Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
12 خۆزگە دەخوازرێ بەو نەتەوەیەی کە یەزدانی خودایانە،
بەو گەلەی هەڵیبژاردووە بۆ میراتی خۆی.
13 یەزدان لە ئاسمانەوە دەڕوانێتە خوارێ،
هەموو ئادەمیزاد دەبینێت.
14 لە نشینگەکەی خۆیەوە
چاودێری هەموو دانیشتووانی زەوی دەکات.
15 ئەو کە شێوەی دڵی هەمووانی دروستکردووە،
ئاگاداری هەموو کردەوەکانیانە.
16 هیچ پاشایەک بە گەورەیی سوپاکەی ڕزگاری نابێت،
هیچ پاڵەوانێک بە هێزی بازووی دەرباز نابێت.
17 ئەسپ ئومێدێکی دۆڕاوە بۆ ڕزگار بوون،
بە توندی هێزی ناتوانێت کەس دەرباز بکات.
18 بەڵام یەزدان چاوی لەوانەیە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە،
ئەوانەی هیوایان بە خۆشەویستی نەگۆڕی ئەوە.
19 بۆ ئەوەی لە مردندا فریایان بکەوێت و
لە قاتوقڕیدا ژیانیان دابین بکات.
20 ئێمە بە ئومێدی چاوەڕوانی یەزدانین،
یەزدان یارمەتیدەر و قەڵغانمانە.
21 دڵمان بەو خۆشە،
چونکە ئێمە پشت بە ناوی پیرۆزی ئەو دەبەستین.
22 ئەی یەزدان، با خۆشەویستی نەگۆڕت بەسەرمانەوە بێت،
بەگوێرەی هیوامان بە تۆ.
37 «لەبەر ئەمە دڵم خورپە دەکات و
لە جێی خۆی دەست دەکات بە کوتان.
2 بۆ نەڕەی دەنگەکەی و گرمەگرمی دەمی
گوێ شل بکە!
3 لەژێر هەموو ئاسمان هەتا ئەوپەڕی زەوی،
بە بروسکەکەی دەردەبڕێت.
4 لەدوای ئەوەش هەر دەنگی نەڕەکەی دێت،
بە دەنگی پڕ شانازییەکەی دەگرمێنێت.
کاتێک دەنگ دەداتەوە
بروسکەکەی ڕاناگرێت.
5 خودا بە دەنگێکی سەرسوڕهێنەر دەگرمێنێت؛
کاری مەزنی وا دەکات کە ئێمە تێیناگەین.
6 چونکە بە بەفر دەفەرموێت: ”بکەوە سەر زەوی،“
هەروەها بە تاوە باران دەفەرموێت: ”بە لێزمە ببارێ.“
7 مۆر لە دەستی هەموو مرۆڤێک دەدات،
بۆ ئەوەی هەموو خەڵکی دروستکەری خۆیان بناسن.
8 گیانلەبەران دەچنە ناو لانەکانی خۆیانەوە و
لەناو کونەکانی خۆیان دەمێننەوە.
9 لە باشوورەوە ڕەشەبا دێت و
لە باکووریشەوە سەرما.
10 لە هەناسەی خوداوە بەستەڵەک پەیدا دەبێت و
سەر ڕووی ئاوەکان دەبنە سەهۆڵ.
11 هەروەها هەورەکان بە شێ بار دەکات؛
بروسکەکەی بەناو هەورەکاندا پەرت دەکات.
12 بەگوێرەی خواستی ئەو
لەسەر ڕووی زەوی ئاوەدان دەگەڕێن
هەتا هەموو ئەوە بکات کە فەرمانی پێ دەکرێت.
13 هەورەکان دەهێنێت بۆ تەمبێکردنی خەڵک،
یان بۆ ئەوەی ئاو بداتە زەوییەکەی و
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی پیشان بدات.
50 ئەی خوشک و برایانم، ئەوەتان پێ دەڵێم: گۆشت و خوێن ناتوانێت ببێتە میراتگری شانشینی خودا، هەروەها فەوتاو نابێتە میراتگری نەفەوتاو. 51 ئەوەتا نهێنییەکتان پێ دەڵێم: هەموومان ناخەوین، بەڵکو هەموومان دەگۆڕدرێین، 52 لە ساتێکدا، لە چاوتروکانێک، کاتێک دوا کەڕەنا لێدەدرێت. لەبەر ئەوەی کەڕەنا دەنگ دەداتەوە، مردووانیش بێ فەوتان هەڵدەستێنرێنەوە، ئێمەش دەگۆڕدرێین، 53 چونکە هەر دەبێ ئەو سروشتە فەوتاوە نەفەوتاوی بپۆشێت و سروشتی مردوو نەمری بپۆشێت. 54 کاتێک فەوتاو نەفەوتاوی دەپۆشێت و مردن نەمری دەپۆشێت، ئەوسا وشەی نووسراو دێتە دی:
56 جا پێوەدانی مردن گوناهە، هێزی گوناهیش شەریعەتە. 57 بەڵام سوپاس بۆ خودا! لە ڕێگەی عیسای مەسیحی گەورەمان سەرکەوتن بە ئێمە دەبەخشێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.