Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،
زەبوورێکی داود.
21 ئەی یەزدان، پاشا بە هێزی تۆ شادمان دەبێت.
چەند دڵخۆشە بەو ڕزگارییەی پێت بەخشیوە!
2 ئارەزووی دڵیت پێ بەخشیوە و
لە داواکارییەکانی زمانیت ڕانەگرتووە.[a]
3 بە بەرەکەتێکی زۆرەوە پێشوازیت لێکرد و
تاجێکی زێڕی بێگەردت لە سەری کرد.
4 داوای ژیانی لێکردیت، پێت بەخشی،
ڕۆژگاری درێژی هەتاهەتاییە.
5 بەو ڕزگارییەی کە پێت داوە، شکۆمەندییەکەی مەزنە،
تۆ شکۆمەندی و پایەبەرزیت پێ بەخشیوە.
6 چونکە بەرەکەتێکی بێ کۆتاییت داوەتێ،
بە خۆشی دیداری خۆت شادی دەکەیت.
7 چونکە پاشا پشت بە یەزدان دەبەستێت،
بە خۆشەویستی نەگۆڕی خودای هەرەبەرزە هەرگیز نالەقێت.
8 دەستت بەسەر هەموو دوژمنەکانتدا دەڕوات،
دەستی ڕاستت بەسەر ناحەزانت.
9 کە دەردەکەویت وەک تەنوورێکی بڵێسەداریان لێ دەکەیت،
لە تووڕەییدا یەزدان هەڵیاندەلووشێت،
ئاگریش دەیانخوات.
10 ڕەچەڵەکیان لەسەر زەوی لەناودەبەیت،
نەوەیان لەناو ئادەمیزاد.
11 هەرچەندە پیلانیان لە دژت دانا و
بیریان لە خراپە کردەوە، سەرناکەون،
12 چونکە تۆ وایان لێ دەکەیت ڕابکەن،
کاتێک بە تیروکەوان نیشانیان لێ دەگریت.
13 ئەی یەزدان، بە هێزی خۆت پایەبەرز بە،
گۆرانی و ستایش بۆ توانای تۆ دەڵێین.
11 پاشان حیرامی پاشای هەرێمی سور چەند نێردراوێکی بۆ لای داود نارد لەگەڵ داری ئورز و دارتاش و نەقاڕ، کۆشکێکیان بۆ داود دروستکرد. 12 ئینجا داود زانی کە یەزدان وەک پاشای ئیسرائیل جێگیری کردووە، پاشایەتییەکەشی لە پێناوی ئیسرائیلی گەلەکەیدا پایەدار کردووە.
13 هەروەها داود پاش ئەوەی لە حەبرۆنەوە هاتە ئۆرشەلیم چەند کەنیزە و ژنێکی دیکەی هێنا، ئینجا کوڕ و کچی دیکەی داود لەدایک بوون. 14 ئەمەش ناوی ئەو منداڵانەیەتی کە لە ئۆرشەلیم لەدایک بوون: شەموع، شۆڤاڤ، ناتان، سلێمان، 15 ئیڤحار، ئەلیشوع، نەفەگ، یافیع، 16 ئەلیشاماع، ئەلیاداع و ئەلیفەلەت.
دانبەخۆداگرتن لە ئازار
7 بۆیە خوشکان و برایانم، هەتا هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ ئارام بگرن. سەیر بکەن چۆن جوتیار چاوەڕێی بەرهەمە سەنگینەکەی زەوی دەکات، بۆ بارانی پاییز و بەهار ئارام دەگرێت. 8 ئێوەش ئارام بگرن و دڵتان بچەسپێنن، چونکە هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ نزیک بووەتەوە. 9 خوشکان، برایان، بۆڵەبۆڵ لەسەر یەکتری مەکەن، نەوەک حوکم بدرێن. ئەوەتا دادوەر لە بەردەرگا ڕاوەستاوە.
10 خوشکان، برایان، نموونە وەربگرن لە بەرگەی ئازار و ئارامگرتنی ئەو پێغەمبەرانەی کە بە ناوی یەزدانەوە قسەیان کرد. 11 وا ئێمە ئەوانە بە بەختەوەر دەزانین کە دانیان بەخۆیاندا گرتووە. دانبەخۆداگرتنی ئەیوبتان بیستووە و کە لە ئەنجامدا یەزدان چۆن بەرەکەتداری کرد،[a] چونکە یەزدان بەزەیی زۆرە و میهرەبانە.
12 خوشکان و برایانم، پێش هەموو شتێک، سوێند مەخۆن، نە بە ئاسمان و نە بە زەوی و نە بە شتی دیکە. بەڵکو با «بەڵێ»تان بەڵێ بێت و «نەخێر»تان نەخێر بێت، نەوەک بکەونە ژێر تاوانبارکردن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.