Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
کردار 10:44-48

وەرگرتنی ڕۆحی پیرۆز

44 کاتێک پەترۆس باسی ئەم شتانەی دەکرد، ڕۆحی پیرۆز ڕژایە سەر هەموو ئەوانەی گوێیان لە وشەکە گرتبوو. 45 ئەو باوەڕدارانەی لە خەتەنەکراوان بوون سەریان سوڕما، هەموو ئەوانەی لەگەڵ پەترۆس بوون، چونکە وەک دیارییەک ڕۆحی پیرۆز بەسەر نەتەوەکانیشدا ڕژا، 46 چونکە گوێیان لێیان بوو بە زمانە ڕۆحییەکان دەدوێن و ستایشی خودا دەکەن.

ئینجا پەترۆس گوتی: 47 «کەس هەیە ڕێگا بگرێت لە ئەمانەی وەک ئێمە ڕۆحی پیرۆزیان وەرگرتووە لە ئاو هەڵنەکێشرێن؟» 48 بۆیە فەرمانی پێدان بە ناوی عیسای مەسیح لە ئاو هەڵبکێشرێن. ئینجا داوایان لە پەترۆس کرد چەند ڕۆژێک بمێنێتەوە.

زەبوورەکان 98

زەبوورێک

98 گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، گۆرانییەکی نوێ،
    چونکە کاری سەرسوڕهێنەری کردووە.
دەستە ڕاست و بازووی پیرۆزی،
    سەرکەوتنیان بۆ بەدەستهێناوە.
یەزدان ڕزگاریی خۆی ڕاگەیاند،
    ڕاستودروستییەکەی بۆ گەلان دەرخست.
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی و دڵسۆزییەکەی،
    بەیادهێنایەوە بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.
هەموو زەوی هەتا ئەوپەڕی دنیا،
    ڕزگاریی خودای ئێمەیان بینی.

ئەی سەراپای زەوی هاواری شادی بکەن بۆ یەزدان،
    بە دەنگی بەرز گۆرانی بڵێن و هەلهەلە لێ بدەن.
بە قیسارە مۆسیقای بۆ یەزدان بژەنن،
    بە قیسارە و دەنگی گۆرانی.
بە زوڕنا و دەنگی کەڕەنا،
    هاواری شادی بکەن بەرامبەر بە یەزدانی پاشا.

با دەریا و هەرچی تێیدایە،
    با جیهان و دانیشتووانی بخرۆشێن.
با ڕووبارەکان چەپڵە لێبدەن و
هەموو چیاکان هەلهەلە لێبدەن،     لەبەردەم یەزدان،
چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات،
    بە ڕاستودروستی دادوەری جیهان دەکات،
    گەلانیش بە دادپەروەری.

یەکەم یۆحەنا 5:1-6

باوەڕهێنان بە مەسیح

هەرکەسێک باوەڕی بەوە هەبێت کە عیسا مەسیحە، ئەوە لە خوداوە لەدایک بووە. هەرکەسێک باوکی خۆشبوێ، ئەوەشی خۆشدەوێت کە لێی لەدایک بووە. بەمەدا دەزانین ڕۆڵەکانی خودامان خۆشدەوێت: کە خودامان خۆشبوێت و ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنین. ئەمە خۆشەویستی خودایە، ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنن، ڕاسپاردەکانیشی قورس نین، چونکە هەرکەسێک لە خوداوە لەدایک بووبێت جیهان دەبەزێنێت، ئەمەش ئەو سەرکەوتنەیە کە جیهان دەبەزێنێت، باوەڕمانە. کێیە جیهان دەبەزێنێت؟ تەنها ئەو کەسەی باوەڕی هەیە کە عیسا کوڕی خودایە.

ئەمە ئەوەیە کە بە ئاو و خوێن هاتووە، عیسای مەسیح، نەک تەنها بە ئاو، بەڵکو بە ئاو و بە خوێن. ڕۆحی پیرۆزیش شایەتی دەدات، چونکە ڕۆحەکە ڕاستییە.

یۆحەنا 15:9-17

«هەروەک چۆن باوک منی خۆشویستووە، ئاوا ئێوەم خۆشویستووە، جا بە خۆشەویستییەکەمەوە پەیوەست بن. 10 ئەگەر ئێوە کار بە ڕاسپاردەکانم دەکەن، بە خۆشەویستییەکەمەوە پەیوەست دەبن، هەروەک من کارم بە ڕاسپاردەکانی باوکم کردووە و بە خۆشەویستییەکەیەوە پەیوەست دەبم. 11 ئەم شتانەم پێ گوتن تاکو خۆشی منتان تێدابێت و خۆشیتان پڕ و تەواو بێت. 12 ڕاسپاردەی من ئەمەیە: یەکتریتان خۆشبوێ وەک خۆشمویستن. 13 کەس خۆشەویستی لەمە گەورەتری نییە کە یەکێک ژیانی خۆی بۆ دۆستەکانی دابنێت. 14 ئێوە دۆستی منن، ئەگەر کار بەوە بکەن کە ڕاتاندەسپێرم. 15 ئیتر بە کۆیلە ناوتان نابەم، چونکە کۆیلە نازانێت گەورەکەی چی دەکات. بەڵام ناوی دۆستم لێنان چونکە هەرچییەکم لە باوکمەوە بیستبوو پێم ڕاگەیاندن. 16 ئێوە منتان هەڵنەبژارد، بەڵکو من ئێوەم هەڵبژارد، دەستنیشانم کردن تاکو بڕۆن بەرهەم بهێنن و بەرهەمەکەتان بمێنێت، تاکو هەرچییەک بە ناوی منەوە لە باوک داوا بکەن دەتانداتێ. 17 بەمانە ڕاتاندەسپێرم تاکو یەکتریتان خۆشبوێ.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.