Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داود.
24 زەوی و هەرچی تێدایە هی یەزدانە،
جیهان و ئەوانەی تێیدا دەژین،
2 چونکە لەسەر دەریاکان بناغەی داناوە و
لەسەر ڕووبارەکان دایمەزراندووە.
3 کێ سەردەکەوێتە سەر کێوی یەزدان؟
کێ لە جێگای پیرۆزی ئەو دەوەستێت؟
4 ئەوەی دەست پاک و دڵی بێگەرد بێت،
ئەوەی مەیلی شتی پووچ نەکات و
بە درۆ سوێند نەخوات.
5 لە یەزدانەوە بەرەکەت بەدەستدەهێنێت،
لە خودای ڕزگارکەری بێتاوانکردن.
6 ئەمەیە ئەو نەوەیەی دوای یەزدان دەکەوێت،
ئەوەی ڕوویان لە تۆ دەکەن، ئەی خودای یاقوب.[a]
7 ئەی دەروازەکان، سەر هەڵبڕن!
ئەی دەرگا دێرینەکان، بەرزبنەوە،
هەتا پاشای شکۆمەندی بێتە ژوورەوە.
8 ئەم پاشایەی شکۆمەندی کێیە؟
یەزدانی بەهێز و دەسەڵاتدارە،
یەزدانی پاڵەوان لە جەنگ.
9 ئەی دەروازەکان، سەر هەڵبڕن!
ئەی دەرگا دێرینەکان، بەرزبنەوە!
هەتا پاشای شکۆمەندی بێتە ژوورەوە.
10 ئەم پاشایەی شکۆمەندی کێیە؟
یەزدانی سوپاسالار پاشای شکۆمەندییە.
ئیسرائیلییەکان لە سیناوە بەڕێ دەکەون
11 لە بیستی مانگی دووی ساڵی دووەمدا هەورەکە لەسەر چادری پەیمان بەرزبووەوە. 12 جا نەوەی ئیسرائیل لە قۆناغەکەیان لە چۆڵەوانی سیناوە بەڕێکەوتن و هەورەکە لە چۆڵەوانی پاران نیشتەوە. 13 بەپێی فەرمانی یەزدان و لە ڕێگەی موساوە بۆ یەکەمین جار دەستیان بە کۆچەکەیان کرد.
14 لەژێر بەیداخەکەیان ئۆردوگای نەوەی یەهودا بەگوێرەی لەشکرەکانیان یەکەم جار بەڕێکەوتن و نەحشۆنی کوڕی عەمیناداب سوپاسالاریان بوو. 15 سەرلەشکری هۆزی نەوەی یەساخاریش نەتەنێلی کوڕی چوعەر بوو، 16 سەرلەشکری هۆزی نەوەی زەبولونیش ئەلیابی کوڕی حێلۆن بوو. 17 ئینجا چادرەکەی پەرستن هەڵگیرایەوە و نەوەی گێرشۆن و نەوەی مەراری چادرەکەی پەرستنیان هەڵگرت و بەڕێکەوتن.
18 لەدوای ئەوان لەژێر بەیداخەکەیان ئۆردوگای ڕەئوبێن بەگوێرەی لەشکرەکانیان بەڕێکەوتن، ئەلیسوری کوڕی شەدیئور سوپاسالاریان بوو. 19 سەرلەشکری هۆزی نەوەی شیمۆنیش شەلومیێلی کوڕی چووریشەدای بوو، 20 سەرلەشکری هۆزی نەوەی گادیش ئەلیاسافی کوڕی دەعوئێل بوو. 21 ئینجا قەهاتییەکان شتە پیرۆزکراوەکانیان هەڵگرت و بەڕێکەوتن، هەتا گەیشتن چادرەکەی پەرستن هەڵدرابوو.
22 ئینجا لەژێر بەیداخەکەیان نەوەی ئەفرایم بەگوێرەی لەشکرەکانیان بەڕێکەوتن و ئەلیشاماعی کوڕی عەمیهود سوپاسالاریان بوو، 23 سەرلەشکری هۆزی نەوەی مەنەشەش گەمالائیلی کوڕی پەداهچوور بوو، 24 سەرلەشکری هۆزی نەوەی بنیامینیش ئەبیدانی کوڕی گدعۆنی بوو.
25 لە کۆتاییدا لەژێر بەیداخەکەیان ئۆردوگای نەوەی دان بەڕێکەوت و پاشڕەو و پاسەوانی هەموو ئۆردوگاکان بوو، بەگوێرەی لەشکرەکانیان، ئەحیعەزەری کوڕی عەمیشەدای سوپاسالاریان بوو. 26 سەرلەشکری هۆزی نەوەی ئاشێریش پەگعیێلی کوڕی عۆخران بوو. 27 سەرلەشکری هۆزی نەوەی نەفتالیش ئەحیڕەعی کوڕی عێینان بوو. 28 ئەمە ڕێکخستنی نەوەی ئیسرائیلە بە لەشکرەکانیانەوە کاتێک بەڕێکەوتن.
29 موسا بە حۆڤاڤی کوڕی ڕەعوئێلی میدیانی گوت، کە ڕەعوئێل خەزووری موسا بوو: «ئێمە دەچین بۆ ئەو شوێنەی یەزدان فەرمووی: ”پێتانی دەدەم.“ لەگەڵمان وەرە و بۆت باش دەبین، چونکە یەزدان بەڵێنی داوە بۆ ئیسرائیل چاک دەبێت.»
