Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 80

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەنی پەیمان. بۆ ئاساف، زەبوورێک.

80 ئەی شوانی ئیسرائیل، گوێ ڕادێرە،
    ئەی ڕابەری یوسف وەک مێگەل،
ئەی ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتوویت[a]، بدرەوشێوە
    لەبەردەم ئەفرایم و بنیامین و مەنەشە.
پاڵەوانیێتی خۆت دەربخە،
    بۆ ڕزگاریی ئێمە وەرە.

ئەی خودایە، بمانگەڕێنەوە،
    ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
    بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.

ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار،
    هەتا کەی لەسەر نوێژی گەلەکەت تووڕە دەبیت؟
تۆ نانی فرمێسکت دەرخوارد داون،
    فرمێسکت پڕ بە پێوانە پێ نۆشیون.
دەمانکەیتە مایەی ناکۆکی لەلای دراوسێکانمان،
    ناحەزانمان لەناو خۆیان پێمان پێدەکەنن.

ئەی خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە،
    ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
    بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.

دار مێوێکت لە میسرەوە گواستەوە،
    نەتەوەکانت وەدەرنا و چاندت.
خاکت بۆ ئامادە کرد،
    ڕەگ و ڕیشەیت داکوتا، زەوی پڕکرد.
10 سێبەرەکەی چیاکانی داپۆشی،
    چڵەکانی ئورزە گەورەکان.
11 لقی هەتا دەریا[b] هاویشت،
    پۆپکەکانی بۆ دەم ڕووبار[c].

12 بۆچی شووراکانیت ڕووخاند
    تاکو هەر ڕێبوارێک لێی بکاتەوە؟
13 بەرازی دارستان وێرانی دەکات،
    زیندەوەرەکانی کێڵگە لەسەری دەلەوەڕێن.
14 ئەی خودای سوپاسالار بمانگەڕێنەوە!
    لە ئاسمانەوە سەیر بکە و ببینە!
    ئەم دار مێوە بەسەربکەوە،
15 ئەو قەدەی دەستی ڕاستت چاندوویەتی،
    ئەو کوڕەی بۆ خۆت بەهێزت کردووە.

16 سووتاوە و بە ئاگر بڕاوەتەوە،
    بە سەرزەنشتی ڕووی تۆ گەلەکەت لەناودەچێت.
17 با دەستت لەسەر مرۆڤی دەستە ڕاستت بێت،
    لەسەر ئەو کوڕەی مرۆڤ بۆ خۆت بەهێزت کردووە.
18 ئینجا لێت هەڵناگەڕێینەوە،
    بمانژیێنەوە و بە ناوی تۆوە نزا دەکەین.

19 ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە!
    ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
    بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.

ئیشایا 65:17-25

ئاسمانی نوێ و زەوی نوێ

17 «بڕوانن، من لە داهاتوودا ئاسمانی نوێ و
    زەوی نوێ بەدی دەهێنم و
ئەوانەی پێشوو نە باس دەکرێن و
    نە بە مێشکدا دێنەوە.
18 بەڵکو ئێوە بۆ هەتاهەتایە دڵخۆش و شاد بن
    لەوەی من بەدی دەهێنم،
چونکە ئەوەتا من ئۆرشەلیمی شاد بەدی دەهێنم و
    دانیشتووانەکەی دڵخۆش دەبن.
19 بە ئۆرشەلیم دڵخۆش دەبم و
    بە گەلی خۆم شاد دەبم،
چیتر لەناویدا دەنگی گریان و هاوار نابیسترێت.

