Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 99

99 یەزدان پاشایەتی دەکات،
    با گەلان بلەرزن،
لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتووە،
    با زەوی بهەژێت.
یەزدان مەزنە لە سییۆن،
    بەرزە و بەسەر هەموو گەلانەوەیە.
با ستایشی ناوە مەزن و سامناکەکەت بکەن،
    ئەو پیرۆزە.

پاشا بەهێزە، حەز لە دادپەروەری دەکات.
    تۆ ڕاست و ڕێکیت چەسپاند،
تۆ دادپەروەری و ڕاستودروستیت لەناو یاقوب دروستکردووە.
یەزدانی پەروەردگارمان بەرز بکەنەوە،
    لە تەختەپێی کڕنۆش ببەن،
    ئەو پیرۆزە.

موسا و هارون لەناو کاهینەکانی ئەون،
    ساموئێل لەناو ئەو کەسانەیە بە ناوی ئەو دەپاڕێنەوە.
لە یەزدان پاڕانەوە،
    ئەویش وەڵامی دانەوە،
بە ستوونی هەور قسەی لەگەڵ کردن،
    یاساکەیان پەیڕەو کرد، هەروەها ئەو فەرزەی پێیدان.

ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، تۆ وەڵامت دانەوە،
    خودایەکی لێبوردە بوویت و
    تۆڵەسێنەر بوویت لەسەر کردەوەکانیان.
یەزدانی پەروەردگارمان بەرز بکەنەوە،
    کڕنۆش بۆ چیای پیرۆزی ببەن،
    چونکە یەزدانی پەروەردگارمان پیرۆزە.

یەکەم ساموئێل 2:22-36

22 عێلی زۆر پیر بوو و هەموو ئەو شتانەی بیستەوە کە کوڕەکانی دەرهەق بە ئیسرائیل دەیانکرد و هەروەها چۆن جووت دەبوون لەگەڵ ئەو ژنانەی لەبەردەم دەرگای چادری چاوپێکەوتندا خزمەتیان دەکرد. 23 جا لێی پرسین: «بۆچی ئەم شتانە دەکەن؟ چونکە لەلای هەموو ئەم گەلە من ڕەفتارە خراپەکانتانم بیستووە. 24 نەخێر کوڕەکانم، ئەو هەواڵەی کە دەیبیستم لەنێو گەلی یەزدان بڵاو دەکرێتەوە باش نییە. 25 ئەگەر کەسێک دەرهەق بە کەسێک گوناه بکات، خودا ناوبژیوانی دەکات، بەڵام ئەگەر کەسێک دەرهەق بە یەزدان گوناه بکات، کێ داکۆکی لێ دەکات؟» بەڵام گوێیان لە قسەی باوکیان نەگرت، چونکە یەزدان خوازیار بوو بیانمرێنێت.

26 بەڵام منداڵەکە، ساموئێل بەردەوام بوو لە گەشەکردن، یەزدان و خەڵکیش زیاتر لێی ڕازی دەبوون.

پێشبینی سەبارەت بە بنەماڵەی عێلی

27 ئینجا پیاوێکی خودا هات بۆ لای عێلی و پێی گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئایا من بە ئاشکرا خۆمم بۆ ماڵی باوکت دەرنەخست، کاتێک لە میسر لە ماڵی فیرعەون بوون؟ 28 لەنێو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا هەڵمبژارد بۆ ئەوەی ببێت بە کاهینم، سەربکەوێت بۆ سەر قوربانگاکەم، بخوورم بۆ بسووتێنێت و لەبەردەممدا ئێفۆد لەبەر بکات. من هەموو قوربانییە بە ئاگرەکانی نەوەی ئیسرائیلم بە ماڵی باوکت دا. 29 ئیتر بۆچی سووکایەتی بە قوربانی و پێشکەشکراوەکەم دەکەن، ئەوەی لە نشینگەکەدا فەرمانم پێی کردووە؟ بۆچی لە من زیاتر ڕێز لە کوڕەکانت دەگریت، بە یەکەم بەری هەموو پێشکەشکراوەکانی ئیسرائیلی گەلەکەم خۆتان قەڵەو دەکەن؟“

30 «لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت: ”بێگومان من فەرمووم، ماڵی تۆ و ماڵی باوکت هەتاهەتایە لەبەردەمم هاتوچۆ دەکەن،“ بەڵام ئێستا یەزدان دەفەرموێت: ”لە من بەدوور بێت! چونکە ئەوەی ڕێزم بگرێت ڕێزداری دەکەم، ئەوانەی سووکایەتیم پێ بکەن سووک دەبن. 31 ڕۆژێک دێت هێزی بازووی خۆت و هێزی بازووی ماڵی باوکت لەناودەبەم، لە بنەماڵەکەتدا کەس ناگاتە تەمەنی پیری. 32 تەنگانە لە نشینگەکەم دەبینیت، سەرەڕای ئەو چاکەیەی بۆ ئیسرائیلی دەبێت، هەتاهەتایە لە بنەماڵەکەتدا کەس ناگاتە تەمەنی پیری. 33 هەر یەکێک لە ئێوە کە لە قوربانگاکەی خۆم نەیبڕمەوە ئەوە بۆ کوێرایی هاتن بۆ چاوەکانت و داخبوونی دڵتە، هەموو وەچەی ماڵەکەت لە گەنجیێتیدا دەمرن.

