Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
24 ئەی خودایە، کەژاوەی تۆیان بینی،
کەژاوەی خودا و پاشای من بەرەو پیرۆزگا.
25 گۆرانیبێژەکان لەپێشەوەن و سازلێدەرەکان لە دواوە،
کچۆڵە دەف لێدەرەکان لەناوەڕاستیان.
26 لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا ستایشی خودا بکەن،
ئەی ڕەچەڵەکی ئیسرائیل، ستایشی یەزدان بکەن.
27 ئەوەتا هۆزی بنیامینی بچکۆڵە پێشەوایانە،
کۆمەڵێک سەرکردەی یەهودا،
سەرکردەکانی زەبولون و نەفتالی.
28 ئەی خودایە، تواناکەتمان بۆ دەربخە،
ئەی خودایە، پاڵپشتیت دەربخە، هەروەک بۆ ئێمەت کرد.
29 لە پەرستگاکەتەوە، لە ئۆرشەلیم،
پاشاکان دیاریت پێشکەش دەکەن.
30 سەرزەنشتی گیانداری ناو قامیشەڵان بکە،
ڕەوە گا و گوێرەکەی گەلان،[a]
تاکو بە ملکەچییەوە پارچە زیو پێشکەش بکات.
ئەو گەلانەی حەزیان لە شەڕە، پەرتیان بکە.
31 باڵوێز لە میسرەوە دێن،
کوش[b] دەستی خۆی بۆ خودا درێژ دەکات.
32 ئەی شانشینەکانی زەوی، گۆرانی بۆ خودا بڵێن،
مۆسیقا بۆ پەروەردگار بژەنن،
33 بۆ سواری ئاسمان، ئاسمانی دێرین،
ئەوەتا دەنگی بەرز دەکاتەوە، بە دەنگێکی بەهێزەوە.
34 با هێزی خودا ڕابگەیەنرێت،
ئەوەی شکۆمەندییەکەی بەسەر ئیسرائیلەوەیە،
ئەوەی هێزی لەناو هەورەکانە.
35 خودایە، لە پیرۆزگاکەت سامدارتریت،
خودای ئیسرائیل هێز و توانا دەدات بە گەلەکەی.
ستایش بۆ خودا!
6 کاتێک گەیشتنە سەر جۆخینەکەی[a] ناخون، عوزا دەستی بۆ سندوقی خودا درێژکرد و گرتی، چونکە گایەکان سەرسمیان دا. 7 ئەو ساتە تووڕەیی یەزدان بەسەر عوزادا جۆشا و خودا لەوێ لەسەر هەڵەکەی لێیدا و هەر لەوێ لەلای سندوقی خودا مرد.
8 داودیش تووڕە بوو، چونکە یەزدان بە تەواوی عوزای لەناوبرد، ئەو شوێنەش هەتا ئەمڕۆ بە پێرێز عوزا[b] ناودەبردرێت.
9 ئەو ڕۆژە داود لە یەزدان ترسا و گوتی: «چۆن سندوقی یەزدان لەلای من بێت؟» 10 لەبەر ئەوە داود نەیویست سندوقی یەزدان بگوازێتەوە بۆ شاری داود، بەڵکو بردییە ماڵی عوبێد ئەدۆمی گەتی. 11 سێ مانگ سندوقی یەزدان لە ماڵی عوبێد ئەدۆمی گەتی مایەوە، یەزدانیش عوبێد ئەدۆم و هەموو ماڵەکەی بەرەکەتدار کرد.
12 ئەوە بوو بە داودی پاشا ڕاگەیەنرا و گوترا: «بەهۆی سندوقی خوداوە یەزدان ماڵی عوبێد ئەدۆم و هەرچی هەیەتی بەرەکەتداری کردووە.» لەبەر ئەوە داود چوو بە خۆشییەوە سندوقی خودای لە ماڵی عوبێد ئەدۆمەوە هێنا بۆ شاری داود.
گرتنی پۆڵس
27 کاتێک خەریک بوو حەوت ڕۆژەکە تەواو بێت، جولەکەی ئاسیا پۆڵسیان لەناو پەرستگا بینی، جا هەموو خەڵکەکەیان جۆشدا و گرتییان، 28 هاواریان دەکرد: «خەڵکی ئیسرائیل فریابکەون! ئەمە ئەو پیاوەیە کە لە هەموو شوێنێک لە دژی گەل و تەورات و ئەم شوێنە هەموو خەڵک فێردەکات، تەنانەت یۆنانیشی هێناوتە پەرستگا و ئەم شوێنە پیرۆزەی گڵاو کرد!» 29 چونکە تروفیمۆسی خەڵکی ئەفەسۆسییان لە شارەکەدا لەگەڵی بینیبوو، وایانزانی پۆڵس لەگەڵ خۆی هێناویەتییە پەرستگا.
30 ئینجا هەموو شارەکە وروژا، خەڵکەکەش لە هەموو لایەکەوە ڕایانکرد. پۆڵسیان گرت، ڕایانکێشایە دەرەوەی پەرستگا، دەستبەجێ دەرگاکان داخران. 31 کاتێک هەوڵی کوشتنیان دەدا، هەواڵ بە فەرماندەی هێز درا کە هەموو ئۆرشەلیم شڵەژاوە. 32 یەکسەر سەرباز و سەرپەلی برد و ڕایکردە لایان. کە فەرماندە و سەربازەکانیان بینی لە لێدانی پۆڵس وەستان.
33 ئیتر فەرماندەکە نزیک بووەوە و گرتی، فەرمانی دا بە دوو زنجیر بیبەستنەوە، ئینجا پرسیاری کرد ئاخۆ کێیە و چی کردووە. 34 بەڵام لەناو خەڵکەکەدا هەندێک هاواری شتێکی دیکەیان دەکرد. جا بەهۆی ئاژاوەکەوە نەیتوانی ڕاستییەکە بزانێت، فەرمانی دا پۆڵس ببردرێتە سەربازگە. 35 کاتێک لەسەر قاڵدرمەکان[a] بوو، لەبەر توندوتیژی خەڵکەکە سەرباز هەڵیانگرت، 36 چونکە ئەو خەڵکەی کە دوای کەوتبوون هاواریان دەکرد: «لە ناوی ببە!»
37 خەریک بوو پۆڵس بچێتە سەربازگەکە، بە فەرماندەکەی گوت: «دەتوانم شتێکت پێ بڵێم؟» گوتی: «یۆنانی دەزانیت؟ 38 تۆ ئەو پیاوە میسرییە نیت ئەوەی کە ماوەیەک لەمەوبەر ئاژاوەیەکی نایەوە و فەرماندەیی چوار هەزار پیاوکوژی کرد بەرەو بیابان؟»
39 پۆڵس گوتی: «من جولەکەم، خەڵکی تەرسۆسی کیلیکیا، هاوڵاتی شارێکی بچووک نیم. داوات لێ دەکەم ڕێگام بدەی قسە بۆ خەڵکەکە بکەم.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.