەمان ڕاوەستاوە،
لە دەلاقەوە سەیر دەکات،
    لە کڵاوڕۆژنەوە[a] تەماشا دەکات.
10 دڵدارەکەم قسەی کرد، پێی گوتم:
    «یارەکەم، هەستە،
    شیرینەکەم، وەرە.
11 تەماشا بکە، زستان تێپەڕی،
    باران بەسەرچوو و نەما.
12 گوڵ لەسەر زەوی دەرکەوت،
    ئێستا کاتی گۆرانییە؛
خوێندنی کوکوختی
    لە خاکی ئێمە دەبیسترێت.
13 هەنجیر بەری گرتووە،
    بۆنی پەسیرەی[b] مێو بڵاو بووەتەوە.
یارەکەم، هەستە،
    شیرینەکەم، وەرە.»

پەیدابوون 29:31-35

منداڵەکانی یاقوب

31 یەزدان بینی کە لێئە خۆشەویست نییە، ئیتر منداڵدانی کردەوە. بەڵام ڕاحێل نەزۆک بوو. 32 لێئە سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو ناوی لێنا ڕەئوبێن[a]، لەبەر ئەوەی گوتی: «یەزدان نەگبەتی منی بەدی کردووە، بێگومان ئێستا مێردەکەم منی خۆشدەوێ.»

33 دیسان سکی پڕ بوو، کوڕێکی دیکەی بوو، گوتی: «یەزدان بیستوویەتی خۆشەویست نیم. ئیتر ئەمەشی دامێ.» ناوی لێنا شیمۆن.

34 جارێکی دیکەش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو، گوتی: «وا ئەم جارە ئیتر مێردەکەم پێمەوە پەیوەست دەبێت، چونکە سێ کوڕم بۆی بووە.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا لێڤی[b].

35 دیسان سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو، گوتی: «ئەم جارە ستایشی یەزدان دەکەم.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا یەهودا[c]. ئیتر لە سککردن وەستا.

یۆحەنا 13:1-17

عیسا پێی قوتابییەکانی دەشوات

13 پێش جەژنی پەسخە، عیسا دەیزانی کاتی هاتووە ئەم جیهانە بەجێبهێڵێت و بۆ لای باوک بگەڕێتەوە، جا ئەوانەی هی خۆی بوون لە جیهاندا خۆشی دەویستن، تاکو ئەوپەڕی خۆشویستن.

ژەمی ئێوارە بوو، شەیتان خستبوویە دڵی یەهوزای ئەسخەریوتی کوڕی شیمۆن، کە عیسا بەدەستەوە بدات. عیساش دەیزانی باوک هەموو شتێکی خستووەتە ژێر دەستی، لە خوداوە هاتووە و بۆ خوداش دەگەڕێتەوە. لەسەر خوان هەستا، کەواکەی داکەند و خاولییەکی هەڵگرت و لە ناوقەدی بەست. پاشان عیسا ئاوی کردە ناو لەگەنێک و دەستی بە شوشتنی پێی قوتابییەکان کرد و بەو خاولییەی کە بە ناوقەدیەوە بەستبووی پێیانی دەیسڕییەوە.

کاتێک گەیشتە سەر شیمۆن پەترۆس، شیمۆن پێی گوت: «گەورەم تۆ پێی من دەشۆیت؟»

عیسا لە وەڵامدا پێی فەرموو: «ئێستا ئەمەی دەیکەم تێیناگەیت، بەڵام دواتر تێیدەگەیت.»

پەترۆس پێی گوت: «هەرگیز پێم ناشۆیت.»

عیساش وەڵامی دایەوە: «ئەگەر پێت نەشۆم، لەگەڵ من بەشت نابێت.»

جا شیمۆن پەترۆس پێی گوت: «گەورەم، تەنها پێم نا، بەڵکو دەست و سەریشم!»

10 عیساش پێی فەرموو: «ئەوەی خۆی شوشتبێت تەنها پێویستی بە پێ شوشتن هەیە، تەواوی جەستەی پاکە. ئێوەش پاکن بەڵام هەمووتان نا.» 11 عیسا فەرمووی: «هەمووتان پاک نین،» چونکە دەیزانی کێ بە گرتنی دەدات.

12 پاش شوشتنی پێیان کەواکەی هەڵگرت و دانیشتەوە، لێی پرسین: «ئایا لەوە تێگەیشتن کە بۆم کردن؟ 13 ئێوە بە ”مامۆستا“ و ”گەورە“ بانگم دەکەن و ڕاست دەکەن، چونکە من وام. 14 جا کە من گەورە و مامۆستاتانم و پێم شوشتن، ئێوەش لەسەرتانە پێی یەکتری بشۆن. 15 من نموونەیەکم پێدان تاکو ئەوەی بۆم کردن ئێوەش بیکەن. 16 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کۆیلە لە گەورەکەی گەورەتر نییە، نێردراویش لەوەی ناردوویەتی گەورەتر نییە. 17 ئەگەر ئەمانەتان زانی، خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە ئەگەر پەیڕەوتان کرد.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.