Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 124

گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.

124 «ئەگەر یەزدان لایەنگرمان نەدەبوو،»
    با ئێستا ئیسرائیل بڵێت،
«ئەگەر یەزدان لایەنگرمان نەدەبوو،
    کاتێک خەڵک لێمان هەستان،
ئەوا بە زیندوویی قووتیان دەداین،
    کاتێک قینیان لە دژمان جۆشا،
ئەوا لافاو ڕایدەماڵین،
    لێشاو بەسەر گیانماندا تێدەپەڕی،
ئەوا ئاوی هەڵچوو
    بەسەر گیانماندا تێدەپەڕی.»

ستایش بۆ یەزدان،
    کە ئێمەی نەکردە نێچیری بەر کەڵبەیان.
گیانمان وەک چۆلەکە لە داوی ڕاوچی دەربازبوو،
    داوەکە پسا و ئێمە دەربازبووین.
هانامان بە ناوی یەزدانەوەیە،
    دروستکەری ئاسمان و زەوی.

دانیال 1

مەشقپێکردنی دانیال لە بابل

لە ساڵی سێیەمی پاشایەتی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا، نەبوخودنەسری پاشای بابل هاتە ئۆرشەلیم و گەمارۆی دا. پەروەردگاریش یەهۆیاقیمی پاشای یەهودای دایە دەستی، لەگەڵ هەندێک لە قاپوقاچاغەکانی پەرستگای خودا. ئیتر یەهۆیاقیم و پیاوە گەورەکانی بۆ خاکی بابل ڕاپێچ کران، نەبوخودنەسریش قاپوقاچاغەکانی لە گەنجینەی پەرستگای خوداوەندی خۆی دانا.

پاشا فەرمانی بە ئەشپەنەزی سەرۆکی دیوان کرد کە لە نەوەی ئیسرائیل لە توخمی پاشا و پیاوماقوڵەکان چەند گەنجێک بهێنێت کە تەندروستییان باش بێت، ڕوخساریان جوان بێت، لە هەموو بوارەکانی زانیاری کارامە بن، ئامادەییان تێدابێت بۆ فێربوونی هەموو شتێک، زوو تێبگەن، شایانی ئیشکردن بن لە کۆشکی پاشا، بۆ ئەوەی فێری زمان و ڕۆشنبیری بابلییەکان بکرێن. پاشا لە خوانی خۆیەوە بەشی ڕۆژانەی خواردن و شەرابی بۆ دابین کردن، فەرمانی کرد بۆ ماوەی سێ ساڵ مەشقیان پێ بکرێت، دوای ئەوە خزمەتی پاشا دەکەن.

لەنێو ئەوانەدا هەندێکیان لە نەوەی یەهودا بوون: دانیال و حەنەنیا و میشائیل و عەزەریا. سەرۆکی کاربەدەستانیش ناوی نوێی لێنان، بۆ دانیال، بێلتەشەسر؛ بۆ حەنەنیا، شەدرەخ؛ بۆ میشائیل، مێشەخ؛ بۆ عەزەریاش، عەبێدنەگۆ.

بەڵام دانیال لە دڵی خۆیدا بڕیاری دابوو کە خۆی بە خواردن و شەرابی پاشایەتییەوە گڵاو نەکات، جا داوای لە سەرۆکی کاربەدەستان کرد کە دەرفەتی پێبدات بۆ ئەوەی خۆی گڵاو نەکات. خوداش وای لە سەرۆکی کاربەدەستان کرد کە چاکە و میهرەبانی بە دانیال ببەخشێت. 10 بەڵام سەرۆکی کاربەدەستان بە دانیالی گوت: «من لە پاشای گەورەم دەترسم، ئەوەی خواردن و خواردنەوەی ئێوەی دیاری کردووە. ئەگەر ببینێ ڕوخسارت لە ڕوخساری گەنجە هاوتەمەنەکانت لاوازترە، پاشا بەهۆی تۆوە سەرم دەبڕێت.»

