Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانییەک، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.
48 یەزدان مەزنە و شایانی هەموو ستایشێکە،
لە شاری خودامان، لە کێوی پیرۆزی خۆی.
2 کێوی سییۆن جوانە لە بەرزاییدا،
خۆشی هەموو زەوییە،
وەک لووتکەی شاخی چافۆن[a]،
شاری پاشای گەورەیە[b].
3 خودا لەناو قەڵاکانی
وەک پەناگایەک ناسراوە.
4 ئەوەتا پاشاکان هێزیان کۆکردەوە،
ئەوەتا پێکەوە هاتنە پێشەوە،
5 کە بینییان تاسان،
بە ترسەوە هەڵاتن.
6 لەوێ لەرزیان لێهات،
ژانیان گرت، وەک ژن لە کاتی منداڵبوون.
7 وەک کەشتییەکانی تەرشیش[c] تێکت شکاندن،
بە بای ڕۆژهەڵات تەفروتونات کردن.
8 هەروەک بیستمان،
ئاواش بینیمان
لە شاری یەزدانی سوپاسالار،
لە شاری خودامان:
«خودا هەتاهەتایە دەیچەسپێنێت.»[d]
9 ئەی خودایە، لە ناوەندی پەرستگاکەت
بیر لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەکەینەوە.
10 ئەی خودایە، وەک ناوت
ستایشت دەگاتە ئەوپەڕی زەوی،
دەستە ڕاستت پڕە لە ڕاستودروستی.
11 کێوی سییۆن شادمان دەبێت،
کچانی[e] یەهودا دڵخۆش دەبن
بەهۆی دادوەرییەکانت.
12 بە دەوری سییۆندا بگەڕێن، بە دەوریدا بسووڕێنەوە،
قوللەکانی بژمێرن،
13 لە شووراکانی وردبنەوە،
بڕواننە قەڵاکانی،
هەتا بۆ نەوەی داهاتووی باس بکەن.
14 هەتاهەتایە ئەم خودایە خودامانە،
تاکو مردنیش ئەو ڕابەرمانە.
وەڵامی یەزدان
18 ئینجا یەزدان خۆشەویستی بۆ خاکەکەی دەردەبڕێت و
بەزەیی بە گەلەکەیدا دێتەوە.
19 یەزدان وەڵام دەداتەوە و بە گەلەکەی دەفەرموێت:
«دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتتان بۆ دەنێرم،
هەتا ئەوەی لێی تێردەبن،
ئیتر ناتانکەمە جێگای تانە و تەشەری نەتەوەکان.
20 «ئەو سوپایەش کە لە باکوورەوە هاتووە لێتان دوور دەخەمەوە،
دەریدەکەم بۆ زەوییەکی وشک و وێران،
ڕووی لە دەریای ڕۆژهەڵاتە[a] و
پشتیشی لە دەریای ڕۆژئاوایە[b]،
بۆگەنییەکەی سەرکەوت و
بۆنە پیسەکەی بڵاو دەبێتەوە.»
بێگومان کاری مەزنی ئەنجام داوە.
21 ئەی زەوی مەترسە!
شاد و دڵخۆش بە،
چونکە یەزدان کاری مەزنی ئەنجام داوە.
22 ئەی ئاژەڵە کێوییەکان مەترسن،
چونکە لەوەڕگاکانی دەشتودەر سەوز دەبن،
درەختەکان بەر دەگرن،
دار هەنجیر و دار مێو بەرێکی زۆر دەردەخەن.
23 ئەی نەوەی سییۆن،
شاد و دڵخۆش بن بە یەزدانی پەروەردگارتان،
چونکە بۆ دەرکەوتنی ڕاستودروستی پاییزە بارانی پێدان.
پاییزە باران و بەهارە باران
هەروەک پێشتر بەسەرتاندا دەبارێنێت.
24 ئیتر جۆخینەکان[c] پڕ دەبن لە دانەوێڵە و
قەڕابەکان سەرڕێژ دەبن لە شەراب و زەیت.
