Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،
زەبوورێکی داود.
21 ئەی یەزدان، پاشا بە هێزی تۆ شادمان دەبێت.
چەند دڵخۆشە بەو ڕزگارییەی پێت بەخشیوە!
2 ئارەزووی دڵیت پێ بەخشیوە و
لە داواکارییەکانی زمانیت ڕانەگرتووە.[a]
3 بە بەرەکەتێکی زۆرەوە پێشوازیت لێکرد و
تاجێکی زێڕی بێگەردت لە سەری کرد.
4 داوای ژیانی لێکردیت، پێت بەخشی،
ڕۆژگاری درێژی هەتاهەتاییە.
5 بەو ڕزگارییەی کە پێت داوە، شکۆمەندییەکەی مەزنە،
تۆ شکۆمەندی و پایەبەرزیت پێ بەخشیوە.
6 چونکە بەرەکەتێکی بێ کۆتاییت داوەتێ،
بە خۆشی دیداری خۆت شادی دەکەیت.
7 چونکە پاشا پشت بە یەزدان دەبەستێت،
بە خۆشەویستی نەگۆڕی خودای هەرەبەرزە هەرگیز نالەقێت.
8 دەستت بەسەر هەموو دوژمنەکانتدا دەڕوات،
دەستی ڕاستت بەسەر ناحەزانت.
9 کە دەردەکەویت وەک تەنوورێکی بڵێسەداریان لێ دەکەیت،
لە تووڕەییدا یەزدان هەڵیاندەلووشێت،
ئاگریش دەیانخوات.
10 ڕەچەڵەکیان لەسەر زەوی لەناودەبەیت،
نەوەیان لەناو ئادەمیزاد.
11 هەرچەندە پیلانیان لە دژت دانا و
بیریان لە خراپە کردەوە، سەرناکەون،
12 چونکە تۆ وایان لێ دەکەیت ڕابکەن،
کاتێک بە تیروکەوان نیشانیان لێ دەگریت.
13 ئەی یەزدان، بە هێزی خۆت پایەبەرز بە،
گۆرانی و ستایش بۆ توانای تۆ دەڵێین.
بەزاندنی فەلەستییەکان
17 کاتێک فەلەستییەکان بیستیانەوە کە داود بە پاشای ئیسرائیل دەستنیشانکراوە، هەموو فەلەستییەکان بۆ گەڕان بەدوای داود سەرکەوتن، بەڵام کاتێک داود ئەمەی بیستەوە دابەزی بۆ ناو قەڵاکە. 18 فەلەستییەکان هاتبوون و لە دۆڵی ڕفایم بڵاو ببوونەوە. 19 داودیش پرسیاری لە یەزدان کرد و گوتی: «ئایا بچم بۆ پەلاماردانی فەلەستییەکان؟ ئایا دەیاندەیتە دەستم؟»
یەزدانیش بە داودی فەرموو: «بڕۆ، چونکە بێگومان دەیاندەمە دەستت.»
20 داود چوو بۆ بەعلپراچیم و لەوێ ئەوانی بەزاند، گوتی: «یەزدان دڕی بە دوژمنەکانم دا، وەک دڕپێدادانی ئاو.» لەبەر ئەوە ئەو شوێنە بە بەعلپراچیم ناو برا.[a] 21 هەروەها فەلەستییەکان لەوێدا بتەکانیان بەجێهێشت، داود و پیاوەکانیشی لایان بردن.
22 ئینجا دووبارە فەلەستییەکان سەرکەوتنەوە و لە دۆڵی ڕفایم بڵاو بوونەوە. 23 داودیش پرسیاری لە یەزدان کرد، ئەویش فەرمووی: «سەرمەکەوە، بەڵکو بسووڕێوە بۆ پشتیان و بەرامبەر بە دار بەلسەمەکان پەلاماریان بدە. 24 کاتێک لەسەر دار بەلسەمەکانەوە گوێت لە دەنگی پێ بوو، لەو کاتەدا وریابە، چونکە یەزدان بۆ لێدانی ئۆردوگای فەلەستییەکان لەپێشتەوە ڕۆیشتووە.» 25 داودیش هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد ئاوای کرد، لە گبعۆنەوە هەتا گەزەر لە فەلەستییەکانی دا.
ڕقی جیهان لە عیسا
7 دوای ئەمانە عیسا بە جەلیلدا دەگەڕا و نەیدەویست لە یەهودیا بگەڕێ، چونکە ڕابەرانی جولەکەی ئەوێ هەوڵیان دەدا بیکوژن. 2 جەژنی کەپرەشینەی[a] جولەکەش نزیک بوو، 3 براکانی پێیان گوت: «ئێرە بەجێبهێڵە و بڕۆ یەهودیا، تاکو قوتابییەکانی خۆشت کارەکانت ببینن کە تۆ دەیکەیت، 4 هیچ کەسێک بە نهێنی شتێک ناکات ئەگەر بیەوێت ئاشکرابێت. ئەگەر ئەم شتانە دەکەیت، خۆت پیشانی جیهان بدە.» 5 براکانی وایان پێ گوت، چونکە تەنانەت ئەوانیش باوەڕیان پێی نەدەکرد.
6 عیساش پێی فەرموون: «جارێ کاتم نەهاتووە، بەڵام هەردەم کاتی ئێوە گونجاوە. 7 جیهان ناتوانێت ڕقی لێتان بێتەوە، بەڵام ڕقی لە من دەبێتەوە، چونکە شایەتی لەسەر دەدەم کە کردەوەی خراپە. 8 ئێوە بڕۆنە جەژنەکە، من نایەمە ئەم جەژنە، چونکە هێشتا کاتم تەواو نەبووە.» 9 ئەمانەی فەرموو و لە جەلیل مایەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.