Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 135

135 هەلیلویا!

ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
    ئەی بەندەکانی یەزدان، ستایشی بکەن،
ئەی ئەوانەی لە ماڵی یەزدان ڕاوەستاون،
    لە حەوشەی ماڵی خودامان.

ستایشی یەزدان بکەن، چونکە یەزدان چاکە،
    مۆسیقا بۆ ناوی بژەنن، چونکە ئاوا جوانە،
چونکە یەزدان یاقوبی بۆ خۆی هەڵبژاردووە و
    ئیسرائیل بۆ گەنجینەیەکی تایبەتی خۆی.

من دەزانم یەزدان مەزنە،
    پەروەردگارمان لە هەموو خوداوەندەکان مەزنترە.
یەزدان هەرچی پێ خۆشبێت دەیکات،
    لە ئاسمان و لەسەر زەوی،
    لە دەریا و لە هەموو قووڵاییەکان.
لە بنی دنیاوە هەورەکان بەرز دەکاتەوە،
    بروسکە بۆ باران دروستدەکات و
    لە ئەمباری خۆی با دەردێنێت.

ئەو بوو کە نۆبەرەکانی میسری لەناوبرد،
    لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ.
ئەی میسرییەکان، لەنێو ئێوە نیشانە و پەرجووی نارد،
    لە دژی فیرعەون و هەموو خزمەتکارەکانی.
10 ئەو زۆر نەتەوەی لەناوبرد و
    پاشا بە تواناکانی کوشت.
11 سیحۆنی[a] پاشای ئەمورییەکان و
    عۆگی[b] پاشای باشان و
    هەموو پاشاکانی کەنعان
12 خاکەکەیانی کردە میرات،
    میرات بۆ ئیسرائیلی گەلی خۆی.

13 ئەی یەزدان، ناوت هەتاهەتاییە،
    ئەی یەزدان، یادت بۆ نەوە دوای نەوەیە،
14 چونکە یەزدان ئەستۆپاکی گەلی خۆی دەسەلمێنێت،
    میهرەبان دەبێت لەگەڵ خزمەتکارەکانی.

15 بتەکانی نەتەوەکان زێڕ و زیون،
    دەستکردی مرۆڤن.
16 دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن،
    چاویان هەیە، بەڵام نابینن،
17 گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن،
    هەناسە لە دەمیان نییە.
18 دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن،
    هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن.

19 ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ستایشی یەزدان بکەن!
    ئەی بنەماڵەی هارون، ستایشی یەزدان بکەن!
20 ئەی بنەماڵەی لێڤی، ستایشی یەزدان بکەن!
    ئەی ئەوانەی ترسی یەزدانتان لە دڵدایە، ستایشی یەزدان بکەن!
21 ستایش بۆ یەزدان لە سییۆن،
    بۆ ئەوەی لە ئۆرشەلیم نیشتەجێیە.

هەلیلویا!
هەلیلویا!

دانیال 3

پەیکەرە زێڕەکە و کوورە ئاگرەکە

نەبوخودنەسری پاشا پەیکەرێکی لە زێڕ دروستکرد، درێژییەکەی شەست باڵ[a] و پانییەکەی شەش باڵ[b] بوو، لە دەشتی دورا لە هەرێمی بابل داینا. پاشان نەبوخودنەسر پاشا ناردی بەدوای میر[c] و فەرمانڕەوا و پارێزگار و ڕاوێژکار و خەزنەدار و قازی و دادوەر، هەروەها تەواوی کاربەدەستانی دیکەی هەرێمەکان تاوەکو بێن بۆ پەردە هەڵدانەوە لەسەر ئەو پەیکەرەی کە نەبوخودنەسر پاشا داینا. ئیتر میر و فەرمانڕەوا و پارێزگار و ڕاوێژکار و خەزنەدار و قازی و دادوەر، هەروەها تەواوی کاربەدەستانی دیکەی هەرێمەکان هاتن بۆ پەردە هەڵدانەوە لەسەر ئەو پەیکەرەی نەبوخودنەسری پاشا داینا، لەبەردەم ئەو پەیکەرەی نەبوخودنەسری پاشا داینا وەستان.

ئینجا جاڕدەر بە دەنگی بەرز جاڕی دا: «ئەی گەلان و نەتەوەکان و خەڵکی هەموو زمانەکان! فەرمانتان پێکراوە، کاتێک دەنگی کەڕەنا و شمشاڵ و سەمتور و ساز و قیسارە و دووزەلە و هەموو جۆرەکانی مۆسیقا دەبیستن، دەبێت بچنە سەر چۆک و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە زێڕینە ببەن کە نەبوخودنەسری پاشا دایناوە. هەرکەسێک نەچێتە سەر چۆک و کڕنۆش نەبات، هەر ئەو کاتە فڕێدەدرێتە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو.»

