Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بانگەوازی دانایی
8 ئایا دانایی بانگەواز ناکات؟
ئەی تێگەیشتن دەنگی خۆی هەڵنابڕێت؟
2 لەسەر لووتکەی بەرزاییەکان،
لەسەر ڕێگاکان، لە چواڕیانەکان ڕادەوەستێت.
3 لەلای دەروازەی شارەکان،
لەبەردەم دەرگاکان، هاوار دەکات:
4 «ئەی خەڵکینە، بۆ ئێوە بانگ دەکەم،
دەنگم بۆ ئادەمیزادە.
22 «یەزدان لە سەرەتای بەدیهێنانەکەی منی دروستکرد،
هەر لە کۆنەوە لەپێش کارەکانی.
23 لە ئەزەلەوە من دامەزراوم،
لە سەرەتاوە، لەپێش زەوی.
24 هێشتا زەریاکان نەببوون من بەدیهێنراوم،
هێشتا کانییە پڕ ئاوەکان نەبوون.
25 پێش ئەوەی چیاکان بچەسپێن،
پێش گردەکان، من بەدیهێنراوم،
26 هێشتا نە زەوی و نە پانتاییەکانی دروستکردبوو،
نە سەرەتای خۆڵی زەوی.
27 کاتێک کە ئاسمانی جێگیر کرد من لەوێ بووم،
کاتێک کە هێڵی ئاسۆی بەسەر قووڵاییدا کێشا،
28 کاتێک کە هەوری لە ئاسمان ڕاگرت و
سەرچاوەی قووڵاییەکانی چەسپاند،
29 کاتێک کە سنووری بۆ دەریا کێشا
بۆ ئەوەی ئاوەکان فەرمانی ئەو نەشکێنن،
کاتێک کە بناغەی زەوی داڕشت.
30 لەگەڵ ئەو وەستایەکی لێزان بووم،
ڕۆژبەڕۆژ شادمانی ئەو بووم،
هەمیشە لەبەردەمیدا دڵخۆش بووم،
31 لە زەوییە ئاوەدانەکەی دڵخۆش دەبووم،
لەگەڵ ئادەمیزاد شادمان بووم.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی گتیت[a].
زەبوورێکی داود.
8 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،
ناوت لە سەراپای زەویدا چەند شکۆدارە!
تۆ شکۆمەندی خۆتت خستووەتە سەرووی ئاسمان.
2 بە ستایشی منداڵان و شیرەخۆران
هێزت بۆ خۆت دامەزراندووە لە دژی ناحەزەکانت،
هەتا دوژمنە تۆڵەسێنەرەکانی پێ دەمکوت بکەیتەوە.
3 کاتێک تەماشای ئاسمانت دەکەم،
کە پەنجەکانی تۆ دروستی کردووە،
مانگ و ئەستێرەکان، کە تۆ لەوێ داتناون،
4 مرۆڤ چییە تاکو بیری لێ بکەیتەوە؟
کوڕی مرۆڤ چییە تاکو بایەخی پێبدەیت؟
5 کەمێک لە فریشتەکانت[b] بە کەمتر دانا و
تاجی شکۆ و ڕێزت خستە سەری.
6 دەسەڵاتت داوەتێ بەسەر هەموو دەستکردی خۆتدا،
تۆ هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو:
7 هەموو مەڕ و مانگاکان،
هەروەها ئاژەڵی کێوی،
8 باڵندەی ئاسمان و ماسی دەریا و
هەرچی لەناو دەریادا دەژی.
9 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،
ناوت لە سەراپای زەویدا چەند شکۆدارە!
ڕزگاربوون لە تووڕەیی خودا
5 کەواتە، لەبەر ئەوەی بە باوەڕ بێتاوان کراوین، لە ڕێگەی عیسای مەسیحی گەورەمانەوە لەگەڵ خودا ئاشتیمان هەیە، 2 لە ڕێگەی ئەویشەوە ڕێپێدراویێتیمان[a] وەرگرت بەهۆی باوەڕ بێینە ناو ئەم نیعمەتەی کە ئێستا تێیدا نیشتەجێین. شانازیش بە هیوای شکۆی خودا دەکەین. 3 تەنها ئەمە نا، بەڵکو لە تەنگانەشدا شانازی دەکەین، دەزانین تەنگانە دانبەخۆداگرتن دروستدەکات، 4 دانبەخۆداگرتنیش ئەزموون، ئەزموونیش هیوا، 5 هیواش نابێتە هۆی شەرمەزاری، چونکە خۆشەویستی خودا[b] ڕژاوەتە ناو دڵمان، بە ڕۆحی پیرۆز کە پێمان دراوە.
12 «هێشتا شتی زۆرم هەیە پێتانی بڵێم، بەڵام ئێستا ناتوانن بەرگەی بگرن. 13 بەڵام کاتێک ئەو دێت، کە ڕۆحی ڕاستییە، ئەو بۆ ڕاستی تەواو ڕێنماییتان دەکات، چونکە لە خۆیەوە هیچ ناڵێت، بەڵکو ئەوەی گوێی لێ دەبێت دەیڵێت و ڕایدەگەیەنێت چی ڕوودەدات. 14 ئەو شکۆدارم دەکات، چونکە ئەوەتان پێ ڕادەگەیەنێت[a] کە لە منەوە وەریدەگرێت. 15 هەموو ئەوەی کە هی باوکە، هی منیشە. لەبەر ئەوە گوتم، ڕۆحی پیرۆز لە هی من وەردەگرێت و پێتانی ڕادەگەیەنێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.