Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،
زەبوورێکی داود.
14 گێل[a] لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا نییە.»
ئەوانە گەندەڵن و کردەوەکانیان پیسە،
کەس نییە چاکە بکات.
2 یەزدان لە ئاسمانەوە سەیری ئادەمیزاد دەکات،
هەتا بزانێت کەس هەیە تێگەیشتوو بێت،
کەس هەیە بەدوای خودا بگەڕێت.
3 هەموو ڕوویان وەرگێڕا،
هەموو گەندەڵ بوون،
کەس نییە چاکە بکات،
تەنانەت یەکێکیش نییە.
4 ئایا هەموو گوناهباران فێر نەبن؟
ئەوانەی وەک نان گەلەکەی من دەخۆن و
ئەوانەی لە یەزدان ناپاڕێنەوە.
5 لەوێ ترسێکی گەورەیان لێ نیشت،
چونکە خودا لەناو کۆڕی ڕاستودروستان ئامادەیە.
6 ئێوەی گوناهبار سووکایەتی بە بۆچوونی هەژاران دەکەن،
بەڵام یەزدان پەناگای ئەوانە.
7 با ڕزگاریی ئیسرائیل لە سییۆنەوە[b] دەربکەوێت!
کاتێک یەزدان گەلەکەی خۆی لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنێتەوە،
با یاقوب شاد و ئیسرائیل دڵخۆش بێت!
13 ئینجا یۆئاب و ئەو لەشکرەی لەگەڵی بوون بۆ جەنگ، لە دژی ئارامییەکان چوونە پێشەوە، ئەوانیش لەبەردەمیدا هەڵاتن. 14 کاتێک عەمۆنییەکان بینییان ئارامییەکان هەڵدەهاتن، ئەوانیش لەبەردەم ئەبیشەی هەڵاتن و چوونە ناو شارەکە. ئیتر یۆئاب لە شەڕی نەوەی عەمون گەڕایەوە و چوو بۆ ئۆرشەلیم.
15 کاتێک ئارامییەکان بینییان لە بەرامبەر ئیسرائیل تێکشکاون، پێکەوە کۆمەڵیان بەست. 16 ئینجا هەدەدعەزەر ناردی و ئارامییەکانی ئەوبەری ڕووباری فوراتی هێنا، ئەوانیش هاتن بۆ حێلام و شۆڤەخی سەرکردەی سوپاکەی هەدەدعەزەریش لەپێشیانەوە بوو.
17 کاتێک بە داود ڕاگەیەنرا، ئەویش هەموو ئیسرائیلی کۆکردەوە و لە ڕووباری ئوردونەوە پەڕییەوە و چوو بۆ حێلام، ئارامییەکانیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی داود ڕیزیان بەست و لە دژی جەنگان. 18 بەڵام ئارامییەکان لەبەردەم ئیسرائیلدا هەڵاتن، داودیش حەوت سەد گالیسکەسوار و چل هەزار سەربازی پیادەی لە ئارامییەکان کوشت، هەروەها لە شۆڤەخی سەرکردەی سوپاکەی دا و هەر لەوێدا مرد. 19 کاتێک هەموو پاشاکانی ژێردەستەی هەدەدعەزەر بینییان کە ئەوان لە بەرامبەر ئیسرائیل تێکشکاون، لەگەڵ ئیسرائیل ئاشت بوونەوە و بوونە ژێردەستەی ئیسرائیل.
ئیتر ئارامییەکان نەیانوێرا بەهانای عەمۆنییەکانەوە بچن.
31 لەو کاتەدا قوتابییەکان تکایان لێی دەکرد: «ڕابی، بخۆ!»
32 بەڵام پێی فەرموون: «خواردنێکم هەیە بیخۆم، کە ئێوە نایزانن.»
33 لەبەر ئەوە قوتابییەکان بە یەکتریان دەگوت: «کەس هیچی بۆ هێناوە بیخوات؟»
34 عیساش پێی فەرموون: «خواردنی من ئەوەیە بە خواستی ئەوە بکەم کە ناردوومی و کارەکەی تەواو بکەم. 35 ئەی ئێوە ناڵێن: ”پاش چوار مانگ کاتی دروێنە دێت“؟ ئەوەتا پێتان دەڵێم: چاوتان هەڵبڕن و سەیری کێڵگەکان بکەن وا زەرد هەڵگەڕاون بۆ دروێنە. 36 سەپانیش کرێ وەردەگرێت و بۆ ژیانی هەتاهەتایی بەرهەم کۆدەکاتەوە، تاکو تۆوچێن و سەپان پێکەوە دڵشاد بن. 37 لەبەر ئەوە ئەو پەندە ڕاستە کە دەڵێت: ”یەکێک تۆو دەکات و یەکێکی دیکە دروێنە دەکات.“ 38 من ئێوەم بۆ دروێنەیەک ناردووە کە پێوەی ماندوو نەبوون. کەسانی دیکە پێوەی ماندوو بوون و ئێوە بەرهەمی ماندووبوونیان دەخۆن.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.