لەبەر ئەوە هەر کاتێک هەموو گەلان گوێیان لە دەنگی کەڕەنا و شمشاڵ و سەمتور و ساز و قیسارە و هەموو جۆرەکانی مۆسیقا بووایە، هەموو گەلان و نەتەوەکان و خەڵکی هەموو زمانەکان دەچوونە سەر چۆک و کڕنۆشیان بۆ پەیکەرە زێڕینەکە دەبرد کە نەبوخودنەسری پاشا داینابوو.

لەو کاتەدا چەند ئەستێرەناسێک هاتنە پێشەوە و سکاڵایان لە جولەکەکان کرد، بە نەبوخودنەسر پاشایان گوت: «ئەی پاشا، بۆ هەتاهەتایە هەر بژی! 10 ئەی پاشا، تۆ فەرمانت دەرکرد کە هەرکەسێک گوێی لە دەنگی کەڕەنا و شمشاڵ و سەمتور و ساز و قیسارە و دووزەلە و هەموو جۆرەکانی مۆسیقا بێت، دەبێت بچیتە سەر چۆک و کڕنۆش بۆ پەیکەرە زێڕینەکە ببات، 11 ئەوەی نەچێتە سەر چۆک و کڕنۆش نەبات، ئەوا فڕێدەدرێتە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو. 12 بەڵام چەند پیاوێکی جولەکە هەن کە تۆ بەسەر کاروبارەکانی هەرێمی بابلەوە داتناون، شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ. ئەو پیاوانە هیچ گوێت پێ نادەن. ئەی پاشا، خوداوەندەکانی تۆ ناپەرستن و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە زێڕینە نابەن کە داتناوە.»

13 نەبوخودنەسر زۆر بە قینەوە تووڕە بوو، فەرمانی دا کە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ بهێنن. ئینجا ئەو پیاوانەیان هێنایە بەردەم پاشا. 14 نەبوخودنەسریش پێی گوتن: «ئەی شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ، ئایا ڕاستە ئێوە خوداوەندەکانم ناپەرستن و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە زێڕە نابەن کە دامناوە؟ 15 ئێستا کاتێک گوێتان لە دەنگی کەڕەنا و شمشاڵ و سەمتور و ساز و قیسارە و دووزەلە و هەموو جۆرەکانی مۆسیقا دەبێت، ئەگەر ئامادە بن بچنە سەر چۆک و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە ببەن کە دروستم کردووە، زۆر باشە. بەڵام ئەگەر کڕنۆش نەبەن، هەر لەو کاتەدا فڕێدەدرێنە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو. ئیتر ئەو خوداوەندە کێیە لە دەستم ڕزگارتان دەکات؟»

16 شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ وەڵامی پاشایان دایەوە: «ئەی نەبوخودنەسر، پێویستمان بەوە نییە لەسەر ئەم بابەتە وەڵامت بدەینەوە. 17 ئەی پاشا، ئەگەر بمانخەیتە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو، ئەو خودایەی دەیپەرستین دەتوانێت ڕزگارمان بکات، لە دەستی تۆ دەربازمان دەکات. 18 ئەی پاشا، تەنانەت ئەگەر ڕزگاریشی نەکردین، دەمانەوێ تۆ بزانیت، ئێمە خوداوەندەکانی تۆ ناپەرستین و کڕنۆش بۆ پەیکەرە زێڕینەکەش نابەین کە داتناوە.»

19 ئینجا نەبوخودنەسر زۆر لە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ تووڕە بوو، ڕوخساری گۆڕا. فەرمانی دا کە کوورەکە حەوت جار زیاتر گەرم بکەن لەوەی کە هەمیشە گەرم دەکرێت، 20 هەروەها فەرمانی بە هەندێک لە بەهێزترین سەربازی سوپاکەی کرد کە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ پەلبەست بکەن و فڕێیان بدەنە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو. 21 ئیتر ئەو پیاوانە بە کراس و شەرواڵ و سەر کراس و جلوبەرگەکانیانەوە پەلبەست کران و فڕێدرانە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو. 22 فەرمانەکەی پاشا زۆر توند بوو، کوورەکە زۆر گەرم کرابوو، بڵێسەی ئاگرەکە ئەو پیاوانەی کوشت کە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆیان بەرزکردەوە. 23 ئەو سێ پیاوەش بە پەلبەستکراوی کەوتنە ناو کوورە ئاگرە داگیرساوەکە.

