Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 47

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،

زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.

47 ئەی هەموو نەتەوەکان، چەپڵە لێبدەن،
    بە هاواری شادییەوە هوتاف بۆ خودا بکێشن.

چونکە یەزدانی هەرەبەرز بە سامە،
    پاشایەکی گەورەیە بەسەر هەموو زەوییەوە.
نەتەوەکانی خستە ژێر دەستمان،
    گەلانی خستە ژێر پێمان.
میراتی بۆ هەڵبژاردین،
    کە شانازی یاقوبە[a]، ئەوانەی خۆشویست.[b]

لەناو هوتافی شادی خودا بەرزبووەوە[c]،
    یەزدان بەرزبووەوە، لەگەڵ دەنگی کەڕەنا.
گۆرانی ستایش بۆ خودا بڵێن، گۆرانی ستایش،
    گۆرانی ستایش بۆ پاشامان بڵێن، گۆرانی ستایش.
چونکە خودا پاشای هەموو زەوییە،
    هۆنراوەی ستایشی بە گۆرانی بۆ بڵێن.

خودا پاشایەتی نەتەوەکان دەکات،
    خودا لەسەر تەختی پیرۆزی خۆی دادەنیشێت.
سەروەرانی گەلان وەک گەلی خودای ئیبراهیم کۆبوونەوە،
    چونکە پاشاکانی[d] زەوی هی خودان،
    ئەو پایەی زۆر بەرزبووەوە.

دەرچوون 24:15-18

15 ئیتر موسا بەسەر کێوەکە کەوت و هەور کێوەکەی داپۆشی. 16 شکۆمەندی یەزدانیش لەسەر شاخی سینا نیشتەوە. بۆ ماوەی شەش ڕۆژ هەور کێوەکەی داپۆشی، لە ڕۆژی حەوتەم لەنێو هەورەوە موسای بانگکرد. 17 دیمەنی شکۆمەندی یەزدانیش وەک ئاگرێکی بێ ئامان بوو لەسەر کێو، لەبەرچاوی نەوەی ئیسرائیل. 18 ئینجا موسا هاتە ناو هەورەکەوە و بۆ سەر کێوەکە سەرکەوت. موسا چل شەو و چل ڕۆژی پێچوو لە کێوەکە.

ئاشکراکردن 1:9-18

بینینی مەسیحی زیندوو

من یۆحەنای براتانم، کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسادا هاوبەشتانم لە تەنگانە و شانشین و دانبەخۆداگرتن، لە پێناوی پەیامی خودا و شایەتی بۆ عیسا لە دوورگەی پەتمۆس بووم. 10 لە ڕۆژی یەزداندا ڕۆحی پیرۆزم هاتە سەر و لە پشتمەوە گوێم لە دەنگێکی گەورە بوو، وەک هی کەڕەنا بوو، 11 دەیفەرموو: «ئەوەی دەیبینی لە پەڕتووکێک بینووسەوە و بۆ حەوت کڵێساکەی بنێرە، واتە ئەفەسۆس و سمیرنا و پرگامۆس و سیاتیرا و ساردس و فیلادەلفیا و لاودیکییا.[a]»

12 ئاوڕم دایەوە تاکو ئەو دەنگە ببینم کە لەگەڵم دەدوا، کاتێک ئاوڕم دایەوە حەوت چرادانی زێڕینم بینی، 13 لەناوەڕاستی چرادانەکاندا یەکێکم وەک کوڕی مرۆڤ[b] بینی، جلێکی شۆڕی لەبەردا بوو هەتا بەرپێی، پشتێنێکی زێڕینی بە سنگییەوە بەستبوو. 14 سەر و قژی سپی وەک خوری و وەک بەفر سپی بوون و چاوەکانی وەک گڕی ئاگر بوون. 15 پێیەکانی وەک بڕۆنزێکی بریقەدار کە لە کوورە پوختە کرابێت وابوون، دەنگیشی وەک هاژەی تاڤگە وابوو، 16 حەوت ئەستێرە لە دەستی ڕاستی بوون، شمشێرێکی دوو دەمیش لە دەمیەوە دەردەچوو، ڕوخساری وەک تیشکی بەتینی ڕۆژ دەدرەوشایەوە.

17 کاتێک بینیم وەک مردوو لەبەرپێی کەوتم، دەستی ڕاستی خستە سەرم و فەرمووی: «مەترسە، من یەکەمین و کۆتاییم. 18 منم ئەوەی زیندووە، پێشتر مردم، بەڵام ئەوەتا ئێستا بۆ هەتاهەتایە زیندووم! هەروەها کلیلەکانی مردن و جیهانی مردووانم[c] پێیە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.