11 دانیالیش بەو سەرپەرشتیارەی گوت کە سەرۆکی کاربەدەستان بەسەر دانیال و حەنەنیا و میشائیل و عەزەریاوە داینابوو: 12 «تکایە بۆ دە ڕۆژ خزمەتکارەکانت تاقی بکەوە: تەنها ڕووەکمان بدەرێ بیخۆین و ئاومان بدەرێ بیخۆینەوە. 13 پاشان ڕوخساری ئێمە لەگەڵ ڕوخساری ئەو گەنجانە بەراورد بکە کە خواردنی پاشایەتی دەخۆن، ئینجا بەگوێرەی ئەوەی دەیبینی ئاوامان لەگەڵ بکە.» 14 ئەویش بەمە ڕازی بوو و دە ڕۆژ تاقی کردنەوە.

15 لە کۆتایی دە ڕۆژەکەدا دەرکەوت ڕوخساریان باشتر و تەندروستترە لە هەموو ئەو گەنجانەی لە خواردنەکانی پاشایەتییان دەخوارد. 16 ئینجا سەرپەرشتیارەکەیان خواردنە تایبەت و شەرابەکەی هەڵدەگرت و لە جیاتی ئەوە ڕووەکی دەدانێ.

17 بەڵام ئەو چوار گەنجە، خودا زانین و تێگەیشتنی دانێ لە هەموو جۆرە ڕۆشنبیری و زانیارییەک، دانیالیش لە هەموو بینین و خەونێک تێدەگەیشت.

18 لە کۆتایی ئەو ماوەیەی کە پاشا دیاری کردبوو بیانهێننە بەردەمی، سەرۆکی کاربەدەستان ئەوانی هێنایە بەردەم نەبوخودنەسر. 19 پاشا قسەی لەگەڵدا کردن، لەنێو هەموویاندا کەس نەبوو وەک دانیال و حەنەنیا و میشائیل و عەزەریا. لەبەر ئەوە چوونە ڕیزی خزمەتکارانی پاشا. 20 پاشا لە هەموو بابەتێکی دانایی و تێگەیشتن پرسیاری لێکردن، بینی ئەوان دە هێندە لە سەرووی هەموو جادووگەر و ئەفسونگەرانی هەموو پاشایەتییەکەی ئەون.

21 دانیالیش هەتا ساڵی یەکەمی کۆرشی پاشا لەوێ مایەوە.

لۆقا 1:46-55

ستایشی مریەم

46 مریەمیش گوتی:

«گیانم ستایشی یەزدان دەکات،
47     ڕۆحم بە خودای ڕزگارکەرم دڵشادە،
48 چونکە سەیری بێفیزی کارەکەرەکەی کرد.
ئەوەتا لە ئێستاوە هەموو نەوەکان خۆزگە بە من دەخوازن،
49     چونکە توانادار کاری گەورەی بۆ من ئەنجام دا،
    پیرۆزە ناوی ئەو.
50 بەزەییەکەی بۆ ئەوانەیە کە لێی دەترسن،
    نەوە دوای نەوە.
51 بە بازووی کاری بەهێزی ئەنجام دا،
    ئەوانەی بە بۆچوونەکانی دڵیان لووتبەرز بوون، پەرتوبڵاوی کردنەوە.
52 تەختی توانادارەکانی سەرەوژێر کردووە و
    بێفیزەکانی بڵند کردەوە.
53 برسییەکانی لە خێروبێر تێر کرد،
    دەوڵەمەندانی بە دەستی بەتاڵ ڕەوانە کردەوە.
54 بە یارمەتیدانی گەلی ئیسرائیلی بەندەی خۆی
    هەتاهەتایە بەزەییەکەی بەبیر هێنایەوە
55 لەگەڵ ئیبراهیم و نەوەکەی،
    هەروەک بەڵێنی بە باوباپیرانمان دا.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.