Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران.
130 ئەی یەزدان، لە ناخی قووڵاییەکانەوە هاوار بۆ تۆ دەکەم!
2 ئەی پەروەردگار، گوێ لە دەنگم بگرە!
با گوێیەکانت سووک بن بۆ دەنگی پاڕانەوەم.
3 ئەی یەزدان، ئەگەر گوناهەکان تۆمار بکەیت،
ئەی پەروەردگار، کێ دەوەستێت؟
4 بەڵام لێخۆشبوون لەلای تۆیە،
بۆ ئەوەی لێت بترسین.
5 چاوەڕێی یەزدان دەکەم، گیانم چاوەڕێی دەکات،
هیوام بە بەڵێنەکانییەتی.
6 گیانم چاوەڕێی پەروەردگار دەکات،
زیاتر لە ئێشکگر بۆ بەرەبەیان،
زیاتر لە ئێشکگر بۆ بەرەبەیان.
7 ئەی ئیسرائیل، هیوات بە یەزدان هەبێت،
چونکە خۆشەویستی نەگۆڕ لەلای یەزدانە،
توانایەکی زۆریشی هەیە بۆ کڕینەوە.
8 هەر ئەوە ئیسرائیل دەکڕێتەوە
لە هەموو گوناهەکانی.
27 ئەوە بوو بۆ سبەینێ لە دووی مانگیشدا جێگای داود هەر بەتاڵ بوو، شاولیش بە یۆناتانی کوڕی گوت: «بۆچی نە دوێنێ و نە ئەمڕۆ، کوڕەکەی یەسا نەهاتووە بۆ نانخواردن؟»
28 یۆناتانیش وەڵامی شاولی دایەوە: «داود بە پەرۆشەوە داوای لێکردم بچێت بۆ بێتلەحم و 29 گوتی: ”تکایە ڕێم بدە، چونکە لە شارۆچکەکەدا قوربانی سەربڕاوی خێڵەکەمان هەیە و براکەم فەرمانی پێ کردووم، جا ئێستا ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم، تکایە ڕێم بدە با براکانم ببینم،“ لەبەر ئەوە نەهاتووە بۆ خوانی پاشا.»
30 ئینجا شاول زۆر لە یۆناتان تووڕە بوو و پێی گوت: «هەی کوڕی ژنە خواروخێچ و یاخیبووەکە! بۆ من نازانم؟ دۆستایەتیت لەگەڵ کوڕەکەی یەسا شەرمەزاری دێنێتە سەر خۆت و داوێنی دایکت. 31 هەتا کوڕەکەی یەسا لەسەر زەوی زیندوو بێت، نە خۆت و نە پاشایەتییەکەت جێگیر نابن. ئێستاش بنێرە و با بۆ منی بهێنن، چونکە پێویستە بمرێت!»
32 یۆناتانیش وەڵامی شاولی باوکی دایەوە: «بۆچی دەبێت بکوژرێت؟ چی کردووە؟» 33 بەڵام شاول ڕمەکەی تێگرت بۆ ئەوەی بیکوژێت. بەم کارە یۆناتان زانی کە باوکی سوورە لەسەر کوشتنی داود.
34 جا یۆناتان زۆر بە تووڕەیی لەسەر خوانەکە هەستا و لە ڕۆژی دووەمی مانگدا هیچی نەخوارد، چونکە دڵتەنگ بوو بۆ داود، لەبەر ئەوەی باوکی شەرمەزاری کرد.
35 بۆ بەیانی یۆناتان بۆ دیدەنی داود بەرەو کێڵگە چوو، کوڕێکی بچووکیشی لەگەڵ بوو. 36 بە کوڕەکەی گوت: «ڕابکە ئەو تیرانە بدۆزەرەوە کە من دەیانهاوێژم.» لەو کاتەدا کە کوڕەکە ڕایدەکرد، تیرێکی هاویشت و لەوی تێپەڕاند. 37 کاتێک کوڕەکە گەیشتە شوێنی تیرەکە کە یۆناتان هاویشتبووی، جا یۆناتان هاواری لێکرد: «ئەوە تیرەکە نییە، لەوبەری تۆ، لە سەرەوە؟» 38 ئینجا یۆناتان هاواری لە کوڕەکە کرد: «خێرا بکە، پەلە بکە، مەوەستە!» کوڕەکەش تیرەکەی هەڵگرتەوە و بۆ لای گەورەکەی گەڕایەوە. 39 کوڕەکەش هیچی نەدەزانی، بەڵام یۆناتان و داود تێدەگەیشتن. 40 ئینجا یۆناتان چەکەکەی بە خزمەتکارەکەی خۆی دا و پێی گوت: «بڕۆ بیبەوە بۆ شار.»
41 کوڕەکە ڕۆیشت و داودیش لەلای باشووری گابەردەکەوە هەستا، سێ جار لەبەردەم یۆناتان کڕنۆشی برد و لەسەر ڕوو کەوت. ئینجا یەکتریان ماچکرد و پێکەوە گریان، بەڵام داود زیاتر گریا.
42 جا یۆناتان بە داودی گوت: «بە سەلامەتی بڕۆ، چونکە ئێمە هەردووکمان سوێندمان بە ناوی یەزدان خواردووە و گوتوومانە: ”یەزدان بۆ هەتاهەتایە لەنێوان من و تۆ و نەوەکانمان شایەت بێت.“» ئینجا داود هەستا و ڕۆیشت، یۆناتانیش گەڕایەوە شار.
دەرکردنی ڕۆحی پیس
31 پاشان عیسا بەرەو کەفەرناحوم دابەزی، کە شارێکی ناوچەی جەلیلە و لە ڕۆژی شەممەدا خەڵکەکەی فێردەکرد. 32 لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون، چونکە وتەکانی بە دەسەڵاتەوە بوو.
33 لە کەنیشتەکەدا پیاوێک هەبوو ڕۆحی پیسی تێدابوو. بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: 34 «ئای! عیسای ناسیرەیی چیت لێمان دەوێت؟ هاتووی لەناومان ببەیت؟ دەزانم تۆ کێیت، پیرۆزەکەی خودایت.»
35 عیسا لێی ڕاخوڕی و فەرمووی: «بێدەنگ بە! لێی وەرە دەرەوە!» ڕۆحە پیسەکە لەناوەندیان پیاوەکەی بە زەویدا دا و لێی دەرچوو، هیچ زیانیشی پێ نەگەیاند.
36 خەڵکەکەش هەموو سەرسام بوون و بە یەکتریان دەگوت: «ئەمە چ وتەیەکە؟ بە دەسەڵات و هێزەوە فەرمان بە ڕۆحە پیسەکان دەدات و دەردەچن.» 37 ئیتر هەواڵی لە هەموو ناوچەکانی دەوروبەر بڵاو بووەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.