24 لەو کاتەدا نەبوخودنەسر سەری سوڕما و بە پەلە هەستا و بە ڕاوێژکارەکانی گوت: «ئایا سێ پیاوی پەلبەستکراومان فڕێنەدایە ناو ئاگرەکە؟»

ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «ڕاستە، ئەی پاشا.»

25 ئەویش گوتی: «تەماشا بکەن! من چوار پیاو دەبینم دەست و پێ کراوە بەناو ئاگرەکەدا دێن و دەچن، هیچ ئەزیەتیان پێ نەگەیشتووە، ڕوخساری چوارەمیان لە کوڕی خوداوەندەکان دەچێت.»

26 نەبوخودنەسر لە دەرگای کوورە ئاگرە داگیرساوەکە نزیک بووەوە و هاواری کرد: «ئەی شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ! ئەی بەندەکانی خودای هەرەبەرز، وەرنە دەرەوە! وەرنە ئێرە!»

ئینجا شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ لەناو ئاگرەکە هاتنە دەرەوە. 27 میر و فەرمانڕەوا و پارێزگار و ڕاوێژکارانی پاشا کۆبوونەوە، ئەو پیاوانەیان بینی کە ئاگرەکە هیچ هێزێکی لەسەر لەشیان نەبووە، تاڵە مووێکی سەریان نەسووتاوە، ڕەنگی شەرواڵەکانیان نەگۆڕاوە، بۆنی ئاگرەکەشیان نەگرتووە.

28 ئینجا نەبوخودنەسر گوتی: «ستایش بۆ خودای شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ، ئەوەی فریشتەکەی خۆی نارد و بەندەکانی خۆی ڕزگار کرد، ئەوانەی پشتیان بەو بەست و فەرمانی پاشایان شکاند، گیانی خۆیان بەخشی بۆ ئەوەی کڕنۆش بۆ خودایەکی دیکە بێجگە لە خوداکەیان نەبەن و نەیپەرستن. 29 لەبەر ئەوە من فەرمان دەکەم خەڵکی هەر نەتەوە و زمانێک بە خراپە باسی خوداکەی شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ بکەن، پارچەپارچە دەکرێن و ماڵەکانیان دەبێتە کەلاوە، چونکە هیچ خودایەکی دیکە نییە بتوانێت ئاوا ڕزگار بکات.»

30 دوای ئەوە پاشا پایەی شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆی لە هەرێمی بابلدا بەرزکردەوە.

یەکەم یۆحەنا 2:3-11

بەمەدا دەزانین کە ئەومان ناسیوە، ئەگەر کار بە ڕاسپاردەکانی بکەین. ئەوەی گوتی: «ناسیومە» بەڵام ڕاسپاردەکانی بەجێنەگەیەنێت، ئەوا درۆزنە و ڕاستی لەودا نییە. بەڵام ئەوەی گوێڕایەڵی پەیامی خودا بێت، ئەوا بە ڕاستی خۆشەویستی خودا لەو کەسەدا تەواوە. بەمەدا دەزانین کە ئێمە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح دەژین: هەرکەسێک بڵێت: «من بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح دەژیم» دەبێت بەو شێوەیەی بژیێت کە عیسا ژیاوە.

خۆشەویستی ڕاستودروست

خۆشەویستان، ڕاسپاردەیەکی نوێتان بۆ نانووسم، بەڵکو ڕاسپاردەیەکی کۆن کە هەر لە سەرەتاوە هەتانبوو. ڕاسپاردە کۆنەکە ئەو پەیامەیە کە لە سەرەتادا گوێتان لێی بوو. لەگەڵ ئەوەشدا ڕاسپاردەیەکی نوێتان بۆ دەنووسم، ئەو ڕاستییەی کە لە مەسیح و ئێوەدا هەیە، چونکە تاریکی بەسەردەچێت، وا ڕووناکییە ڕاستەقینەکە پڕشنگ دەداتەوە.

ئەوەی گوتی: «من لە ڕووناکیدام» و ڕقی لە خوشکی یان لە براکەی ببێتەوە، ئەوە هەتا ئێستا لە تاریکیدایە. 10 هەرکەسێک خوشکی یان براکەی خۆشبوێ، ئەوا لە ڕووناکیدا دەژیێت و هیچ شتێکی تێدا نییە کە تووشی گوناهیان بکات. 11 بەڵام ئەوەی ڕقی لە برای خۆی ببێتەوە، لە تاریکیدایە و بە تاریکیدا دەڕوات، نازانێت بۆ کوێ مل دەنێت، چونکە تاریکی چاوی کوێر کردووە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.