Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 59

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مەفەوتێنە.» پاڕانەوەیەکی داودە، کاتێک شاول پیاوی نارد بۆ ئەوەی چاودێری ماڵی داود بکەن و بیکوژن.

59 ئەی خودای من، فریام بکەوە لە دەست دوژمنەکانم،
    بمپارێزە لە بەرهەڵستکارانم.
فریام بکەوە لە دەست خراپەکاران،
    ڕزگارم بکە لە دەست خوێنڕێژان.

ببینە چۆن خۆیان بۆم مات داوە!
    ئەی یەزدان، زۆرداران گەمارۆیان داوم،
    بەبێ ئەوەی تاوان و گوناهم کردبێ.
هەرچەندە هەڵەم نەکردووە، ئامادەن بۆ پەلاماردانم.
    ڕاپەڕە بۆ فریاکەوتنم، بڕوانە گرفتەکەم!
تۆ ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، خودای ئیسرائیل،
    هەستە بۆ سزادانی هەموو نەتەوەکان،
    لەگەڵ خیانەتکارە بەدکارەکان میهرەبان مەبە.[a]

دەمەو ئێوران دەگەڕێنەوە،
    وەک سەگ دەمڕێنن و
    بەناو شاردا دەسووڕێنەوە.
ئەوەتا تاڵاو لە دەمیانە و
    شمشێر لە لێویانە،
    دەڵێن: «کێ گوێی لێمان دەبێت؟»
بەڵام تۆ ئەی یەزدان، پێیان پێدەکەنیت،
    گاڵتە بە هەموو نەتەوەکان دەکەیت.

ئەی هێزی من، چاوەڕێی تۆ دەکەم،
    ئەی خودایە، تۆ پەناگای منیت.

10 خودا بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی دێتە لام،
    سەرکەوتنم نیشان دەدات بەسەر دوژمنەکانم.
11 ئەی پەروەردگار، قەڵغانی ئێمە، مەیانکوژە،
    ئەگینا گەلی من لەبیریان دەچێت.
بە هێزی خۆت دەربەدەریان بکە و
    بەریان بدەوە.
12 لەبەر گوناهەکانی دەمیان،
    لەبەر وتەکانی لێویان،
    با گرفتاری لووتبەرزی خۆیان بن.
لەبەر ئەو درۆ و نەفرەتانەی کردوویانە،
13     لە تووڕەییدا بیانفەوتێنە،
    بیانفەوتێنە هەتا نەمێنن.
ئەوسا دەزانن کە خودا فەرمانڕەوایەتی یاقوب دەکات،
    هەتا ئەوپەڕی زەوی.

14 دەمەو ئێواران دەگەڕێنەوە،
    وەک سەگ دەمڕێنن و
    بەناو شاردا دەسووڕێنەوە.
15 بەدوای خواردندا وێڵ دەبن،
    دەوەڕن ئەگەر تێر نەبن.
16 بەڵام من سروود بەسەر هێزی تۆدا دەڵێم،
    بەیانییان گۆرانی بەسەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتدا دەڵێم،
چونکە تۆ قەڵای منیت،
    لە ڕۆژی تەنگانەدا پەناگای منیت.

17 ئەی هێزی من، گۆرانی ستایشت بۆ دەڵێم،
    ئەی خودایە، تۆ پەناگای منیت، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆتم بۆ دەردەخەی.

دووەم پاشایان 9:30-37

کوشتنی ئیزابێل

30 ئینجا یێهو هاتە یەزرەعیل، ئیزابێلیش ئەمەی بیستەوە و کلی لە چاوەکانی کرد، پرچی ڕێکخست و لە پەنجەرەکەوە تەماشای خوارەوەی کرد. 31 کە یێهو لە دەروازەکەوە هاتە ژوورەوە، لێی پرسی: «ئەی زیمری، بکوژی گەورەکەت، ئایا بۆ ئاشتی هاتوویت؟»

32 ئەویش چاوی بۆ لای پەنجەرەکە هەڵبڕی و گوتی: «کێ لەگەڵ منە، کێ؟» دوو سێ کاربەدەستیش تەماشای ئەویان کرد لە خوارەوە. 33 یێهو گوتی: «فڕێیبدەنە خوارەوە!» ئەوانیش فڕێیان دایە خوارەوە، ئەویش بە ئەسپەکانی پێشێلی کرد و هەندێک لە خوێنەکەی بە دیوارەکە و ئەسپەکانی پرژا.

34 پاشان یێهو هاتە ژوورەوە و خواردی و خواردیەوە، ئینجا گوتی: «ئاگاداری ئەو ژنە نەفرەت لێکراوە بن و بینێژن، چونکە کچی پاشایە.» 35 بەڵام کاتێک چوون بینێژن، جگە لە کەللەسەری و پێیەکانی و لەپی دەستی هیچی دیکەیان نەدۆزییەوە. 36 گەڕانەوە و بە یێهویان ڕاگەیاند. ئەویش گوتی: «ئەمە فەرمایشتی یەزدانە کە لە ڕێگەی ئەلیاسی تیشبی خزمەتکاریەوە فەرمووی، لە پارچە زەوییەکەی یەزرەعیل سەگ گۆشتی ئیزابێل دەخۆن.[a] 37 لاشەکەی ئیزابێلیش وەک زبڵ دەبێت لەسەر کێڵگەی زەوییەکەی یەزرەعیل، هەتا نەڵێن ”ئەمە ئیزابێلە.“»

لۆقا 9:37-43

دەرکردنی شەیتان

37 بۆ بەیانی، کە لە کێوەکە هاتنە خوارەوە، خەڵکێکی زۆر بەرەوپیریان هاتن. 38 لەنێو خەڵکەکەدا پیاوێک هاواری کرد: «مامۆستا، لێت دەپاڕێمەوە تەماشای کوڕەکەم بکە، چونکە تاقە کوڕمە. 39 ڕۆحی پیس دەستی لێ دەوەشێنێت، کوڕەکەشم لەناکاو هاوار دەکات و فێی لێ دێت و دەمی کەف دەکات، بە زەحمەت وازی لێ دەهێنێت و شلوکوتی دەکات. 40 لە قوتابییەکانت پاڕامەوە تاکو دەریبکەن، بەڵام نەیانتوانی.»

41 عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ و خوار، هەتا کەی لەگەڵتان بم و بەرگەتان بگرم؟ کوڕەکەت بهێنە ئێرە.»

42 کاتێک کوڕەکە دەهات، ڕۆحە پیسەکە ڕایتەکاند و فێی لێ هێنا، عیساش لە ڕۆحە پیسەکەی ڕاخوڕی و کوڕەکەی چاککردەوە، دایەوە دەست باوکی. 43 هەموو لە گەورەیی خودا سەرسام بوون.

کاتێک هەموو سەرسام مابوون لە هەموو ئەوەی عیسا کردی، بە قوتابییەکانی فەرموو:

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.