25 «قەرەبووی ئەو ساڵانەتان دەکەمەوە کە کوللەی گەورە خواردیان،
پێکوڕە و وردە کوللە و
کوللەی قرتێنەر،
لەشکرە گەورەکەم کە ناردمە سەرتان.
26 ئینجا زۆر دەخۆن و تێر دەبن،
ستایشی ناوی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان دەکەن،
ئەوەی کاری سەرسوڕهێنەری لەگەڵدا کردن،
بۆ هەتاهەتایە گەلەکەم سەرشۆڕ نابێت.
27 ئیتر دەزانن کە من لەناوەڕاستی ئیسرائیلم،
کە من یەزدانی پەروەردگارتانم و
بێجگە لە من یەکێکی دیکە نییە.
بۆ هەتاهەتایە گەلەکەم سەرشۆڕ نابێت.
ڕۆژی یەزدان
28 «پاش ئەمانە،
ڕۆحم بەسەر هەموو خەڵکدا دەڕێژم.
کوڕان و کچانتان پەیامی خودا ڕادەگەیەنن،
پیرانتان خەون دەبینن،
گەنجانتان بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت.
29 تەنانەت بەسەر بەندە و کەنیزەکانیشم،
لەو ڕۆژانەدا ڕۆحی خۆم دەبارێنم.
مژدەی مەسیحی لەخاچدراو
2 ئەی خوشک و برایان، منیش کاتێک هاتمە لاتان، بە قسەی گەورە یان دانایی نەهاتم شایەتی[a] خودا ڕابگەیەنم، 2 چونکە بڕیارم دا لەنێوتاندا هەموو شتێک لەبیر بکەم، بێجگە لە عیسای مەسیح، ئەویش بە لە خاچ دراوی. 3 منیش بە لاوازی و ترس و لەرزێکی زۆرەوە لەلاتان بووم. 4 کاتێک مزگێنی و وتارم پێدەدان، قسەی داناییانە و قایلکردنم بەکارنەدەهێنا، بەڵکو پشتم بە بەڵگەی هێزی ڕۆحی پیرۆز دەبەست، 5 تاکو باوەڕتان بە دانایی مرۆڤ نەبێت، بەڵکو باوەڕتان بە هێزی خودا هەبێت.
دانایی خودا
6 ئێمە لەنێو پێگەیشتوواندا بە دانایی دەدوێین، بەڵام داناییەک نە لەم دنیایەوەیە و نە لە دەسەڵاتدارانی ئەم دنیایەوەیە، کە لەناودەچن. 7 بەڵکو باسی دانایی خودا دەکەین کە نهێنییە، شاراوە بوو، ئەوەی خودا لە ئەزەلەوە بۆ شکۆی ئێمەی داناوە. 8 هیچ کام لە دەسەڵاتدارانی ئەم دنیایە تێنەگەیشتن، چونکە ئەگەر تێبگەیشتنایە، مەسیحی خاوەن شکۆیان لە خاچ نەدەدا. 9 بەڵکو وەک نووسراوە:
[ئەوەی هیچ چاوێک نەیبینیوە،
هیچ گوێیەک نەیبیستووە و
بە بیری مرۆڤدا نەهاتووە،
ئەوەی خودا ئامادەی کردووە بۆ ئەوانەی خۆشیان دەوێت.][b]
10 بەڵام خودا بەهۆی ڕۆحی خۆی بۆی ئاشکرا کردین.
ڕۆحی پیرۆز لە هەموو شتێک دەکۆڵێتەوە، تەنانەت لە قووڵایی ناخی خوداش دەکۆڵێتەوە. 11 چ مرۆڤێک دەزانێت مرۆڤ چی تێدایە، جگە لە ڕۆحی مرۆڤ کە لەناویدایە؟ بەم شێوەیە کەس نازانێت خودا چی تێدایە ڕۆحی خودا نەبێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.