Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
8 گوێ بگرە! ئەوە دەنگی دڵدارەکەمە!
تەماشا بکە! وا دێت،
لەسەر چیاکان هەڵدەبەزێتەوە،
بەسەر گردەکاندا باز دەدات.
9 دڵدارەکەم وەک ئاسک یان وەک کارمامزە،
وا لە پشت دیوارەکەمان ڕاوەستاوە،
لە دەلاقەوە سەیر دەکات،
لە کڵاوڕۆژنەوە[a] تەماشا دەکات.
10 دڵدارەکەم قسەی کرد، پێی گوتم:
«یارەکەم، هەستە،
شیرینەکەم، وەرە.
11 تەماشا بکە، زستان تێپەڕی،
باران بەسەرچوو و نەما.
12 گوڵ لەسەر زەوی دەرکەوت،
ئێستا کاتی گۆرانییە؛
خوێندنی کوکوختی
لە خاکی ئێمە دەبیسترێت.
13 هەنجیر بەری گرتووە،
بۆنی پەسیرەی[b] مێو بڵاو بووەتەوە.
یارەکەم، هەستە،
شیرینەکەم، وەرە.»
گەیشتنی یاقوب بۆ پەدان ئارام
29 ئینجا یاقوب پێی هەڵگرت و بەرەو خاکی گەلانی ڕۆژهەڵات ڕۆیشت. 2 بینی وا بیرێک لە دەشتودەرەکە هەیە و سێ ڕانە مەڕ لەوێ ڕاکشاون، چونکە شوانەکان لەو بیرەوە مەڕەکانیان ئاو دەدا. بەردێکی گەورەش لەسەر دەمی بیرەکە بوو. 3 کاتێک هەموو مێگەلەکان لەوێ کۆدەبوونەوە، شوانەکان بەردی سەر دەمی بیرەکەیان گلۆر دەکردەوە و مەڕەکانیان ئاو دەدا. پاشان بەردەکەیان دەگەڕاندەوە سەر دەمی بیرەکە، بۆ شوێنی خۆی.
4 یاقوب بانگی کردن: «برایان، ئێوە خەڵکی کوێن؟»
ئەوانیش گوتیان: «ئێمە خەڵکی حەڕانین.»
5 پێی گوتن: «لابانی کوڕەزای ناحۆر دەناسن؟»
گوتیان: «دەیناسین.»
6 ئینجا یاقوب گوتی: «خۆ سەلامەتە؟»
گوتیان: «بەڵێ سەلامەتە، ئەوەش ڕاحێلی کچییەتی مەڕەکان بەرەو ئێرە دێنێت.»
7 گوتی: «وا هێشتا ڕۆژ زۆری ماوە، کاتی کۆکردنەوەی مەڕەکان نییە. مەڕەکان ئاو بدەن و بڕۆنەوە بیانلەوەڕێنن.»
8 ئەوانیش گوتیان: «ناتوانین، هەتا هەموو مەڕەکان کۆنەبنەوە و بەردی سەر دەمی بیرەکە تل نەدرێت. ئەو کاتە مەڕەکان ئاو دەدرێن.»
9 هێشتا خەریکی قسەکردن بوو لەگەڵیان، ڕاحێل هات و مەڕەکانی باوکیشی لەگەڵ بوو، چونکە ڕاحێل شوان بوو. 10 کاتێک یاقوب ڕاحێلی کچی لابانی خاڵی و مەڕەکانی لابانی خاڵی بینی، یاقوب چووە پێشەوە و تلی دا بە بەردی سەر بیرەکە و مەڕەکانی لابانی خاڵی ئاو دا. 11 یاقوب ڕاحێلی ماچکرد و دەنگی بەرزکردەوە و گریا. 12 ئیتر یاقوب لە ڕاحێلی گەیاند کە ئەو کەسی باوکییەتی و کوڕی ڕڤقەیە. ئەویش ڕایکرد و بە باوکی ڕاگەیاند.
13 هەر کە لابان ئەم هەواڵەی یاقوبی خوشکەزای بیست، بە ڕاکردن چوو بۆ دیدەنی. باوەشی پێدا کرد و ماچی کرد و هێنایە ماڵەکەی خۆی. جا هەموو ئەم شتانەی بۆ لابان باسکرد. 14 لابانیش پێی گوت: «تۆ لە گۆشت و خوێنی منیت.»
هاوسەرگیری یاقوب لەگەڵ لێئە و ڕاحێل
لەدوای ئەوەی یاقوب مانگێک لەلای مایەوە،
دڵسۆزی خودا
3 کەواتە، جولەکەکان چییان لە نەتەوەکانی دیکە زیاترە؟ یان سوودی خەتەنەکردن چییە؟ 2 زۆر شتیان لە نەتەوەکانی دیکە زیاترە! پێش هەموو شتێک، وشەکانی خودایان پێ سپێردرا.
3 کەواتە چی دەبێت ئەگەر هاتوو هەندێکیان بێباوەڕ بوون؟ ئایا دڵسۆز نەبوونیان دڵسۆزی خودا پووچەڵ دەکاتەوە؟ 4 نەخێر! بەڵکو با خودا ڕاستگۆ بێت و هەموو مرۆڤ درۆزن. وەک نووسراوە:
[تاکو لە قسەکانت ڕاست بیت و
سەرکەوتوو بیت لە حوکمەکانت.][a]
5 بەڵام ئەگەر ناڕەواییمان ڕەوایی خودا دەردەخات، چی بڵێین؟ ئایا خودا ناڕەوایە کە تووڕەیی دەهێنێت؟ (وەک مرۆڤ قسە دەکەم.) 6 نەخێر! ئەگینا چۆن خودا جیهان حوکم دەدات؟ 7 لەوانەیە یەکێک بڵێ: «ئەگەر درۆی من ڕاستی خودا بۆ شکۆی ئەو زیاتر بکات، بۆچی من هێشتا وەک گوناهبارێک تاوانبار دەکرێم؟» 8 وەک هەندێک بوختان بە دەممانەوە هەڵدەبەستن، دەڵێن: «با خراپە بکەین تاکو چاکەی بەدواوە بێت.» ئەوانە تاوانبارکردنیان دادپەروەرانەیە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.