Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ساز، هۆنراوەیەکی داود.
53 گێل لە دڵی خۆیدا دەڵێت:
«خودا نییە.»
ئەوانە گەندەڵن و خراپەکانیان پیسە،
کەس نییە چاکە بکات.
2 خودا لە ئاسمانەوە سەیری ئادەمیزاد دەکات،
هەتا بزانێت کەس هەیە تێگەیشتوو بێت،
کەس هەیە بەدوای خودا بگەڕێت.
3 هەموو هەڵگەڕانەوە،
هەموو گەندەڵ بوون،
کەس نییە چاکە بکات،
تەنانەت یەکێکیش نییە.
4 ئایا گوناهباران فێر نەبن؟
ئەوانەی وەک نان گەلەکەی من دەخۆن و
ئەوانەی لە خودا ناپاڕێنەوە.
5 لەوێ ترسێکی گەورەیان لێ نیشت،
کە هیچ ترسی لێ نەبوو.
خودا ئێسقانی ئەوانە پەرشوبڵاو دەکاتەوە کە گەمارۆیان داویت،
ڕیسوایان دەکەیت، چونکە خودا ڕەتی کردنەوە.
6 با ڕزگاریی ئیسرائیل لە سییۆنەوە دەربکەوێت!
کاتێک خودا گەلەکەی خۆی لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنێتەوە،
با یاقوب شاد و ئیسرائیل دڵخۆش بێت!
24 ئینجا شاول بە ساموئێلی گوت: «گوناهم کرد. سەرپێچی فەرمانی یەزدان و قسەی تۆم کرد، چونکە لە گەل ترسام و بە قسەی ئەوانم کرد. 25 ئێستاش تکایە لە گوناهم خۆشبە و لەگەڵمدا بگەڕێوە، بۆ ئەوەی کڕنۆش بۆ یەزدان ببەم.»
26 بەڵام ساموئێل بە شاولی گوت: «لەگەڵتدا ناگەڕێمەوە، چونکە فەرمایشتی یەزدانت ڕەتکردەوە، یەزدانیش وەک پاشای ئیسرائیل ڕەتی کردوویتەوە.»
27 کاتێک ساموئێل ئاوڕی دایەوە بۆ ئەوەی بڕوات، شاول دامێنی کەواکەی گرت و دڕا. 28 ساموئێلیش پێی گوت: «یەزدان ئەمڕۆ پاشایەتی ئیسرائیلی لێت دابڕی و دای بە نزیکەکەت کە لە تۆ باشترە. 29 هەروەها شکۆی[a] ئیسرائیل درۆ ناکات و بڕیاری ناگۆڕێت، چونکە ئەو مرۆڤ نییە تاکو بڕیاری بگۆڕێت.»
30 شاولیش گوتی: «ئێستا گوناهم کردووە، تکایە لەبەردەم پیرانی گەلەکەم و لەبەردەم ئیسرائیلدا ڕێزم لێبنێ، لەگەڵمدا بگەڕێوە تاکو کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت ببەم.» 31 ئینجا ساموئێل بەدوای شاولدا گەڕایەوە، شاول کڕنۆشی بۆ یەزدان برد.
ناسین بە بەرهەم
43 «هیچ دارێکی باش بەری خراپ نادات و داری خراپیش بەری باش نادات. 44 هەر دارێک بە بەرەکەی دەناسرێتەوە. هەنجیر لە دڕک لێ ناکرێتەوە، لە تووتڕکیش ترێ ناڕنرێتەوە. 45 مرۆڤی چاک لە گەنجینە چاکەکەی دڵ، چاکە دەردەهێنێت، مرۆڤی خراپیش لە خراپەوە خراپە دەردەهێنێت، چونکە ئەوەی لە دڵ هەڵدەقوڵێت دەم پێی دەدوێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.