Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 42

کۆکراوەی بەشی دووەم

زەبوورەکانی 42‏–72

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح

42 چۆن ئاسک بە پەرۆشە بۆ ئاوی ڕووبار،
    ئەی خودایە، گیانی منیش بە پەرۆشە بۆ تۆ.
گیانم تینووی خودایە، خودای زیندوو.
    کەی دێم و بە دیداری خودا شاد دەبم[a]؟
بە شەو و ڕۆژ فرمێسکەکانم بوون بە خۆراکم،
    لە کاتێکدا بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟»
هەناوم دەتوێتەوە ئەو کاتەی دێتەوە یادم:
    چۆن لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا دەڕۆیشتین،
بەرەو ماڵی خودا پێشڕەویانم دەکرد،
    بە هەلهەلە و ستایشکردنەوە لەناو کۆمەڵی جەژنگێڕان.

ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟
    بۆ لە ناخمدا پەرێشانیت؟
ئومێدت بە خودا هەبێت،
    چونکە هەر ستایشی ئەو دەکەم،
    ئەو ڕزگارکەر و خودامە.

گیانم خەمبارە لە ناخم،
    بۆیە یادت دەکەمەوە
لە لای ڕووباری ئوردون،
    لە بەرزاییەکانی حەرمۆنەوە[b]، لە کێوی میچعارەوە.
قووڵایی بانگی قووڵایی دەکات،
    بە دەم خوڕەی تاڤگەکانتەوە،
    هەموو شەپۆلەکانت و تەوژمەکانت بەسەرمدا کەوتوون.

بە ڕۆژ یەزدان خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی ئاراستە دەکات،
    بە شەویش سروودی ئەو لەسەر لێومە،
    نوێژێکە بۆ خودای ژیانم.

خودا، کە تاشەبەردی منە، پێی دەڵێم:
    «بۆچی لە یادت کردووم؟
بۆچی دەبێت بناڵێنم،
    بچەوسێمەوە بە دەست دوژمنانم؟»
10 بە تێکشکانی ئێسقانەکانم
    ناحەزانم توانجم تێدەگرن،
    بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟»

11 ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟
    بۆ لە ناخمەوە پەرێشانیت؟
ئومێدت بە خودا هەبێت،
    چونکە من هەر ستایشی ئەو دەکەم،
    ئەو ڕزگارکەر و خودامە.

زەبوورەکان 43

43 ئەی خودایە، ئەستۆپاکیم بسەلمێنە،
    پارێزگاریم لێ بکە لە نەتەوەیەکی خوانەناس،
    لە پیاوی فێڵباز و لە زۆردار دەربازم بکە.
تۆ خودا و قەڵای منی.
    بۆ وازت لێ هێنام؟
بۆچی دەبێت بناڵێنم،
    بچەوسێمەوە بە دەست دوژمنانم؟
ڕووناکی و ڕاستی خۆت بنێرە،
    ئەوان ڕابەرایەتیم دەکەن،
ئەوان دەمهێننە کێوی پیرۆزت،
    بۆ نشینگەکەت.
ئەوسا دێم بۆ قوربانگای خودا،
    خودای خۆشی و دڵشادیم،
    خودایە، خودای من، بە قیسارەوە ستایشت دەکەم.

ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟
    بۆ لە ناخمەوە پەرێشانیت؟
ئومێدت بە خودا هەبێت،
    چونکە هەر ستایشی ئەو دەکەم،
    ئەو ڕزگارکەر و خودامە.

پەندەکانی سلێمان 11:3-13

ڕاستیی سەرڕاستەکان ڕێنماییان دەکات،
    بەڵام خواری ناپاکان سەری خۆیان دەخوات.

بێ سوودە سامان لە ڕۆژی تووڕەیی،
    بەڵام ڕاستودروستی فریادەکەوێت لە مردن.

ڕاستودروستی ڕێگا بۆ کەسی بێ کەموکوڕی ئاسان دەکات،
    بەڵام بەدکار بە بەدکاری خۆی دەگلێت.

ڕاستودروستی سەرڕاستەکان فریایان دەکەوێت،
    بەڵام ناپاکان گرفتاری ئارەزووەکانیان دەبن.

بە مردنی بەدکار ئومێدی دەبڕێت،
    هیوای پاڵەوانانیش لەناودەچێت.

کەسی ڕاستودروست لە تەنگانەدا دەرباز دەبێت و
    بەدکار دەگرێتەوە.

کەسی دووڕوو بە دەمی دراوسێکەی لەناودەبات،
    بەڵام ڕاستودروستان بە زانیاری دەرباز دەبن.

10 بە سەرکەوتنی ڕاستودروستان شار شادمان دەبێت،
    بە لەناوچوونی بەدکارانیش هاواری خۆشییە.

11 بە بەرەکەتی سەرڕاستەکان شار بەرز دەبێتەوە،
    بەڵام بە دەمی بەدکاران وێران دەبێت.

12 ئەوەی سووکایەتی بە دراوسێکەی بکات تێنەگەیشتووە،
    بەڵام کەسی تێگەیشتوو بێدەنگ دەبێت.

13 دەمشڕ نهێنی ئاشکرا دەکات،
    بەڵام مرۆڤی دڵسۆز شت دادەپۆشێت.

مەتا 9:27-34

چاککردنەوەی دوو کەسی نابینا

27 عیسا بەوێدا دەڕۆیشت، دوو کەسی نابینا دوای کەوتن، هاواریان دەکرد و دەیانگوت: «کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە.»

28 کاتێک هاتە ماڵەوە، کەسە نابیناکان هاتنە لای. عیساش پێی فەرموون: «باوەڕتان بەوە هەیە کە من بتوانم ئەمە بکەم؟» وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ گەورەم.»

29 ئینجا ئەویش دەستی لە چاویان دا و فەرمووی: «با بەگوێرەی باوەڕتان بۆتان ببێت.» 30 ئیتر بیناییان بۆ گەڕایەوە، عیساش بە توندی ئاگاداری کردنەوە: «ئاگاداربن با کەس نەزانێت.» 31 بەڵام ئەوان ڕۆیشتن و هەموو ناوچەکەیان لێی تێگەیاند.

لاڵێک دەکەوێتە قسەکردن

32 کاتێک دوو کابراکە دەچوونە دەرەوە، چەند کەسێک لاڵێکیان هێنایە لای عیسا، ڕۆحی پیسی تێدابوو. 33 کاتێک ڕۆحە پیسەکە دەرکرا، لاڵەکە قسەی کرد. خەڵکەکەش سەرسام بوون، گوتیان: «قەت لە ئیسرائیلدا شتی وا ڕووی نەداوە.»

34 بەڵام فەریسییەکان گوتیان: «بە شای ڕۆحە پیسەکان ڕۆحی پیس دەردەکات.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.