20 «چیتر لەوێ نە کۆرپەی تازە لەدایکبوو دەمرێت و
    نە پیری لە تەمەن تێر نەخواردوو،
چونکە ئەوەی لە تەمەنی سەد ساڵی بمرێت گەنجە و
    ئەوەی نەگات بە تەمەنی سەد ساڵی نەفرەت لێکراوە.
21 خانوو بنیاد دەنێن و نیشتەجێ دەبن،
    ڕەز دەڕوێنن و لە بەرەکەی دەخۆن.
22 خانوو بنیاد نانێن و یەکێکی دیکە تێیدا دانیشێت،
    ڕەز ناڕوێنن و یەکێکی دیکە بیخوات،
چونکە ڕۆژانی گەلەکەم
    وەک ڕۆژانی دار[a] دەبێت و
هەڵبژێردراوانم خۆشی دەبینن
    لە کردارەکانی دەستیان.
23 بەخۆڕایی ماندوو نابن و
    بۆ تۆقاندن منداڵیان نابێت،
چونکە ئەوان نەوەی بەرەکەتپێدراوی یەزدانن و
    وەچەکانیان لەگەڵیاندان.
24 جا بەر لەوەی نزا بکەن من وەڵام دەدەمەوە و
    هێشتا ئەوان قسە دەکەن من گوێم لێیان دەبێت.
25 گورگ و بەرخ پێکەوە دەلەوەڕێن،
    شێریش وەک مانگا گیا دەخوات،
    بەڵام نانی مار خۆڵە.
لە هەموو کێوی پیرۆزم
    نە زیان دەبەخشن و نە دەفەوتێنن،»
            یەزدان دەفەرموێت.

یۆحەنا 14:18-31

18 بە هەتیوی بەجێتان ناهێڵیم، دێمەوە لاتان. 19 پاش ماوەیەکی کەم ئیتر جیهان نامبینێت، بەڵام ئێوە دەمبینن. لەبەر ئەوەی زیندووم و ئێوەش دەژین. 20 لەو ڕۆژەدا دەزانن من لە باوکمدام، ئێوەش لە مندان، منیش لە ئێوەدام. 21 ئەوەی ڕاسپاردەکانی منی لەلایە و کاریان پێ دەکات، ئەوا منی خۆشدەوێت. ئەوەی منی خۆشبوێ، باوکیشمی خۆشدەوێت، منیش خۆشمدەوێت و خۆمی بۆ دەردەخەم.»

22 ئینجا یەهوزایەکی دیکە کە یەهوزای ئەسخەریوتی نەبوو لێی پرسی: «گەورەم، بۆچی دەتەوێ خۆت بۆ ئێمە دەربخەیت، بەڵام بۆ جیهان نا؟»

23 عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەوەی منی خۆشبوێ کار بە وتەکانم دەکات، باوکیشم خۆشی دەوێت و من و باوک دێینە لای و لەلای ئەویش نیشتەجێ دەبین. 24 ئەوەش کە منی خۆشناوێت کار بە وتەکانم ناکات. ئەم وتانەی گوێتان لێی دەبێت هی من نییە، بەڵکو هی ئەو باوکەیە کە ناردوومی.

25 «ئەمانەم پێ گوتن کە هێشتا لەلاتانم. 26 بەڵام یارمەتیدەرەکە، ڕۆحی پیرۆز، ئەوەی باوک بە ناوی منەوە دەینێرێت، ئەو هەموو شتێکتان فێردەکات و هەموو ئەو شتانەی پێم گوتوون بیرتان دەخاتەوە[a].

ئاشتی عیسا

27 «ئاشتیتان بۆ بەجێدەهێڵم، ئاشتی خۆمتان دەدەمێ. ئەوەی من دەتاندەمێ وەک ئەوە نییە کە جیهان دەتانداتێ. نیگەران مەبن و مەترسن. 28 گوێتان لێبوو پێم گوتن: ”دەڕۆم و دێمەوە لاتان.“ ئەگەر منتان خۆشبوێ، دڵشاد دەبن کە دەچمە لای باوک، چونکە باوک لە من مەزنترە. 29 ئەوەتا ئێستا پێش ڕوودانی پێم گوتن، تاکو کاتێک ڕوویدا باوەڕ بهێنن. 30 لەمەولا زۆر قسەتان لەگەڵ ناکەم، چونکە سەرۆکی ئەم جیهانە[b] وا دێت. هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر مندا نییە، 31 بەڵام ئەو دێت تاکو جیهان بزانێت باوکم خۆشدەوێت و بەو شێوەیە کار دەکەم کە باوک ڕایسپاردووم.

«هەستن با لێرە بڕۆین.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.