Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
تاقیکردنەوەی ئیبراهیم
22 لەدوای ماوەیەک خودا ئیبراهیمی تاقیکردەوە. پێی فەرموو: «ئیبراهیم!»
ئەویش گوتی: «ئەوەتام.»
2 ئینجا خودا فەرمووی: «کوڕەکەت، تاقانەکەت، ئەوەی کە خۆشت دەوێت، ئیسحاق، بیبە و بڕۆ خاکی مۆریا. لەوێ بیکە قوربانی سووتاندن، لەسەر یەکێک لە کێوەکان کە خۆم پێت دەڵێم.»
3 بۆ بەیانی ئیبراهیم زوو لە خەو هەستا و گوێدرێژەکەی کورتان کرد. لەگەڵ خۆیدا دووان لە خزمەتکارەکانی و ئیسحاقی کوڕی برد، داریشی بڕی بۆ قوربانی سووتاندن. ئینجا هەستا و بەرەو ئەو شوێنە چوو کە خودا پێی فەرمووبوو. 4 لە ڕۆژی سێیەم ئیبراهیم چاوی هەڵبڕی و لە دوورەوە شوێنەکەی بەدی کرد. 5 ئیتر ئیبراهیم بە دوو خزمەتکارەکەی گوت: «ئێوە لێرە لەگەڵ گوێدرێژەکە دانیشن، من و کوڕەکەش هەتا ئەوێ دەچین، کڕنۆش دەبەین و دەگەڕێینەوە لاتان.»
6 ئیبراهیم داری قوربانی سووتاندنەکەی هەڵگرت و خستییە سەر پشتی ئیسحاقی کوڕی، خۆشی ئاگر و چەقۆکەی هەڵگرت، هەردووکیان پێکەوە ڕۆیشتن. 7 ئیسحاق بە ئیبراهیمی باوکی گوت: «باوکە!»
ئەویش وەڵامی دایەوە: «ها کوڕم؟»
ئیسحاق گوتی: «ئەوەتا ئاگرەکە و داری سووتاندنەکە، ئەی کوا بەرخەکە کە بۆ قوربانی سووتاندنەکەیە؟»
8 ئیبراهیم وەڵامی دایەوە: «خودا بۆ خۆی بەرخێک بۆ قوربانی سووتاندنەکە دابین دەکات، کوڕم.» ئیتر هەردووکیان پێکەوە ڕۆیشتن.
9 کاتێک گەیشتنە ئەو شوێنەی خودا پێی فەرمووبوو، ئیبراهیم قوربانگایەکی دروستکرد و دارەکانی لەسەر ڕێکخست، ئیسحاقی کوڕی بەستەوە و خستییە سەر قوربانگاکە لەسەر دارەکان. 10 ئیتر ئیبراهیم دەستی درێژکرد و چەقۆکەی هەڵگرت هەتا کوڕەکەی خۆی سەرببڕێت. 11 بەڵام فریشتەی یەزدان لە ئاسمانەوە بانگی کرد و گوتی: «ئیبراهیم! ئیبراهیم!»
ئەویش وەڵامی دایەوە: «ئەوەتام.»
12 پێی گوت: «دەست بۆ کوڕەکە مەبە و هیچی لێ مەکە. ئێستا زانیم تۆ لە خودا دەترسیت، چونکە لە پێناوی من دەستت بە کوڕە تاقانەکەتەوە نەگرت.»
13 ئیبراهیم چاوی هەڵبڕی و بینی وا بەرانێک لەدوایەوە لەناو دەوەنەکە بە هەردوو قۆچی گیربووە. ئیبراهیم چوو و بەرانەکەی گرت و سەری خست، وەک قوربانی سووتاندن لە جیاتی کوڕەکەی. 14 ئیتر ئیبراهیم ئەو شوێنەی ناونا، «یەزدان دابینی دەکات». هەتا ئەمڕۆش دەگوترێت، «لەسەر کێوی یەزدان، دابین دەکرێت.»
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،
زەبوورێکی داود.
