Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 77:1-2

بۆ گەورەی گۆرانیبێژان. ئاوازی یەدوتون، زەبوورێکی ئاساف.

77 دەنگم بۆ خودا بەرز دەکەمەوە، هاوار دەکەم،
    دەنگم بۆ خودا بەرز دەکەمەوە، گوێم لێ بگرە.
لە ڕۆژی تەنگانەم بەدوای پەروەردگاردا دەگەڕێم،
    بە درێژایی شەو دەست پان دەکەمەوە، بێ ئەوەی سڕبێت.
    گیانم نەوازش ڕەت دەکاتەوە.

زەبوورەکان 77:11-20

11 کردارەکانی یەزدان دێنمەوە یادم،
    بێگومان پەرجووەکانی تۆم لەبیرە کە لە کۆنەوەیە.
12 لە هەموو کارەکانت ورد دەبمەوە و
    بیر لە کردەوە مەزنەکانت دەکەمەوە.

13 ئەی خودایە، ڕێگات پیرۆزە.
    چ خودایەک وەک خودا مەزنە؟
14 تۆ ئەو خودایەی کە پەرجووت کردووە و
    هێزی خۆتت لەنێو خەڵک دەرخستووە.
15 بە بازووی خۆت گەلی خۆتت کڕییەوە،
    نەوەی یاقوب و یوسف.

16 ئەی خودایە، کە ئاوەکان تۆیان بینی،
    کە ئاوەکان تۆیان بینی ترسان،
    بگرە قووڵاییەکان هەژان.
17 هەورەکان ئاویان ڕشت،
    هەورەتریشقەکان دەنگیان دایەوە،
    هەروەها تیرەکانت بریسکانەوە.
18 گرمەی هەورەتریشقەی تۆ لە گەردەلوول،
    بروسکەکان دنیاییان ڕووناک کردەوە،
    زەوی لەرزی و هەژا.
19 ڕێگات بە ناو دەریادایە،
    ڕێچکەکانت بە ناو ئاوە زۆرەکانە،
    شوێن پێیەکانت نەزانران.

20 لەسەر دەستی موسا و هارون،
    وەک مێگەلە مەڕ ڕێنمایی گەلی خۆتت کرد.

یەکەم پاشایان 22:29-40

کوژرانی ئەحاڤ لە ڕامۆتی گلعاد

29 ئیتر پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافاتی پاشای یەهودا سەرکەوتن بۆ ڕامۆتی گلعاد. 30 پاشای ئیسرائیل بە یەهۆشافاتی گوت: «من خۆم دەگۆڕم و دەچمە ناو جەنگەکە، بەڵام تۆ جلوبەرگە شاهانەکەی خۆت لەبەر بکە.» ئینجا پاشای ئیسرائیل خۆی گۆڕی و چووە ناو جەنگەکە.

31 پاشای ئارام فەرمانی بە سی و دوو فەرماندەی گالیسکەکانی دا و گوتی: «شەڕ لەگەڵ هیچ گەورە و بچووکێک مەکەن، جگە لە پاشای ئیسرائیل.» 32 کاتێک کە سەرکردەکانی گالیسکەکان یەهۆشافاتیان بینی، گوتیان: «بە دڵنیاییەوە ئەوە پاشای ئیسرائیلە.» لەبەر ئەوە گەڕانەوە تاکو شەڕی لەگەڵ بکەن، بەڵام کاتێک یەهۆشافات هاواری کرد، 33 سەرکردەکانی گالیسکەکان بینییان ئەوە پاشای ئیسرائیل نەبوو، وازیان لە ڕاونانی هێنا.

34 پیاوێکیش بە هەڕەمەکی تیروکەوانەکەی ڕاکێشا و لە درزی نێو بەشەکانی سپەرەکەیەوە پاشای ئیسرائیلی بریندار کرد، ئەویش بە گالیسکەوانەکەی گوت: «دەستت بکێشەوە لەناو سوپاکە بمبە دەرەوە، چونکە بریندار بووم.» 35 لەو ڕۆژەدا شەڕەکە زۆر سەخت بوو، پاشا لەناو گالیسکەکەی بەرامبەر بە ئارام ڕاگیرا، ئێوارە مرد و خوێنی برینەکەی بۆ ناو بنی گالیسکەکە چۆڕایەوە. 36 کاتێک خۆر لە ئاوابوون بوو، هاوارێک بەناو سوپاکەدا بڵاو بووەوە و گوتی: «هەر پیاوە و بۆ خاکەکەی و شارۆچکەکەی خۆی بگەڕێتەوە!»

37 بەم شێوەیە پاشا مرد، هێنایانەوە سامیرە و لەوێ ناشتیان. 38 گالیسکەکە لە گۆمەکەی سامیرە شوشترا، لەو شوێنەی لەشفرۆشان خۆیان لێ دەشوشت، سەگ خوێنەکەیان لێستەوە، هەروەک یەزدان فەرمووبووی.

39 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەحاڤ و هەموو ئەوەی کردی و کۆشکە عاجەکەی کە بنیادی نا و هەموو ئەو شارانەی پتەوی کردن لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.

40 ئەحاڤ لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، ئیتر ئەحەزیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

یەکەم پاشایان 22:51-53

پاشایەتی ئەحەزیا لە ئیسرائیل

51 لە حەڤدەیەمین ساڵی پاشایەتی یەهۆشافاتی پاشای یەهودا، ئەحەزیای کوڕی ئەحاڤ لە سامیرە بوو بە پاشای ئیسرائیل، دوو ساڵ پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. 52 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، ڕێچکەی دایک و باوکی گرتەبەر، هەروەها ڕێگاکەی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات. 53 بەعلی پەرست و کڕنۆشی بۆ برد، یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلی پەست کرد، هەروەک ئەوەی باوکی کردبووی.

دووەم کۆرنسۆس 13:5-10

خۆتان تاقی بکەنەوە ئاخۆ ئێوە باوەڕدارن. لە خۆتان بکۆڵنەوە. ئایا نازانن کە عیسای مەسیح لە ئێوەدایە؟ مەگەر لە تاقیکردنەوە سەرکەوتوو نەبوون. بەڵام هیوادارم بزانن کە ئێمە نەکەوتووین. ئینجا لە خودا دەپاڕێینەوە کە ئێوە هیچ خراپەیەک نەکەن، ئەمەش لەبەر ئەوە نییە بۆ ئەوەی دەربکەوێت کە ئێمە بەرگەی تاقیکردنەوەمان گرتووە، بەڵکو تەنها بۆ ئەوەیە کە ئێوە چی چاک و ڕاستە بیکەن، هەرچەندە خەڵکی بە سەرنەکەوتوومان دابنێن، چونکە ناتوانین هیچ شتێک لە دژی ڕاستی بکەین، بەڵکو لە پێناوی ڕاستی. شادین کە لاوازین و ئێوە بەهێزن، نوێژی ئێمەش بۆ تەواوی ئێوەیە. 10 بۆیە ئەمانە دەنووسم و دوورم، تاوەکو کاتێک لەلاتان ئامادە دەبم بە ڕەقی نەجوڵێمەوە، بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی مەسیحی باڵادەست پێی بەخشیوم بۆ بنیادنانتان، نەک بۆ وێرانکردنتان.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.