Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 80

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەنی پەیمان. بۆ ئاساف، زەبوورێک.

80 ئەی شوانی ئیسرائیل، گوێ ڕادێرە،
    ئەی ڕابەری یوسف وەک مێگەل،
ئەی ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتوویت[a]، بدرەوشێوە
    لەبەردەم ئەفرایم و بنیامین و مەنەشە.
پاڵەوانیێتی خۆت دەربخە،
    بۆ ڕزگاریی ئێمە وەرە.

ئەی خودایە، بمانگەڕێنەوە،
    ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
    بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.

ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار،
    هەتا کەی لەسەر نوێژی گەلەکەت تووڕە دەبیت؟
تۆ نانی فرمێسکت دەرخوارد داون،
    فرمێسکت پڕ بە پێوانە پێ نۆشیون.
دەمانکەیتە مایەی ناکۆکی لەلای دراوسێکانمان،
    ناحەزانمان لەناو خۆیان پێمان پێدەکەنن.

ئەی خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە،
    ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
    بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.

دار مێوێکت لە میسرەوە گواستەوە،
    نەتەوەکانت وەدەرنا و چاندت.
خاکت بۆ ئامادە کرد،
    ڕەگ و ڕیشەیت داکوتا، زەوی پڕکرد.
10 سێبەرەکەی چیاکانی داپۆشی،
    چڵەکانی ئورزە گەورەکان.
11 لقی هەتا دەریا[b] هاویشت،
    پۆپکەکانی بۆ دەم ڕووبار[c].

12 بۆچی شووراکانیت ڕووخاند
    تاکو هەر ڕێبوارێک لێی بکاتەوە؟
13 بەرازی دارستان وێرانی دەکات،
    زیندەوەرەکانی کێڵگە لەسەری دەلەوەڕێن.
14 ئەی خودای سوپاسالار بمانگەڕێنەوە!
    لە ئاسمانەوە سەیر بکە و ببینە!
    ئەم دار مێوە بەسەربکەوە،
15 ئەو قەدەی دەستی ڕاستت چاندوویەتی،
    ئەو کوڕەی بۆ خۆت بەهێزت کردووە.

16 سووتاوە و بە ئاگر بڕاوەتەوە،
    بە سەرزەنشتی ڕووی تۆ گەلەکەت لەناودەچێت.
17 با دەستت لەسەر مرۆڤی دەستە ڕاستت بێت،
    لەسەر ئەو کوڕەی مرۆڤ بۆ خۆت بەهێزت کردووە.
18 ئینجا لێت هەڵناگەڕێینەوە،
    بمانژیێنەوە و بە ناوی تۆوە نزا دەکەین.

19 ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە!
    ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە
    بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.

ئیشایا 5:1-7

گۆرانی ڕەزەمێوەکە

با گۆرانی بڵێم بۆ خۆشەویستەکەم،
    گۆرانی خۆشەویستەکەم بۆ ڕەزەمێوەکەی:
خۆشەویستەکەم ڕەزەمێوێکی هەبوو
    لەسەر گردێکی بەپیت.
بنکۆڵی کرد و بەردی لێ بژار کرد،
    شامێویشی لێ چاند.
قوللەیەکی چاودێری لەناوەڕاست بنیاد نا،
    هەروەها گوشەرێکی تێدا هەڵکۆڵی.
بە هیوا بوو ترێ بگرێت،
    بەڵام پەسیرەی[a] کێوی گرت.

«ئێستا ئەی دانیشتووانی ئۆرشەلیم و ئەی پیاوانی یەهودا،
    تکایە لەنێوان من و ڕەزەمێوەکەم دادوەری بکەن.
چی دی هەیە بۆ ڕەزەمێوەکەم بکرێت کە
    من نەمکردبێت؟
کاتێک من هیوادار بووم ترێ بگرێت
    بۆچی پەسیرەی کێوی گرت؟
ئێستا پێتان دەڵێم
    چی لە ڕەزەمێوەکەم دەکەم:
پەرژینەکەی لێ دەکەمەوە و
    دەبێتە لەوەڕگا،
دیوارەکەی دەڕووخێنم،
    دەبێتە پێپەست.
دەیکەمە کەلاوە،
    نە پەرچ دەکرێت و نە ژێری هەڵدەدرێتەوە،
دڕکوداڵ سەرهەڵدەدات.
    فەرمان بە هەورەکان دەکەم
باران بەسەریدا نەبارێنن.»

ڕەزەمێوی یەزدانی سوپاسالار
    بنەماڵەی ئیسرائیلە و
پیاوانی یەهوداش
    نەمامی شادی ئەون.
بە هیوای دادوەری بوو، بەڵام ئەوەتا خوێنڕژانە؛
    بە هیوای ڕاستودروستی بوو، بەڵام ئەوەتا داد و بێدادە.

گەلاتیا 5:16-26

ڕۆح و جەستە

16 پێتان دەڵێم: بە ڕۆحی پیرۆز بژین، ئارەزووی سروشتی دنیایی تێر مەکەن، 17 چونکە ئارەزووی سروشتی دنیایی لە دژی ڕۆحەکەیە، ڕۆحەکەش لە دژی سروشتی دنیاییە. هەریەکەیان بەربەرەکانێی ئەوی دیکە دەکات، تاکو ئەوە نەکەن کە دەتانەوێت. 18 بەڵام ئەگەر ئێوە بە ڕۆحەکە بەڕێوەتان ببات، ئەوا لەژێر سایەی شەریعەتدا نین.

19 ئێستا کردەوەکانی سروشتی دنیایی مرۆڤ ڕوونن، ئەوانیش: داوێنپیسی، گڵاوی، بەڕەڵایی، 20 بتپەرستی، جادووگەری، دوژمنایەتی، یاخیبوون، دڵپیسی، تووڕەبوون، خۆپەرستی، دووبەرەکی، ناکۆکی، 21 چاوپیسی، سەرخۆشی، ڕابواردن، شتی دیکەی وەک ئەمانە، ئاگادارتان دەکەمەوە، وەک پێشتر ئاگادارم کردوونەتەوە: ئەوانەی ئەو کارانە دەکەن نابنە میراتگری شانشینی خودا.

22 بەڵام بەروبوومی ڕۆحی پیرۆز ئەمەیە: خۆشەویستی، خۆشی، ئاشتی، ئارامگرتن، نیانی، چاکە، دڵسۆزی، 23 دڵنەرمی و بەسەرخۆدا زاڵبوون. شەریعەت نییە لە دژی ئەمانە بێت. 24 بەڵام ئەوانەی هی عیسای مەسیحن سروشتی دنیاییان لەگەڵ حەز و ئارەزووەکانیان لە خاچ داوە. 25 ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز بژین، با هەنگاوەکانی ڕۆحەکەش بپارێزین. 26 با لەخۆبایی نەبین، یەکتری تووڕە نەکەین، لەگەڵ یەکتری چاوپیس نەبین.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.