Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 20

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.

20 با یەزدان لە ڕۆژی تەنگانەدا بە دەنگتەوە بێت،
    با ناوی خودای یاقوب بتپارێزێت.
با لە پیرۆزگاکەیەوە یارمەتیت بۆ بنێرێت و
    لە سییۆنەوە پشتگیریت بکات.
با هەموو قوربانییەکانی تۆی لەبیربێت و
    هەموو قوربانی سووتاندنەکانی تۆ قبوڵ بکات.[a]
با ئارەزووی دڵت بهێنێتە دی و
    هەموو مەبەستەکانت بە ئەنجام بگەیەنێت.
هەلهەلە لێدەدەین بۆ ڕزگاربوونت و
    بە ناوی خودامانەوە ئاڵا بەرز دەکەینەوە.

با یەزدان هەموو داواکارییەکانت بەجێبهێنێت.

ئێستا زانیم کە یەزدان دەستنیشانکراوەکەی[b] ڕزگار دەکات،
    لە پیرۆزگا ئاسمانییەکەی خۆیەوە بە دەنگییەوە دێت،
    بە توانای ڕزگاریی دەستە ڕاستی.
هەندێک شانازی بە گالیسکە دەکەن و هەندێک بە ئەسپ،
    بەڵام ئێمە شانازی بە ناوی یەزدانی پەروەردگارمان دەکەین.
ئەوان چەمانەوە و کەوتن،
    بەڵام ئێمە هەستاین و چەسپاین.
ئەی یەزدان، پاشا ڕزگار بکە!
    کە لێت دەپاڕێینەوە بەدەنگمانەوە وەرە!

سەرژمێری 9:15-23

هەور لەسەر چادری پەرستن

15 لە ڕۆژی دامەزراندنی چادرەکەی پەرستن کە بە چادری پەیمان ناسراوە، هەورێک چادرەکەی پەرستنی داپۆشی. هەر لە ئێوارەوە هەتا بەیانی هەورەکە لەسەر چادرەکەی پەرستن وەک دیمەنی ئاگر بوو. 16 بە بەردەوامی ئاوا بوو، هەور دایدەپۆشی و بە شەویش هەورەکە دیمەنی ئاگری هەبوو. 17 هەر کاتێکیش هەورەکە لەسەر چادرەکە بەرز دەبووەوە، ئەوا نەوەی ئیسرائیل لەدوای ئەوە بەڕێ دەکەوتن. لەو شوێنەی هەورەکە بنیشتبایەوە ئەوا نەوەی ئیسرائیل لەوێ چادریان هەڵدەدا. 18 بە فەرمانی یەزدان نەوەی ئیسرائیل بەڕێ دەکەوتن و بە فەرمانی یەزدان چادریان هەڵدەدا، هەموو ڕۆژانی نیشتنی هەورەکە بەسەر چادرەکەی پەرستندا ئەوان لە چادرەکانی خۆیان دەمانەوە. 19 هەر کاتێک هەورەکە چەند ڕۆژێکی زۆر لەسەر چادرەکەی پەرستن دەمایەوە، ئەوا نەوەی ئیسرائیل گوێڕایەڵی یەزدان دەبوون و بەڕێ نەدەکەوتن. 20 هەر کاتێک هەورەکە چەند ڕۆژێکی کەم لەسەر چادری پەرستن دەمایەوە، ئەوا بەگوێرەی فەرمانی یەزدان چادریان هەڵدەدا و بەگوێرەی فەرمانی یەزدان بەڕێ دەکەوتن. 21 هەندێک جار هەورەکە لە ئێوارەوە هەتا بەیانی دەمایەوە و لە بەیانیدا بەرز دەبووەوە، ئەو کاتە بەڕێ دەکەوتن. یان شەو و ڕۆژێک بمابایەوە و بەرز بووایەوە، ئەوا بەڕێ دەکەوتن. 22 بەم جۆرە هەورەکە دوو ڕۆژ یان مانگێک یان ساڵێک، هەرچەندێک لەسەر چادرەکەی پەرستن بمابووایەوە و بنیشتبایەوە، ئەوا نەوەی ئیسرائیل لە چادرەکانیان دەمانەوە و بەڕێ نەدەکەوتن، هەر کاتێکیش بەرز بووایەوە ئەوا بەڕێ دەکەوتن. 23 بە فەرمانی یەزدان چادریان هەڵدەدا و بە فەرمانی یەزدان بەڕێ دەکەوتن و ئەرکی یەزدانیان دەپاراست، بەگوێرەی فەرمانی یەزدان لەسەر دەستی موسا.

ئاشکراکردن 4:1-8

بینینی تەختی پاشایانەی خودا

پاش ئەمە تەماشام کرد دەرگایەکی کراوەم بینی لە ئاسماندا، ئەو دەنگەش کە یەکەم جار وەک کەڕەنا هاتە گوێم[a]، پێی فەرمووم: «سەربکەوە بۆ ئێرە، ئەوەت پیشان دەدەم کە دوای ئەمە پێویستە ڕووبدات.» دەستبەجێ ڕۆحی پیرۆزم هاتە سەر و تەختێکم بینی لە ئاسمان دانرابوو، لەسەر تەختەکەش یەکێک دانیشتبوو. ڕوخساری دانیشتووەکە لە بەردی یەشب و یاقووتی سوور دەچوو، پەلکەزێڕینەیەکیش وەک زمروود لە دەوری تەختەکە دەدرەوشایەوە. لە دەوری تەختەکەش بیست و چوار تەخت هەبوون، بیست و چوار پیریش کە جلی سپییان پۆشی بوو لەسەر تەختەکان دانیشتبوون و تاجی زێڕینیان لەسەر بوو. لە تەختەکەوە هەورە بروسکە و دەنگەدەنگ و هەورەگرمە دەهات، لەبەردەم تەختەکەش حەوت چرای ئاگرین دەسووتان، کە حەوت ڕۆحەکەی خودان. لەبەردەم تەختەکەش شوێنێکی وەک دەریایەکی شووشەیی هەبوو، وەک کریستاڵ.

لەناوەڕاست، لە دەوروبەری تەختەکە چوار بوونەوەر هەبوون، لەپێش و پاش بە چاو داپۆشرا بوون. بوونەوەری یەکەم وەک شێر بوو، دووەم بوونەوەر وەک جوانەگا، سێیەم بوونەوەر ڕوخسارێکی وەک مرۆڤی هەبوو، چوارەم بوونەوەر وەک هەڵۆیەکی فڕیو بوو. چوار بوونەوەرەکە هەریەکەیان شەش باڵی هەبوو، دەوروبەر و ژێر باڵیشیان بە چاو داپۆشرابوو، تەنانەت لەژێر باڵەکانی، شەو و ڕۆژ بێ وەستان دەڵێن:

«پیرۆزە، پیرۆزە، پیرۆزە،
خودای پەروەردگاری هەرە بە توانا،
ئەوەی هەبووە و هەیە و دێت.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.