34 «”ئەمەش نیشانەیە بۆت، بەسەر دوو کوڕەکەتدا دێت، بەسەر حۆفنی و فینەحاس، لە یەک ڕۆژدا هەردووکیان دەمرن. 35 کاهینێکی دڵسۆز [a] بۆ خۆم دادەنێم کە ئەوەی لە دڵ و دەروونمدایە بیکات و ماڵێکی ئاسوودەی بۆ بنیاد دەنێم و لەبەردەم دەستنیشانکراوەکەم[b] بە درێژایی ڕۆژان هاتوچۆ دەکات. 36 هەرکەسێکیش کە لە بنەماڵەکەت دەمێنێتەوە دێت تاکو بۆ پارچە زیوێک و کولێرەیەک کڕنۆش بۆ ئەو کاهینە ببات، دەڵێت: ئەرکێکی کاهینیێتیم پێ بسپێرە بۆ ئەوەی بتوانم کولێرەیەک بخۆم.“»

یۆحەنا 5:1-18

چاککردنەوە لە ڕۆژی شەممە

لەدوای ئەمە عیسا چوو بۆ ئۆرشەلیم چونکە لەوێ جەژنێکی جولەکەکان هەبوو. لە ئۆرشەلیم لەلای دەروازەی مەڕ حەوزێک هەبوو بە عیبری پێیان دەگوت بێت‌حەسدا، بە دەوریدا پێنج ڕێڕەوی سەر داپۆشراو هەبوو کە هەردوو لایان بە کۆڵەکە گیرابوون. لەوێ خەڵکێکی زۆر ڕاکشابوون، نەخۆش و کوێر و شەل و گۆج، ⌟چاوەڕێی جوڵانی ئاوەکە بوون، چونکە هەندێک جار فریشتەیەکی یەزدان بۆ حەوزەکە دەهاتە خوارەوە و ئاوەکەی دەجوڵاند، جا ئەوەی یەکەم کەس دەچووە ناو حەوزەکەوە، هەر نەخۆشییەکی هەبووایە چاک دەبووەوە.⌞ کابرایەک لەوێ بوو سی و هەشت ساڵ نەخۆش بوو. عیسا ئەم کابرایەی بینی پاڵکەوتووە و زانی ماوەیەکی درێژە وایە، پێی فەرموو: «دەتەوێ چاکبیتەوە؟»

نەخۆشەکە وەڵامی دایەوە: «گەورەم، کاتێک ئاوەکە دەجوڵێت کەسم نییە بمخاتە ناو حەوزەکە. کاتێکیش دێم، یەکێکی دیکە پێش من دەچێتە ناوی.»

عیساش پێی فەرموو: «هەستە! نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ!» دەستبەجێ کابرا چاک بووەوە، نوێنەکەی هەڵگرت و ڕۆیشت.

ئەو ڕۆژەش شەممە بوو، 10 لەبەر ئەوە ڕابەرانی جولەکە بە کابرای چاکبووەوەیان گوت: «شەممەیە و دروست نییە نوێنەکەت هەڵگریت.»

11 کابرا وەڵامی دانەوە: «ئەوەی چاکیکردمەوە پێی فەرمووم: ”نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ.“»

12 لێیان پرسی: «ئەو پیاوە کێیە کە پێی گوتی: ”هەڵیبگرە و بڕۆ“؟»

13 بەڵام کابرای چاک بووەوە نەیدەزانی کێیە، چونکە عیسا لەناو ئەو خەڵکەی لەوێ بوون بە نهێنی دوورکەوتەوە.

14 دوای ئەوە عیسا ئەوی لە پەرستگا بینییەوە و پێی فەرموو: «ئەوەتا چاکبوویتەوە. ئیتر گوناه مەکە، نەوەک خراپترت بەسەربێت.» 15 کابراش چوو و بە ڕابەرانی جولەکەی گوت کە عیسا بووە چاکیکردووەتەوە.

دەسەڵاتی مەسیح

16 لەبەر ئەمە ڕابەرانی جولەکە عیسایان چەوساندەوە، چونکە ئەم شتانەی لە شەممەدا دەکرد. 17 بەڵام عیسا وەڵامی دانەوە: «هەتا ئێستا باوکم کار دەکات، منیش کار دەکەم.» 18 لەبەر ئەم هۆیە جولەکەکان زیاتر هەوڵیان دەدا بیکوژن، چونکە تەنها شەممەی نەدەشکاند[a]، بەڵکو دەیگوت کە خودا باوکییەتی، خۆی لەگەڵ خودا یەکسان دەکرد.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.