Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
ס (سامخ)
113 ڕقم لە کەسانی دوودڵە،
حەزم لە فێرکردنی تۆیە.
114 تۆ پەناگا و قەڵغانی منیت،
هیوام بە بەڵێنی تۆیە.
115 ئەی بەدکارەکان، لێم دوور بکەونەوە،
تاکو ڕاسپاردەکانی خودای خۆم پەیڕەو بکەم.
116 بەپێی بەڵێنەکەی خۆت پشتم بگرە هەتا بژیم،
لە ئومێدی خۆم شەرمەزارم مەکە.
117 پشتم بگرە و ڕزگاردەبم،
هەمیشە چاوم لە فەرزەکانت دەبێت.
118 هەموو ئەوانەی لە فەرزەکانی تۆ گومڕا بوون ڕەتیان دەکەیتەوە،
چونکە فێڵەکەیان پووچە.
119 هەموو بەدکارانی زەوی وەک خڵت جیا دەکەیتەوە،
بۆیە حەزم لە یاساکانتە.
120 لەشم لە تۆقینی تۆ دەلەرزێت و
لە حوکمەکانت دەترسم.
ע (عەین)
121 دادپەروەری و ڕاستودروستیم بەجێهێناوە،
ڕادەستی زۆردارم مەکە.
122 بەڵێن بدە چاکە لەگەڵ خزمەتکاری خۆت بکەیت،
با لووتبەرزەکان ستەمم لێ نەکەن.
123 چاوم شل بوو لە پەرۆشیم بۆ ڕزگارییەکەت،
بۆ بەڵێنی ڕاستودروستیت[a].
124 بەپێی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت ڕەفتار بکە،
فێری فەرزەکانی خۆتم بکە.
125 من خزمەتکاری تۆم، تێمبگەیەنە،
بۆ ئەوەی لە یاساکانت تێبگەم.
126 کاتی کارکردنە بۆ یەزدان،
چونکە فێرکردنی تۆ شکێنراوە.
127 لەبەر ئەوەی حەز لە ڕاسپاردەکانت دەکەم
زیاتر لە زێڕ، لە زێڕی پوختەکراو،
128 هەروەها لەبەر ئەوەی هەموو ڕێنماییەکانت بە ڕاست دەزانم،
ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە.
6 لە کاتی گەڕانەوەی جەنگاوەران بۆ ماڵەوە، پاش ئەوەی داود فەلەستییەکەی کوشت، ئافرەتان لە هەموو شارۆچکەکانی ئیسرائیلەوە بە گۆرانی و سەماوە بۆ پێشوازی شاولی پاشا هاتنە دەرەوە، بە گۆرانی شادی و دەف و عوودەوە. 7 ژنە سەماکەرەکان بەدەم گۆرانییەوە دەیانگوت:
«شاول هەزارانی کوشت و
داودیش دەیان هەزار.»[a]
8 ئەم قسەیە شاولی پەست کرد و زۆر تووڕە بوو، گوتی: «دەیان هەزارەکانیان دایە داود و بە منیش هەزارەکان، هەر ئەوە ماوە پاشایەتییەکە بۆ ئەو بێت.» 9 ئیتر لەو ڕۆژەوە شاول چاوی لەسەر داود بوو.
10 بۆ ڕۆژی دوای ئەوە ڕۆحێکی بەد لەلایەن خوداوە بە تواناوە هاتە سەر شاول، لەناوەڕاستی ماڵەکەدا وڕێنەی دەکرد، داودیش وەک هەموو ڕۆژێک قیسارەکەی لێدەدا و شاولیش ڕمێکی بەدەستەوە بوو. 11 شاول ڕمەکەی تێگرت و گوتی: «لە داود دەدەم و بە دیوارەکەوە هەڵیدەواسم.» بەڵام داود دوو جار خۆی لە ڕمەکە لادا.
12 لەبەر ئەوەی یەزدان لەگەڵ داود بوو و وازی لە شاول هێنابوو، شاول لێی دەترسا. 13 ئیتر شاول داودی لە خۆی دوورخستەوە و کردی بە سەرکردەی هەزار، ڕابەرایەتی سوپاکەی کرد. 14 داود لە هەموو ئەرکەکانی سەرکەوتوو بوو، لەبەر ئەوەی یەزدانی لەگەڵدا بوو. 15 جا کە شاول بینی زۆر سەرکەوتووە، لێی ترسا. 16 بەڵام هەموو ئیسرائیل و یەهودا داودیان خۆشویست، چونکە لە شەڕ پێشڕەوی دەکردن.
