Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی گتیت[a].
زەبوورێکی داود.
8 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،
ناوت لە سەراپای زەویدا چەند شکۆدارە!
تۆ شکۆمەندی خۆتت خستووەتە سەرووی ئاسمان.
2 بە ستایشی منداڵان و شیرەخۆران
هێزت بۆ خۆت دامەزراندووە لە دژی ناحەزەکانت،
هەتا دوژمنە تۆڵەسێنەرەکانی پێ دەمکوت بکەیتەوە.
3 کاتێک تەماشای ئاسمانت دەکەم،
کە پەنجەکانی تۆ دروستی کردووە،
مانگ و ئەستێرەکان، کە تۆ لەوێ داتناون،
4 مرۆڤ چییە تاکو بیری لێ بکەیتەوە؟
کوڕی مرۆڤ چییە تاکو بایەخی پێبدەیت؟
5 کەمێک لە فریشتەکانت[b] بە کەمتر دانا و
تاجی شکۆ و ڕێزت خستە سەری.
6 دەسەڵاتت داوەتێ بەسەر هەموو دەستکردی خۆتدا،
تۆ هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو:
7 هەموو مەڕ و مانگاکان،
هەروەها ئاژەڵی کێوی،
8 باڵندەی ئاسمان و ماسی دەریا و
هەرچی لەناو دەریادا دەژی.
9 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،
ناوت لە سەراپای زەویدا چەند شکۆدارە!
دەستپێکی دانایی
4 ئەی کوڕینە، گوێ لە تەمبێکردنی باوک بگرن،
سەرنج بدەن بۆ زانینی تێگەیشتن.
2 چونکە فێربوونی چاکتان پێدەدەم،
فێرکردنی من پشتگوێ مەخەن.
3 کاتێک کوڕی باوکم بووم،
ناسک و تاقانە لەلای دایکم،
4 نیشانی دەدام و پێی دەگوتم:
«با دڵت لەسەر قسەی من بێت،
ئەگەر فەرمانەکانم بپارێزیت، دەژیت.
5 دانایی بەدەستبهێنە، تێگەیشتن بەدەستبهێنە،
لەبیر مەکە و لە قسەکانی دەمم لامەدە.
6 وازی لێ مەهێنە، دەتپارێزێت،
خۆشتبوێت، چاودێریت دەکات.
7 دەستپێکی دانایی: دانایی بەدەستبهێنە،
بە هەموو دەستکەوتەکانت، تێگەیشتن بەدەستبهێنە.
8 ڕێزی بگرە، بەرزت دەکاتەوە،
لە ئامێزی بگرە، شکۆدارت دەکات.
9 تاجەگوڵینەی نیعمەت دەخاتە سەرت،
تاجی شکۆمەندیت پێ دەبەخشێت.»
عیسا لە پەرستگادا
41 دایک و باوکی هەموو ساڵێک لە جەژنی پەسخە دەچوونە ئۆرشەلیم. 42 کاتێک بووە دوازدە ساڵ، وەک نەریتی جەژن بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوتن. 43 دوای تەواوبوونی ڕۆژەکان لە گەڕانەوەیاندا عیسای مێردمنداڵ لە ئۆرشەلیم مایەوە، دایک و باوکیشی نەیانزانی. 44 وایان دەزانی لەناو کاروانەکەیە، ڕۆژە ڕێیەک ڕۆیشتن، دوای ئەوە لەناو خزم و ناسیاوەکان بەدوایدا گەڕان. 45 کاتێک نەیاندۆزییەوە گەڕانەوە بۆ ئۆرشەلیم هەتا بەدوایدا بگەڕێن. 46 دوای سێ ڕۆژ لە حەوشەکانی پەرستگادا دۆزیانەوە، بینییان لەناو مامۆستایان دانیشتووە، گوێیان لێ دەگرێت و پرسیاریان لێدەکات. 47 هەموو ئەوانەی گوێیان لێی ڕاگرتبوو، لە تێگەیشتن و وەڵامەکانی سەرسام بوون. 48 کاتێک بینییان واقیان وڕما، ئینجا دایکی پێی گوت: «کوڕم، بۆ وات لێکردین؟ من و باوکت نیگەرانت بووین و بەدواتدا دەگەڕاین.»
49 وەڵامی دانەوە: «بۆچی بەدوامدا دەگەڕان؟ نەتاندەزانی پێویستە لە ماڵی باوکمدا بم؟» 50 بەڵام لەو قسەیە تێنەگەیشتن کە پێی فەرموون.
51 ئینجا لەگەڵیان گەڕایەوە و هاتەوە ناسیرە و گوێڕایەڵیان بوو، مریەمی دایکیشی ئەمانەی هەموو دەخستە دڵییەوە. 52 عیساش لە دانایی و باڵا گەشەی دەکرد، جێی ڕەزامەندی خودا و خەڵکی بوو.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.