Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 139:1-6

بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، زەبوورێکی داود.

139 ئەی یەزدان، تۆ منت پشکنی و
    منت ناسی.
هەستان و دانیشتنی منت زانیوە،
    لە دوورەوە لە بیرکردنەوەم گەیشتووی.
ڕێڕەو و جێی ڕاکشانی منت پێواوە،
    شارەزای هەموو ڕێگاکانی منیت.
ئەی یەزدان، بەر لەوەی وشەیەک لەسەر زمانم هەبێت،
    تۆ بە تەواوی دەیزانی.
لەپێش و لە پشتەوە دەورت داوم،
    دەستت دەخەیتە سەرم.
ئەم زانینەی تۆم بەلاوە زۆر سەیرە،
    لە سەرووی منەوەیە، ناتوانم بەدەستی بهێنم.

زەبوورەکان 139:13-18

13 چونکە تۆ ناخی منت دروستکردووە،
    لەناو سکی دایکم منت چنیوە.
14 ستایشت دەکەم، چونکە بە سامناکی دروستکراوم، سەرسوڕهێنەرم،
    کارەکانت سەرسوڕهێنەرن،
    لە ناخمەوە باش ئەمە دەزانم.
15 ئێسقانم لە تۆ شاراوە نەبوو،
    کاتێک لە پەنهانی دروستکرام،
    لەناو سکی زەوی نەخشێنرام.
16 هێشتا لە سکی دایکم بووم، ئەندامەکانی لەشمت بینی.
    هەموو ئەو ڕۆژانە کە بۆ من شێوەیان کێشرا،
لە پەڕتووکەکەتدا نووسراون،
    پێش ئەوەی هیچ کامێکیان هەبن.
17 ئەی خودایە، بیرۆکەکانت بەلای منەوە چەند گرانبەهایە!
    کۆی ژمارەیان چەندە مەزنە!
18 ئەگەر بیانژمێرم، لە لم زیاترن.
    کە بەئاگادێمەوە هێشتا لەگەڵ تۆم.

یەکەم ساموئێل 2:1-10

نوێژی حەنا

حەنا نوێژی کرد و گوتی:

«دڵم بە یەزدان شادە،
    سەرم بە یەزدان بەرزە.
پێکەنینم بە دوژمنەکانم دێت،
    لەبەر ئەوەی شادمانم بە ڕزگارییەکەت.

«کەس نییە پیرۆز وەک یەزدان،
    بێجگە لە تۆ کەس نییە،
    هیچ تاشەبەردێک نییە وەک خودامان.

«بە لووتبەرزی زۆرەوە مەدوێن،
    با قسەی زل لە دەمتان دەرنەچێت،
چونکە یەزدان خودایەکی بەئاگایە،
    ئەوە کارەکان هەڵدەسەنگێنێت.

«کەوانی پاڵەوانەکان تێکشکێنران و
    شکستخواردووەکانیش هێزیان بەبەردا کرا.
تێرەکان خۆیان بەکرێ دا بۆ نان و
    برسییەکانیش نانیان لەبەر مایەوە.
نەزۆک حەوت منداڵی بوو و
    ئەوەی کوڕی زۆر بوو نائومێد بوو.

«یەزدان مرۆڤ دەمرێنێت و زیندووشی دەکاتەوە،
    دەیباتە جیهانی مردووان و هەڵیشیدەستێنێتەوە.
یەزدان مرۆڤ هەژار و دەوڵەمەند دەکات،
    نزم دەکاتەوە و بەرزیشی دەکاتەوە.
ئەو هەژار لەناو خۆڵ ڕاست دەکاتەوە،
    کڵۆڵیش لەناو زبڵخانە بەرز دەکاتەوە،
هەتا لەگەڵ میران دایاننیشێنێت و
    تەختی شکۆمەندی بکات بە میراتیان.

«چونکە کۆڵەکەکانی زەوی هی یەزدانن
    جیهانی لەسەر داناوە.
پێی خۆشەویستانی خۆی دەپارێزێت،
    بەڵام بەدکاران لە تاریکیدا بێدەنگ دەبن.

«مرۆڤ بە هێز زاڵ نابێت،
10     نەیارانی یەزدان تێکدەشکێنرێن.
لە ئاسمانەوە بەسەریاندا دەگرمێنێت،
    یەزدان حوکم بەسەر ئەوپەڕی زەویدا دەدات.

«هێز بە پاشای خۆی دەدات،
    سەری دەستنیشانکراوەکەی بەرز دەکاتەوە.»

یۆحەنا 7:19-24

19 ئایا موسا تەوراتی نەداونەتێ؟ بەڵام کەس لە ئێوە بە قسەی تەورات ناکات. بۆچی هەوڵی کوشتنم دەدەن؟»

20 خەڵکەکە وەڵامیان دایەوە: «ڕۆحی پیست هەیە! کێ هەوڵی کوشتنت دەدات؟»

21 عیسا پێی فەرموون: «کارێکم کرد و هەموو سەرسام بوون. 22 لە ڕۆژی شەممەدا کوڕ خەتەنە دەکەن، چونکە دەڵێن کە موسا خەتەنەکردنی پێ سپاردوون، هەرچەندە خەتەنەکردن لە موساوە نەبووە، بەڵکو لە باپیرانتانەوەیە. 23 ئەگەر کوڕ لە ڕۆژی شەممە خەتەنە بکرێت تاکو تەوراتی موسا نەشکێت، باشە لە من تووڕە دەبن کە لە ڕۆژی شەممە سەراپای مرۆڤێکم چاککردەوە؟ 24 بە ڕواڵەت حوکم مەدەن، بەڵکو حوکمێکی دادپەروەرانە بدەن.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.