17 ئەوە بوو شاول بە داودی گوت: «من وا مێرەڤی کچە گەورەکەی خۆمت دەدەمێ ببێتە ژنت، تەنها ئەوەندەی کە ئازا بیت بۆم و لە جەنگەکانی یەزدان شەڕ بکەیت.» جا شاول لەبەر خۆیەوە گوتی: «با دەستی منی بەسەرەوە نەبێت، بەڵکو دەستی فەلەستییەکانی بەسەرەوە بێت.»
18 داودیش بە شاولی گوت: «من کێم و ژیانی من و خێڵەکەی باوکم لە ئیسرائیلدا چییە هەتا ببمە زاوای پاشا؟» 19 ئەوە بوو لەو کاتەی کە دەبووایە مێرەڤی کچی شاول بدرێتە داود، کەچی درایە عەدرئێلی مەحۆلاتی و بووە ژنی ئەو.
20 بەڵام میخەلی کچی شاول داودی خۆشویست، جا بە شاولیان ڕاگەیاند، ئەویش ئەم کارەی بەلاوە باش بوو. 21 شاول لە دڵی خۆیدا گوتی: «پێی دەدەم، جا بۆی دەبێت بە تەڵە، دەستی فەلەستییەکانی بەسەرەوە دەبێت.» ئینجا شاول بە داودی گوت: «دەرفەتێکی دیکەت دەدەمێ، ئەمڕۆ دەبیت بە زاوای من؟»
22 شاول فەرمانی بە خزمەتکارەکانی کرد: «بەدزییەوە قسە لەگەڵ داود بکەن و پێی بڵێن: ”ئەوەتا پاشا پێت دڵخۆشە و هەموو خزمەتکارەکانیشی تۆیان خۆشدەوێ، جا ئێستا ببە بە زاوای پاشا.“»
23 خزمەتکارەکانی شاول ئەو قسانەیان بە داود گوت و داودیش پێی گوتن: «ئایا زاوایەتیکردنی پاشا بە کەم دەزانن، لە کاتێکدا من پیاوێکی هەژار و گەدام؟»
24 ئینجا خزمەتکارەکانی شاول قسەکانی داودیان گەیاند. 25 شاولیش گوتی: «ئاوا بە داود بڵێن: ”خۆشی پاشا لە شیربایی نییە، بەڵکو بە سەد پێستی سەری ئەندامی نێرینەی فەلەستییەکانە، بۆ تۆڵەسەندنەوە لە دوژمنەکانی پاشا.“» شاول بیری لەوە دەکردەوە کە داود بە دەستی فەلەستییەکان بکوژرێت.
26 خزمەتکارەکانی ئەو قسانەیان بە داود ڕاگەیاند، داودیش ئەمەی پێ باش بوو کە ببێت بە زاوای پاشا. بۆیە پێش ئەوەی ماوەکە تەواو بێت، 27 هەستا و لەگەڵ پیاوەکانی ڕۆیشتن، دوو سەد پیاویان لە فەلەستییەکان کوشت. داود پێستی سەری ئەندامە نێرینەکانی ئەوانی هێنا و ژمارەی تەواوی دایە پاشا، هەتا ببێتە زاوای. شاولیش میخەلی کچی دایێ هەتا ببێتە ژنی.
28 جا شاول بینی و زانی یەزدان لەگەڵ داودە و میخەلی کچیشی خۆشی دەوێت. 29 شاول زیاتر لە داود ترسا، ئیتر هەتا کۆتایی ژیانی دوژمنی داود بوو.
30 فەرماندە فەلەستییەکان بەردەوام بۆ جەنگ دەچوون، هەر کاتێک دەچوون داود لە هەموو ئەفسەرەکانی شاول سەرکەوتووتر دەبوو، جا ناوبانگی زۆر بڵاو بووەوە.