13 ئەی یەزدان، هەتا کەی؟ بە تەواوی لەبیرم دەکەیت؟
هەتا کەی ڕووی خۆتم لێ وەردەگێڕیت؟
2 هەتا کەی ڕۆژانە دەروونم ڕاڕا بێت و
خەفەت لەناو دڵم کۆبکەمەوە؟
هەتا کەی دوژمنم بەسەرمدا زاڵ بێت؟
3 ئەی یەزدان، خودای من، سەیرم بکە و بە دەنگمەوە وەرە،
چاوم ڕۆشن بکەرەوە، نەوەک خەوی مەرگم لێبکەوێت،
4 نەوەک دوژمن بڵێت: «بەسەریدا زاڵ بووم،»
نەوەک ناحەزەکانم بە کەوتنی من شادمان بن.
5 بەڵام من پشتم بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بەستووە،
دڵم بە ڕزگاریی تۆوە خۆشە.
6 سروود بۆ یەزدان دەڵێم،
چونکە چاکەی لەگەڵ کردووم.
12 کەواتە مەهێڵن گوناه حوکمڕانی لەشی لەناوچووتان بکات، تاکو گوێڕایەڵی ئارەزووەکانی بن. 13 ئەندامانتان وەک ئامێری ناڕەوایی بۆ گوناه پێشکەش مەکەن، بەڵکو خۆتان پێشکەشی خودا بکەن، وەک زیندووی نێو مردووان و ئەندامانتان وەک ئامێری ڕاستودروستی بۆ خودا. 14 چیتر گوناه دەسەڵاتی بەسەرتاندا نابێت، چونکە لەژێر سایەی تەوراتدا نین، بەڵکو لەژێر سایەی نیعمەتدان.
کۆیلەکانی چاکە
15 کەواتە چی؟ ئایا گوناه بکەین چونکە لەژێر سایەی تەوراتدا نین بەڵکو لەژێر سایەی نیعمەتداین؟ نەخێر! 16 ئایا نازانن کاتێک خۆتان وەک کۆیلە ملکەچی کەسێک دەکەن، دەبنە کۆیلەی ئەوەی ملکەچن بۆی، جا بۆ گوناه کە بەرەو مردنە یان بۆ گوێڕایەڵی کە بەرەو ڕاستودروستییە؟ 17 بەڵام سوپاس بۆ خودا لەگەڵ ئەوەی کۆیلەی گوناه بوون، لە دڵەوە ملکەچی ئەو شێوە فێرکردنە بوون کە پێتان سپێردرا. 18 ئێوە لە گوناه ئازاد کران و بوونە بەندەی ڕاستودروستی.
19 لەبەر لاوازی جەستەتان وەک مرۆڤێکی سادە دەدوێم. ئیتر چۆن لەپێشدا ئەندامانی لەشتان وەک کۆیلەی گڵاوی و خراپە بۆ خراپە پێشکەش کرد، ئێستاش ئەندامانتان وەک بەندەی ڕاستودروستی بۆ پیرۆزی پێشکەش بکەن، 20 چونکە کاتێک کۆیلەی گوناه بوون، سەبارەت بە ڕاستودروستی ئازاد بوون. 21 ئەو کاتە چ بەرهەمێکتان هەبوو لەو شتانەی ئێستا لە بەرامبەریان هەست بە تەریق بوونەوە دەکەن؟ چونکە دەرئەنجامی ئەو شتانە مردنە. 22 بەڵام ئێستا کە لە گوناه ئازاد کراون و بوونە بەندەی خودا، بەرهەمتان بۆ پیرۆزی هەیە و دەرئەنجامەکەی ژیانی هەتاهەتاییە، 23 چونکە کرێی گوناه مردنە، بەڵام دیاری خودا ژیانی هەتاهەتاییە کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحی گەورەمانەوەیە.
40 «ئەوەی پێشوازیتان لێ بکات، پێشوازی لە من دەکات، ئەوەش پێشوازیم بکات، پێشوازی لەوە دەکات کە منی ناردووە. 41 ئەوەی پێشوازی لە پێغەمبەرێک بکات بە ناوی پێغەمبەر، ئەوا پاداشتی پێغەمبەرێک وەردەگرێت. ئەوەش پێشوازی لە پیاوچاکێک بکات بە ناوی پیاوچاک، ئەوا پاداشتی پیاوچاکێک وەردەگرێت. 42 ئەوەی تەنها جامە ئاوێکی سارد بداتە یەکێک لەم بچووکانە، لەبەر ئەوەی قوتابی منن، ڕاستیتان پێ دەڵێم: پاداشتی ون نابێت.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.