Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 24

زەبوورێکی داود.

24 زەوی و هەرچی تێدایە هی یەزدانە،
    جیهان و ئەوانەی تێیدا دەژین،
چونکە لەسەر دەریاکان بناغەی داناوە و
    لەسەر ڕووبارەکان دایمەزراندووە.

کێ سەردەکەوێتە سەر کێوی یەزدان؟
    کێ لە جێگای پیرۆزی ئەو دەوەستێت؟
ئەوەی دەست پاک و دڵی بێگەرد بێت،
    ئەوەی مەیلی شتی پووچ نەکات و
    بە درۆ سوێند نەخوات.

لە یەزدانەوە بەرەکەت بەدەستدەهێنێت،
    لە خودای ڕزگارکەری بێتاوانکردن.
ئەمەیە ئەو نەوەیەی دوای یەزدان دەکەوێت،
    ئەوەی ڕوویان لە تۆ دەکەن، ئەی خودای یاقوب.[a]

ئەی دەروازەکان، سەر هەڵبڕن!
    ئەی دەرگا دێرینەکان، بەرزبنەوە،
    هەتا پاشای شکۆمەندی بێتە ژوورەوە.
ئەم پاشایەی شکۆمەندی کێیە؟
    یەزدانی بەهێز و دەسەڵاتدارە،
    یەزدانی پاڵەوان لە جەنگ.
ئەی دەروازەکان، سەر هەڵبڕن!
    ئەی دەرگا دێرینەکان، بەرزبنەوە!
    هەتا پاشای شکۆمەندی بێتە ژوورەوە.
10 ئەم پاشایەی شکۆمەندی کێیە؟
    یەزدانی سوپاسالار پاشای شکۆمەندییە.

دەرچوون 25:10-22

سندوقی پەیمان

10 «سندوقێکیش لە داری ئەکاسیا دروستبکرێت، درێژییەکەی دوو باڵ و نیو[a] و پانییەکەی باڵ و نیوێک[b] و بەرزییەکەی باڵ و نیوێک بێت، 11 ڕووی ناوەوە و دەرەوەی بە تەواوی بە زێڕی بێگەرد ڕووکەش بکرێت و بە چواردەوریشیدا چوارچێوەی زێڕینی بۆ دروستبکرێت. 12 چوار بازنەی زێڕینیشی بۆ دابڕێژرێت و لەسەر چوار پایەکەی دابنرێت، دوو بازنە لەلایەک و دوو بازنەش لەلایەکەی دیکەی. 13 دوو داریش لە داری ئەکاسیا دروستبکرێت و بە زێڕ ڕووکەش بکرێن. 14 دارەکانیش بخرێتە ناو بازنەکانی سەر هەردوو لای سندوقەکە، بۆ هەڵگرتنی سندوقەکە پێیان. 15 دارەکان لەناو بازنەکانی سندوقەکە دەبن، لێیان دەرناهێنرێن. 16 لەناو سندوقەکەش[c] ئەو دوو تەختەی پەیمان[d] دادەنێیت کە پێت دەدەم.

17 «قەپاغی کەفارەتیش[e] لە زێڕی بێگەرد دروستبکرێت کە دوو باڵ و نیو درێژییەکەی و باڵ و نیوێک پانییەکەی بێت. 18 دوو کەڕوب[f] لە زێڕی کوتراو دروستبکرێت، بە هەردوو لای قەپاغی کەفارەتەکەوە بکرێت. 19 کەڕوبێک لەلایەک دروستبکرێت و کەڕوبەکەی دیکەش لەلایەکەی دیکە، هەردوو کەڕوبەکان لەگەڵ قەپاغەکەی کەفارەت یەک پارچە بن. 20 دەبێت کەڕوبەکانیش باڵیان بۆ سەرەوە لێک کردبێتەوە و بە باڵەکانیان سێبەریان بەسەر قەپاغی کەفارەتەکە کردبێت. کەڕوبەکان ڕووبەڕوو بن و ڕوویان لە قەپاغی کەفارەتەکە بێت. 21 قەپاغی کەفارەتەکە لەسەر سندوقەکە و لەلای سەرەوە دابنرێت، لەناو سندوقەکەش ئەو دوو تەختەی پەیمان دادەنێیت کە من پێت دەدەم. 22 لەوێ لەگەڵت کۆدەبمەوە و لەگەڵت دەدوێم، لەسەر قەپاغی کەفارەتەکە لەنێوان دوو کەڕوبەکەی سەر سندوقی پەیمان[g]، سەبارەت بە هەموو ئەو شتانەی فەرمانت پێدەدەم بۆ نەوەی ئیسرائیل.

کۆلۆسی 2:1-5

دەمەوێ بزانن چ خەباتێک دەکەم بۆ ئێوە و ئەوانەی لە شاری لاودیکییان و هەموو ئەوانەی ڕووبەڕوو منیان نەبینیوە، تاکو ورەیان بەرزبێتەوە و لە خۆشەویستیدا یەکبگرن بۆ ئەوپەڕی دەوڵەمەندی لە تێگەیشتنی تەواو، تاکو نهێنی خودا بناسین، واتە مەسیح، لە ئەودا هەموو گەنجینەی دانایی و زانیاری شاردراوەتەوە. ئەمە دەڵێم تاکو کەس بە قسەی لووس چەواشەتان نەکات. هەرچەندە بە جەستە لەلاتان نیم، بەڵام بە ڕۆح لەگەڵتانم، دڵشادم کاتێک ڕێکی و چەسپاوی باوەڕتان بە مەسیح دەبینم.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.