Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێک
98 گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، گۆرانییەکی نوێ،
چونکە کاری سەرسوڕهێنەری کردووە.
دەستە ڕاست و بازووی پیرۆزی،
سەرکەوتنیان بۆ بەدەستهێناوە.
2 یەزدان ڕزگاریی خۆی ڕاگەیاند،
ڕاستودروستییەکەی بۆ گەلان دەرخست.
3 خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی و دڵسۆزییەکەی،
بەیادهێنایەوە بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.
هەموو زەوی هەتا ئەوپەڕی دنیا،
ڕزگاریی خودای ئێمەیان بینی.
4 ئەی سەراپای زەوی هاواری شادی بکەن بۆ یەزدان،
بە دەنگی بەرز گۆرانی بڵێن و هەلهەلە لێ بدەن.
5 بە قیسارە مۆسیقای بۆ یەزدان بژەنن،
بە قیسارە و دەنگی گۆرانی.
6 بە زوڕنا و دەنگی کەڕەنا،
هاواری شادی بکەن بەرامبەر بە یەزدانی پاشا.
7 با دەریا و هەرچی تێیدایە،
با جیهان و دانیشتووانی بخرۆشێن.
8 با ڕووبارەکان چەپڵە لێبدەن و
هەموو چیاکان هەلهەلە لێبدەن، 9 لەبەردەم یەزدان،
چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات،
بە ڕاستودروستی دادوەری جیهان دەکات،
گەلانیش بە دادپەروەری.
5 خودای پەروەردگار، بەدیهێنەری ئاسمان و لێککەرەوەی،
ڕاخەری زەوی و ئەوەی لێی بەرهەم دێت،
هەناسەی داوە بەو گەلەی لەسەریەتی،
ڕۆحیش بەوانەی هاتوچۆی تێدا دەکەن،
ئەمە دەفەرموێت:
6 «من یەزدانم، بە ڕاستودروستی بانگم کردیت،
جا دەستت دەگرم و دەتپارێزم،
دەتکەمە پەیمان بۆ گەل و ڕووناکی بۆ نەتەوەکان.
7 بۆ ئەوەی چاوی نابیناکان بکەیتەوە،
بۆ ئەوەی دیلەکان لە زیندان دەربهێنیت،
لە بەندیخانەش دانیشتووان لە تاریکی.
8 «من یەزدانم، ئەمەیە ناوم و
شکۆمەندی خۆم نادەمە کەسی دیکە و
ستایشم نادەمە بتە تاشراوەکان.
9 ببینن، ئەوەی لە ڕابردوو گوترا هاتە دی،
ئێستاش شتی نوێتان پێ ڕادەگەیەنم،
پێش ئەوەی سەر دەربێنێت
من پێتانی دەڵێم.»
وتاری پەترۆس
34 پەترۆس دەمی کردەوە و گوتی: «لەڕاستیدا تێگەیشتم خودا لایەنگری کەس ناکات، 35 بەڵکو لە هەر نەتەوەیەک ئەوەی ترسی ئەوی لە دڵدا بێت و کاری ڕاستودروست بکات، لەلای پەسەندە. 36 ئەو پەیامە دەزانن کە خودا بۆ گەلی ئیسرائیلی نارد، مزگێنیی ئاشتی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە ڕادەگەیەنێت، کە پەروەردگاری هەمووانە. 37 ئەو شتانە دەزانن کە لە هەموو یەهودیا ڕوویدا، بە دەستپێکردن لە جەلیلەوە دوای ئەوەی یەحیا لەئاوهەڵکێشانەکەی ڕاگەیاند، 38 چۆن خودا بە ڕۆحی پیرۆز و هێز عیسای ناسیرەیی دەستنیشان کرد[a]، ئەوەی دەگەڕا و چاکەی دەکرد و هەموو ئەوانەی ئیبلیس دەستی بەسەریاندا گرتبوو چاکی دەکردنەوە، چونکە خودا لەگەڵی بوو.
39 «ئێمە شایەتی هەموو ئەو شتانەین کە لە ناوچەی یەهودیا و ئۆرشەلیم کردی. ئەوەی بە هەڵواسینی بە دارەوە کوشتیان، 40 بەڵام خودا لە ڕۆژی سێیەمدا لەنێو مردوواندا هەڵیستاندەوە وای کرد دەربکەوێت، 41 نەک بۆ هەموو گەل، بەڵکو بۆ ئەو شایەتانەی کە خودا پێشتر هەڵیبژاردن، بۆ ئێمە کە پاش هەستانەوەی لەنێو مردووان، لەگەڵیدا خواردمان و خواردمانەوە. 42 ئینجا فەرمانی پێداین جاڕبدەین بۆ گەل و شایەتی بدەین کە خودا ئەوی بە دادوەری زیندووان و مردووان داناوە. 43 هەموو پێغەمبەران شایەتی بۆ دەدەن کە هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت، بەخشینی گوناهەکانی بە ناوی ئەو دەست دەکەوێت.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.