30 ئەویش پێی گوت: «ناڕۆم، بەڵکو بۆ لای خاکی خۆم و گەلی خۆم دەچم.»
31 جا موسا گوتی: «تکایە بەجێمان مەهێڵە، لەبەر ئەوەی شارەزایت لە چۆڵەوانی لەکوێ چادر هەڵبدەین، ببە بە چاو بۆمان. 32 ئەگەر لەگەڵمان بێیت، ئەوا بەو چاکەیەی یەزدان لەگەڵ ئێمەی دەکات، ئێمەش چاکەت لەگەڵدا دەکەین.»
33 جا لە کێوی یەزدانەوە بۆ سێ ڕۆژە ڕێ بەڕێکەوتن و سندوقی پەیمانی یەزدانیش سێ ڕۆژە ڕێ پێشیان کەوتبوو، هەتا بۆ پشوودان نشینگەیەکیان بۆ بدۆزێتەوە. 34 هەوری یەزدانیش بە ڕۆژ بەسەریانەوە بوو، کاتێک لە ئۆردوگاوە بەڕێکەوتن.
35 لە کاتی بەڕێکەوتنی سندوقەکەش موسا دەیگوت:
«هەستە یەزدان!
با دوژمنانت پەرتەوازە بن و
ناحەزانت لەبەردەمت هەڵبێن.»
36 لە کاتی چادرهەڵدانیش دەیگوت:
«بگەڕێوە یەزدان،
بۆ لای هەزاران هەزارانی ئیسرائیل.»
لەدایکبوونی حەزرەتی یەحیا
57 ئەلیسابات کاتی منداڵبوونی هات و کوڕێکی بوو. 58 جا دراوسێ و خزمانی بیستیان یەزدان دەرگای بەزەیی فراوانی خۆی بۆ کردووەتەوە، لەگەڵی شادمان بوون.
59 لە ڕۆژی هەشتەمدا بۆ خەتەنەکردنی منداڵەکە هاتن، لەسەر ناوی باوکی ناویان لێنا زەکەریا. 60 بەڵام دایکی گوتی: «نەخێر، ناوی دەنرێت یەحیا[a].»
61 پێیان گوت: «کەس لە خزمانت بەم ناوە ناونەنراوە.»
62 ئینجا ئیشارەتیان بۆ باوکی کرد، دەیەوێت چ ناوێکی لێ بنێت. 63 تەختەیەکی داوا کرد و لەسەری نووسی: «ناوی یەحیایە.» هەموو سەرسام بوون. 64 دەستبەجێ دەم و زمانی زەکەریا کرایەوە، قسەی کرد و ستایشی خودای دەکرد. 65 هەموو دراوسێکانیان ترسیان لێ نیشت و لە سەراپای ناوچە شاخاوییەکانی یەهودیا هەموو ئەم شتانە بوو بە قسە و باسی سەر زاری خەڵکی. 66 هەموو ئەوانەی ئەم باسەیان بیست لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئایا ئەم منداڵە دەبێتە چی؟» چونکە دەستی یەزدانی لەگەڵ بوو.
ستایشی زەکەریا
67 زەکەریای باوکیشی پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز و پێشبینی کرد، گوتی:
68 «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل،
چونکە گەلەکەی بەسەرکردەوە و کڕییەوە[b].
69 هێزی ڕزگاریمانی هەستاندەوە،
لە بنەماڵەی داودی بەندەی،
70 وەک چۆن لە کۆنەوە لە ڕێگەی پێغەمبەرە پیرۆزەکانییەوە دواوە،
71 بۆ ڕزگاربوون لە دەست دوژمنان و
هەموو ناحەزانمان،
72 هەروەها بۆ بەخشینی بەزەیی بە باوباپیرانمان و
پەیوەستبوون بە پەیمانە پیرۆزەکەی،
73 واتە ئەو سوێندەی کە بۆ ئیبراهیمی باپیرە گەورەمانی خوارد:
74 کە ئێمە لە دەست دوژمن ڕزگارمان بێت و
بێ ترس ئەو بپەرستین،
75 هەموو ڕۆژانی ژیانمان بە پیرۆزی و ڕاستودروستی[c] لەبەردەمیدا بین.
76 «تۆش ئەی منداڵ، بە پێغەمبەری خودای هەرەبەرز ناودەبردرێیت،
چونکە پێش یەزدان دەکەویت، تاکو ڕێگای بۆ ئامادە بکەیت،
77 تاکو بە گەلەکەی ڕابگەیەنیت
بە لێخۆشبوونی گوناهەکانیان ڕزگاریان دەبێت،
78 بەهۆی بەزەییە بەسۆزەکەی خودامانەوە،
کە بەهۆیەوە ڕووناکی لە بەرزاییەوە بەسەرماندا دەدرەوشێتەوە،
79 تاکو بەسەر ئەوانەی لە تاریکی و لە سێبەری مەرگدا دانیشتوون بدرەوشێتەوە،
بۆ ئەوەی پێیەکانمان بە ڕێگای ئاشتیدا ببات.»
80 منداڵەکەش گەشەی دەکرد و لە ڕۆحدا بەهێز دەبوو، لە چۆڵەوانی مایەوە هەتا ئەو ڕۆژەی کە خۆی بۆ گەلی ئیسرائیل دەرخست.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.