Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران.
130 ئەی یەزدان، لە ناخی قووڵاییەکانەوە هاوار بۆ تۆ دەکەم!
2 ئەی پەروەردگار، گوێ لە دەنگم بگرە!
با گوێیەکانت سووک بن بۆ دەنگی پاڕانەوەم.
3 ئەی یەزدان، ئەگەر گوناهەکان تۆمار بکەیت،
ئەی پەروەردگار، کێ دەوەستێت؟
4 بەڵام لێخۆشبوون لەلای تۆیە،
بۆ ئەوەی لێت بترسین.
5 چاوەڕێی یەزدان دەکەم، گیانم چاوەڕێی دەکات،
هیوام بە بەڵێنەکانییەتی.
6 گیانم چاوەڕێی پەروەردگار دەکات،
زیاتر لە ئێشکگر بۆ بەرەبەیان،
زیاتر لە ئێشکگر بۆ بەرەبەیان.
7 ئەی ئیسرائیل، هیوات بە یەزدان هەبێت،
چونکە خۆشەویستی نەگۆڕ لەلای یەزدانە،
توانایەکی زۆریشی هەیە بۆ کڕینەوە.
8 هەر ئەوە ئیسرائیل دەکڕێتەوە
لە هەموو گوناهەکانی.
18 کاتێک داود ڕایکرد و دەرباز بوو، چوو بۆ لای ساموئێل لە ڕامە، هەموو ئەوەی شاول پێی کردبوو پێی ڕاگەیاند. ئینجا داود لەگەڵ ساموئێل چوون و لە نایۆت مانەوە. 19 جا بە شاول ڕاگەیەنرا و گوترا: «داود وا لە نایۆتە لە ڕامە.» 20 شاولیش چەند نێردراوێکی نارد بۆ گرتنی داود، کاتێک کۆمەڵی پێغەمبەرانیان بینی حاڵیان گرتووە و ساموئێلیش وەک سەرۆک بەسەریانەوە ڕاوەستاوە، ڕۆحی خودا بەسەر نێردراوەکانی شاولیشدا هات و ئەوانیش حاڵیان گرت. 21 ئەمەیان بە شاول ڕاگەیاند، ئەویش چەند نێردراوێکی دیکەی نارد، هەروەها ئەوانیش حاڵیان گرت. ئینجا بۆ جاری سێیەم چەند نێردراوێکی نارد و ئەوانیش حاڵیان گرت. 22 ئینجا خۆی چوو بۆ ڕامە، گەیشتە ئەمباراوە گەورەکە، ئەوەی لە سەخویە، پرسیاری کرد: «ساموئێل و داود لەکوێن؟»
پێی گوترا: «لە نایۆتن، لە شارۆچکەی ڕامە.»
23 جا شاول چوو بۆ ئەوێ، بۆ نایۆت لە ڕامە. تەنانەت ئەویش ڕۆحی خودا هاتە سەری و بە ڕۆیشتنەوە حاڵی گرت هەتا گەیشتە نایۆت. 24 جلەکانی لەبەر خۆی داکەند و ئەویش لەبەردەم ساموئێل حاڵی گرت، بە درێژایی ئەو شەو و ڕۆژە بە ڕووتی خۆی دا بە زەویدا. لەبەر ئەوەیە دەڵێن، «ئایا شاولیش لەنێو پێغەمبەرەکانە؟»
تۆبەکردن بەهۆی خەمباری
2 دڵتان بۆمان بکەنەوە. ستەممان لە کەس نەکردووە، ڕەوشتی کەسمان تێک نەداوە، کەسمان بۆ ڕووتاندنەوە بەکارنەهێناوە. 3 ئەمە ناڵێم بۆ ئەوەی تاوانبارتان بکەم، چونکە پێشتر گوتوومە کە ئێوە لە دڵماندان بە ڕادەیەک کە ئامادەین لەگەڵتان بمرین و لەگەڵتان بژین. 4 متمانەیەکی زۆرم پێتان هەیە و زۆر شانازیشتان پێوە دەکەم، لە هەموو تەنگانەکانماندا پڕبووم لە دڵنەوایی و خۆشییەکی لە ڕادەبەدەر.
5 ڕاستە، لەو کاتەوەی هاتووینەتە مەکدۆنیا، جەستەمان حەسانەوەی نەبووە، بەڵکو لە هەموو لایەک هەراسان بووین، لە دەرەوە ناکۆکی و لە ناوەوە ترس. 6 بەڵام خودا کە دڵنەوایی ماتومەلوولەکان دەکات، بە هاتنی تیتۆس دڵنەوایی کردین، 7 نەک تەنها بە هاتنی، بەڵکو بەو دڵنەواییەی لەلایەن ئێوە کراوە. بۆی گێڕاینەوە لەبارەی پەرۆشی و پەژارە و دڵگەرمیتان بۆ من، زیاتر دڵشاد بووم.
8 جا ئەگەر بە نامەکە خەمبارم کردبن، پەشیمان نیم، هەرچەندە پەشیمان بوومەوە، چونکە دەبینم نامەکە بۆ ماوەیەک خەمباری کردن. 9 بەڵام ئێستا دڵشادم، نەک لەبەر ئەوەی خەمبار بوون، بەڵکو لەبەر ئەوەی خەمباریتان ئێوەی بۆ تۆبەکردن برد. بێگومان بەگوێرەی ویستی خودا خەمبار بوون، تاکو بەهۆی ئێمەوە هیچ زیانێک نەکەن، 10 چونکە ئەو خەمبارییەی لە خوداوەیە، دەبێتە هۆی تۆبەکردن، ئەمەش ئەنجامەکەی ڕزگارییە و کەس لێی پەشیمان نابێتەوە، بەڵام ئەو خەمبارییەی لە جیهانەوەیە دەبێتە هۆی مردن. 11 کەواتە سەیر بکەن خەمباری بەگوێرەی ویستی خودا چەندی لە ئێوەدا بەرهەم هێناوە: چ پەرۆشییەک، چ پاکانەیەک، چ تووڕەییەک، چ ترسێک، چ تامەزرۆییەک، چ دڵگەرمییەک، چ حەزێک بۆ دادپەروەری! لە هەموو شتێکدا خۆتان سەلماند کە بێتاوانن لەو باسەدا. 12 کەواتە ئەگەر بۆم نووسیون، لە پێناوی تاوانبار یاخود تاوان لێکراو نییە، بەڵکو بۆ ئەوەی لەبەردەم خودا ببینن کە ئێوە چەند پەرۆشی ئێمەن، 13 بۆیە دڵنەوایی کراین.
بەڵام لەسەر دڵنەواییەکە، بەهۆی دڵخۆشی تیتۆس زۆر زیاتر دڵخۆش بووین، چونکە گیانی بە هەمووتان حەسایەوە. 14 ئەگەر بەرامبەر ئەو شانازیم بە ئێوەوە کردبێت، شەرمم نەکردووە، بەڵکو وەک هەموو شتێکمان بە ڕاستگۆیی پێ گوتن، شانازیمان لای تیتۆس بووە ڕاستی. 15 دڵیشی زیاتر بۆتان دەچێت کە یادی گوێڕایەڵی هەمووتان دەکاتەوە، چۆن بە ترس و لەرزەوە پێشوازیتان لێکرد. 16 دڵشادم کە لە هەموو شتێکدا لێتان دڵنیام.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.