Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
25 لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا تۆ بابەتی ستایشکردنی منی،
نەزرەکانم[a] بەجێدەهێنم لەپێش ئەوانەی ترسی تۆیان هەیە.
26 هەژارەکان دەخۆن[b] و تێر دەبن،
ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن ستایشی دەکەن،
دڵتان بۆ هەتاهەتایە بژیێت.
27 سەرانسەری زەوی یەزدانیان بەبیر دێتەوە و دەگەڕێنەوە لای ئەو،
هەروەها هەموو هۆزەکانی نەتەوەکان لەبەردەمی کڕنۆش دەبەن،
28 چونکە پاشایەتی بۆ یەزدانە و
ئەو فەرمانڕەوایەتی نەتەوەکان دەکات.
29 هەموو دەوڵەمەندەکانی سەر زەوی دەخۆن و کڕنۆشی بۆ دەبەن،
هەروەها هەموو ئەوانەی دەچنە ناو خۆڵ لەبەردەمی ئەو چۆک دادەدەن،
ئەوانەی ناتوانن خۆیان بە زیندوویی بهێڵنەوە.
30 نەوەکان دەیپەرستن،
باسی پەروەردگار بۆ نەوەکانی داهاتوو دەکرێت.
31 ڕاستودروستییەکەی بەو خەڵکانە ڕادەگەیەنن کە هێشتا لەدایک نەبوونە،
چونکە ئەم کارەی[c] کردووە.
7 «ئەی نەوەی ئیسرائیل،
ئایا ئێوە بۆ من وەک نەوەی کوشییەکان[a] نین؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«ئایا ئیسرائیلم لە خاکی میسرەوە نەهێنایە دەرەوە و
فەلەستییەکان لە کریتەوە و
ئارامییەکان لە قییرەوە؟
8 «بە دڵنیاییەوە چاوەکانی یەزدانی باڵادەست
لەسەر پاشایەتییە گوناهبارەکەن.
لەناوی دەبەم لەسەر ڕووی زەوی،
بەڵام بنەماڵەی یاقوب بە تەواوی لەناو نابەم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
9 «چونکە من فەرمان دەدەم و
لەنێو هەموو نەتەوەکان بنەماڵەی ئیسرائیل لە بێژنگ دەدەم،
وەک چۆن بە بێژنگ لە بێژنگ دەدرێت
بێ ئەوەی دەنکێک بکەوێتە سەر زەوی.
10 هەموو گوناهبارانی گەلەکەم
بە شمشێر دەکوژرێن،
هەموو ئەوانەی دەڵێن:
”بەڵا نزیک نابێتەوە و نایەتە ناومان.“
بنیادنانەوەی ئیسرائیل
11 «لەو ڕۆژەدا چادرە ڕووخاوەکەی داود
هەڵدەدەمەوە.
شوورابەندە شکێنراوەکانی بنیاد دەنێمەوە،
ڕووخاوییەکانی دروستدەکەمەوە،
وەک ڕۆژانی ڕابردوو بنیادی دەنێمەوە،
12 تاکو ئەوەی دەبنە خاوەنی پاشماوەی نەتەوەی ئەدۆم و
هەموو ئەو نەتەوانەی ناوی منیان هەڵگرتووە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی ئەم کردارانە ئەنجام دەدات.
13 یەزدان دەفەرموێت:
«سەردەمێک دێت جوتیار بە سەپان دەگاتەوە و
شێلەری ترێش بە چێنەری تۆو.
چیاکان خۆشاوی ترێیان لێ دەتکێت و
هەموو گردەکانیش لێیان دەچۆڕێتەوە.
14 ڕاپێچکراوانی ئیسرائیلی گەلەکەم دەگەڕێنمەوە.
«شارە کاولکراوەکان بنیاد دەنێنەوە و تێیدا نیشتەجێ دەبن.
ڕەزەمێو دەچێنن و شەرابەکەی دەخۆنەوە،
باخ دەچێنن و لە بەرەکەی دەخۆن.
15 لە خاکەکەیاندا دەیانچێنم،
هەرگیز لەو خاکەکەی کە پێم داون هەڵناکەنرێن.»
یەزدانی پەروەردگارت دەفەرموێت.
نموونەی دەنکە خەردەل
30 هەروەها فەرمووی: «شانشینی خودا لە چی دەچێت؟ بە چ نموونەیەک ڕوونی بکەینەوە؟ 31 شانشینی خودا وەک دەنکە خەردەلێکە[a]، کاتێک لەسەر زەوی تۆو دەکرێت، لە هەموو تۆوەکانی سەر زەوی بچووکترە. 32 کاتێک تۆو دەکرێت، گەشە دەکات و لە هەموو ڕووەکەکان گەورەتر دەبێت و لقی گەورە دەردەکات، بە شێوەیەک باڵندەی ئاسمان دەتوانن لەژێر سێبەریدا هێلانە بکەن.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.