گەشتێکی ترسناک
13 کە شنەبای باشوور هەڵیکرد، وایانزانی بە مرازیان گەیشتن، لەنگەریان بەرزکردەوە و بە نزیک کەناری کریتدا تێدەپەڕین. 14 بەڵام دوای کەمێک تۆفانێک کە بە «باکووری ڕۆژهەڵات» ناسراوە لەلای دوورگەکەوە هەڵیکرد و 15 کەشتییەکەی گرتەوە و نەیتوانی ڕووبەڕووی بێتەوە، خۆمان بەدەستەوە دا و تۆفانەکە ئێمەی لەگەڵ خۆی برد. 16 تۆفانەکە بەرەو ئێمەی پەنای دوورگەیەکی بچووک برد کە ناوی کەودا بوو، بە زەحمەت توانیمان بەلەمی ڕزگاربوون بخەینە ژێر ڕکێفمانەوە. 17 کاتێک بەلەمەکەیان بەرز کردەوە، گوریسیان بۆ بەستنەوەی کەشتییەکە بەکاردەهێنا. دەترسان بکەونە ناو تەنکاوی[a] سیرتیس، بۆیە لە کەشتییەکەوە لەنگەری دەریایان[b] دابەزاند، بەو شێوەیە تۆفانەکە کەشتییەکەی برد. 18 بۆ بەیانی ڕەشەباکە توند بوو، دەستیان بە سووککردنی بارەکە کرد. 19 لە ڕۆژی سێیەم بە دەستی خۆیان کەلوپەلی کەشتییەکەیان فڕێدا. 20 ماوەیەکی درێژ نە خۆرمان بینی و نە ئەستێرە، ڕەشەباکە بەهێزتر دەبوو، لە کۆتاییدا هەموو هیوایەکی ڕزگاربوونمان بڕا.
21 کاتێک ماوەیەکی زۆر بوو نانیان نەخواردبوو، پۆڵس لەناوەڕاستیان ڕاوەستا و گوتی: «کوڕینە، دەبووایە گوێتان لە من بگرتایە و کریتتان بەجێ نەهێشتایە، ئەوسا لەم تێکشکان و زیانە دوور دەبوون. 22 ئێستاش لێتان دەپاڕێمەوە ورە بەرنەدەن، کەستان ژیانی لەدەست نادات، کەشتییەکە نەبێت، 23 چونکە ئەمشەو فریشتەی ئەو خودایەی من هی ئەوم و دەیپەرستم هاتە لام، 24 گوتی: ”پۆڵس مەترسە! دەبێت تۆ لەبەردەم قەیسەر ڕاوەستیت و ئەوەتا خودا ژیانی هەموو ئەوانەت دەداتێ کە لەگەڵت گەشت دەکەن.“ 25 کەواتە کوڕینە، ورەبەرز بن، چونکە باوەڕم بە خودا هەیە کە ئاوا دەبێت، وەک ئەوەی پێی فەرمووم. 26 بەڵام دەبێت بکەوینە سەر دوورگەیەک.»
27 لە شەوی چواردەیەمیندا کە هێشتا تۆفانەکە لە دەریای ئەدریا کەشتییەکەی لەگەڵ خۆی دەبرد، لە نیوەشەودا کەشتیوانان وایانزانی لە وشکانی نزیک دەبنەوە. 28 کە پێوایان بینییان بیست باڵایە[c]. کەمێک ڕۆیشتن و پێوایانەوە بینییان پازدە باڵایە. 29 دەترسان نەوەک بکەونە سەر بەرد، لە پشتەوە چوار لەنگەریان شۆڕکردەوە و دەپاڕانەوە تاکو ڕۆژ هەڵبێت. 30 کەشتیوانان هەوڵیان دا لە کەشتییەکە هەڵبێن، بەلەمی ڕزگاربوونیان بۆ دەریا شۆڕکردەوە بە بیانووی ئەوەی دەیانەوێ چەند لەنگەرێک لە پێشەوە شۆڕبکەنەوە. 31 پۆڵس بە سەرپەل و سەربازەکانی گوت: «ئەگەر ئەمانە لە کەشتییەکەدا نەمێننەوە، ناتوانن ڕزگارتان بێت.» 32 ئەوسا سەربازەکان گوریسی بەلەمی ڕزگاربوونیان بڕی و وازیان لێی هێنا بکەوێت.
33 کاتێک خەریک بوو ڕۆژ هەڵدەهات، پۆڵس تکای لە هەمووان کرد نان بخۆن، گوتی: «ئەمە ڕۆژی چواردەیەمینە و ئێوە چاوەڕوان و بەردەوامن بێ ئەوەی هیچ بخۆن و هیچ وەربگرن. 34 بۆیە تکاتان لێ دەکەم نان بخۆن، چونکە ئەمە بۆ ڕزگاربوونتانە. کەستان تاڵێک لە قژی سەری نافەوتێت.» 35 کە ئەمەی گوت، نانێکی هەڵگرت و لەبەردەم هەمووان سوپاسی خودای کرد، ئینجا لەتی کرد و دەستی بە خواردن کرد. 36 ئیتر هەموویان ورەیان بەرزبووەوە و نانیان خوارد. 37 ئەوانەی ناو کەشتییەکە هەموومان دوو سەد و حەفتا و شەش کەس بووین. 38 کە تێر نانیان خوارد، بە فڕێدانی دانەوێڵەکە بۆ ناو دەریا کەشتییەکەیان سووککرد.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.