Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 80

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەنی پەیمان. بۆ ئاساف، زەبوورێک.

80 ئەی شوانی ئیسرائیل، گوێ ڕادێرە،
    ئەی ڕابەری یوسف وەک مێگەل،
ئەی ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتوویت[a]، بدرەوشێوە
    لەبەردەم ئەفرایم و بنیامین و مەنەشە.
پاڵەوانیێتی خۆت دەربخە،
    بۆ ڕزگاریی ئێمە وەرە.

ئەی خودایە، بمانگەڕێنەوە،
    ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
    بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.

ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار،
    هەتا کەی لەسەر نوێژی گەلەکەت تووڕە دەبیت؟
تۆ نانی فرمێسکت دەرخوارد داون،
    فرمێسکت پڕ بە پێوانە پێ نۆشیون.
دەمانکەیتە مایەی ناکۆکی لەلای دراوسێکانمان،
    ناحەزانمان لەناو خۆیان پێمان پێدەکەنن.

ئەی خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە،
    ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
    بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.

دار مێوێکت لە میسرەوە گواستەوە،
    نەتەوەکانت وەدەرنا و چاندت.
خاکت بۆ ئامادە کرد،
    ڕەگ و ڕیشەیت داکوتا، زەوی پڕکرد.
10 سێبەرەکەی چیاکانی داپۆشی،
    چڵەکانی ئورزە گەورەکان.
11 لقی هەتا دەریا[b] هاویشت،
    پۆپکەکانی بۆ دەم ڕووبار[c].

12 بۆچی شووراکانیت ڕووخاند
    تاکو هەر ڕێبوارێک لێی بکاتەوە؟
13 بەرازی دارستان وێرانی دەکات،
    زیندەوەرەکانی کێڵگە لەسەری دەلەوەڕێن.
14 ئەی خودای سوپاسالار بمانگەڕێنەوە!
    لە ئاسمانەوە سەیر بکە و ببینە!
    ئەم دار مێوە بەسەربکەوە،
15 ئەو قەدەی دەستی ڕاستت چاندوویەتی،
    ئەو کوڕەی بۆ خۆت بەهێزت کردووە.

16 سووتاوە و بە ئاگر بڕاوەتەوە،
    بە سەرزەنشتی ڕووی تۆ گەلەکەت لەناودەچێت.
17 با دەستت لەسەر مرۆڤی دەستە ڕاستت بێت،
    لەسەر ئەو کوڕەی مرۆڤ بۆ خۆت بەهێزت کردووە.
18 ئینجا لێت هەڵناگەڕێینەوە،
    بمانژیێنەوە و بە ناوی تۆوە نزا دەکەین.

19 ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە!
    ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
    بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.

ئیشایا 32:9-20

ئافرەتانی ئۆرشەلیم

ئەی ئافرەتە لەخۆڕازییەکان،
    هەستن گوێ لە دەنگی من بگرن!
ئەی کیژە دڵنیاکان،
    گوێ شل بکەن بۆ قسەی من!
10 ئەی دڵنیاکان، ڕۆژانێک پتر لە یەک ساڵ
    لەرز دەتانگرێت،
چونکە ڕەزچنین بەسەرچوو و
    کۆکردنەوە نایەت.
11 ئەی ئافرەتە لەخۆڕازییەکان، بلەرزن!
    ئەی کیژە دڵنیاکان لەرز بتانگرێت!
جلتان دابکەنن و خۆتان ڕووت بکەنەوە،
    گوش لە کەمەرتان ببەستن.
12 لە سنگی خۆتان بدەن بۆ کێڵگە بەردارەکان،
    بۆ ڕەزی بەردار،
13 بۆ خاکی گەلەکەم
    دڕکوداڵ دەڕوێت،
بەڵێ، بۆ هەموو ماڵە شادەکان،
    بۆ شارە گەشاوەکە.
14 بێگومان کۆشک چۆڵ دەکرێت،
    شاری قەرەباڵغ چۆڵ دەبێت،
قەڵا و قوللەی چاودێری لەگەڵ زەوی تەخت دەبن بۆ هەتاهەتایە،
    دەبن بە سەیرانگای کەرەکێوییەکان، لەوەڕگا بۆ مێگەلەکان،
15 بۆ ئەوەی لە بەرزاییەوە ڕۆحی خودا بەسەرماندا بڕژێت،
    جا چۆڵەوانی دەبێت بە باخ و
    باخیش بە دارستان دادەنرێت.
16 جا دادپەروەری لە چۆڵەوانی نیشتەجێ دەبێت و
    ڕاستودروستیش لەناو باخ دادەنیشێت.
17 جا ئەنجامدانی ڕاستودروستی ئاشتی دەبێت و
    کاری ڕاستودروستیش ئارامی و ئاسوودەیی هەتاهەتایی.
18 ئینجا گەلی من لە ئاشتی و ئاوەدانی نیشتەجێ دەبێت و
    لە نشینگەی ئاسوودەیی و
    شوێنی پشوودانەکانیان بە ئارامی.
19 تەرزە دەبارێت و دارستانەکان دەکوتێت،
    شارەکە بە تەواوی دەکەوێنێت،
20 بەڵام خۆزگە بە خۆتان
    کاتێک تۆو لەدەم هەموو ئاوەکان دەچێنن و
    گا و گوێدرێژەکانتان دەلەوەڕن.

یاقوب 3:17-18

17 بەڵام ئەو داناییەی لە ئاسمانەوەیە، لەپێش هەموو شتێک پاکە، دواتر ئاشتیخوازە، خۆنەویستە، گوێڕایەڵە، پڕ لە بەزەییە و بەروبوومی چاکە، لایەنگر نییە، دووڕوو نییە. 18 ئاشتیسازان تۆوی ئاشتی دەچێنن و بەرهەمەکەی ڕاستودروستی دەبێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.