Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
118 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
2 با ئیسرائیل بڵێ:
«خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»
14 یەزدان هێز و گۆرانی منە،
یەزدان بووەتە ڕزگاریی من.
15 دەنگی هەلهەلە و ڕزگاری دێت لە خێوەتی ڕاستودروستان:
«دەستە ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات،
16 دەستە ڕاستی یەزدان بەرز بووەتەوە،
دەستە ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات.»
17 من نامرم، بەڵکو دەژیم و
باسی کردارەکانی یەزدان دەکەم.
18 یەزدان بە توندی تەمبێی کردم،
بەڵام نەیدامە دەست مەرگ.
19 دەرگاکانی ڕاستودروستیم لێ بکەنەوە،
پێیدا دەچمە ژوورەوە و ستایشی یەزدان دەکەم.
20 ئەم دەرگایە هی یەزدانە،
ڕاستودروستان پێیدا دەچنە ژوورەوە.
21 ستایشت دەکەم کە فریام کەوتی،
بۆم بووی بە ڕزگاری.
22 ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە
بوو بە گرنگترین بەردی بناغە[a].
23 ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو،
لەبەرچاومان سەیرە.
24 ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە یەزدان دروستی کردووە،
با تێیدا شاد و دڵخۆش بین.
3 بە درێژایی شەو لەسەر نوێنەکەم
بەدوای ئەو کەسەدا گەڕام کە گیانم خۆشی دەوێت؛
بەدوایدا گەڕام، بەڵام نەمدۆزییەوە.
2 ئێستا هەڵدەستم و بەناو شاردا دەسووڕێمەوە،
بەناو شەقام و گۆڕەپانەکاندا
بەدوای ئەو کەسەدا دەگەڕێم کە گیانم خۆشی دەوێت.
ئیتر بەدوایدا گەڕام، بەڵام نەمدۆزییەوە.
3 تووشی ئێشکگرەکان بووم،
کاتێک بەناو شاردا دەگەڕان.
«ئایا ئەوەی گیانم خۆشی دەوێت ئێوە نەتانبینیوە؟»
4 ئەوەندەی نەمابوو لێیان تێپەڕم
کاتێک ئەوەم بینییەوە کە گیانم خۆشی دەوێت.
گرتم و بەرمنەدا،
هەتا بردمە ماڵی دایکم،
بۆ ژووری ئەو کەسەی کە بە من سکپڕ ببوو.
5 ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم
بە مامز یان مێینەی ئاسکی دەشتودەر،
کە خۆشەویستی هەڵنەستێنن و بە ئاگای نەهێنن
هەتا خۆی حەز دەکات.
6 ئەوە کێیە لە چۆڵەوانییەوە بەدەرکەوت،
وەک ستوونی دووکەڵ،
بە موڕ و بخوور بۆنخۆش کراوە،
بە هەموو بۆنوبەرامێکی بازرگانان؟
7 ببینن! گالیسکەکەی سلێمانە،
شەست پاڵەوان دەوریان داوە
لە پاڵەوانەکانی ئیسرائیل،
8 هەموو شمشێر بەدەستن،
شارەزای جەنگن،
هەریەکە و شمشێرەکەی بە لاڕانیەوەیە،
لەبەر مەترسییەکانی شەو.
9 سلێمانی پاشا گالیسکەیەکی بۆ خۆی دروستکرد
لە داری لوبنان.
10 ستوونەکانی لە زیو دروستکرد،
کاریتەکانی لە زێڕ.
بەرگی دۆشەکەکان ئەرخەوانییە،
ناوەوەی بە ئەوین ڕازێنراوەتەوە.
ئەی کچانی ئۆرشەلیم، 11 وەرنە دەرەوە،
ئەی کچانی سییۆن، ببینن.
سلێمانی پاشا بەو تاجەوە ببینن کە لەسەریەتی،
کە دایکی لەسەری نا
لە ڕۆژی زەماوەندی ژنهێنانی،
لە ڕۆژی شادی دڵی.
زیندووبوونەوەی عیسا
16 کە شەممە بەسەرچوو، مریەمی مەجدەلی و سالومە و مریەمی دایکی یاقوب، بۆنوبەرامیان کڕی تاکو بچن و تەرمی عیسا چەور بکەن. 2 لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، بەیانی زوو لەگەڵ خۆر هەڵاتن، هاتنە سەر گۆڕەکە. 3 بە یەکتریان دەگوت: «باشە کێ بەردی سەر دەرگای گۆڕەکەمان بۆ گلۆر دەکاتەوە؟»
4 بەڵام کە سەیریان کرد، بینییان بەردەکە گلۆر کراوەتەوە، هەرچەندە زۆر گەورە بوو. 5 چوونە ناو گۆڕەکە، گەنجێکیان بینی لەلای ڕاست دانیشتبوو، کەوایەکی سپی لەبەر بوو، ئەوانیش تاسان.
6 پێی گوتن: «مەتاسێن، بە شوێن عیسای ناسیرەیی لەخاچدراو دەگەڕێن. ئەو هەستایەوە! لێرە نییە. ئەوەتا ئەو شوێنەی لێیان دانا. 7 بەڵام بڕۆن و بە قوتابییەکانی و بە پەترۆس بڵێن، ”ئەو پێشتان دەکەوێت بۆ جەلیل، وەک پێی فەرموون لەوێ دەیبینن.“»
8 ژنەکان لە گۆڕەکە هاتنە دەرەوە و بە خێرایی گۆڕستانەکەیان بەجێهێشت. لەرز و سەرسامی دایگرتبوون، هیچیان بە کەس نەگوت، چونکە دەترسان.
⌟
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.