Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ساز، هۆنراوەیەکی داود.
53 گێل لە دڵی خۆیدا دەڵێت:
«خودا نییە.»
ئەوانە گەندەڵن و خراپەکانیان پیسە،
کەس نییە چاکە بکات.
2 خودا لە ئاسمانەوە سەیری ئادەمیزاد دەکات،
هەتا بزانێت کەس هەیە تێگەیشتوو بێت،
کەس هەیە بەدوای خودا بگەڕێت.
3 هەموو هەڵگەڕانەوە،
هەموو گەندەڵ بوون،
کەس نییە چاکە بکات،
تەنانەت یەکێکیش نییە.
4 ئایا گوناهباران فێر نەبن؟
ئەوانەی وەک نان گەلەکەی من دەخۆن و
ئەوانەی لە خودا ناپاڕێنەوە.
5 لەوێ ترسێکی گەورەیان لێ نیشت،
کە هیچ ترسی لێ نەبوو.
خودا ئێسقانی ئەوانە پەرشوبڵاو دەکاتەوە کە گەمارۆیان داویت،
ڕیسوایان دەکەیت، چونکە خودا ڕەتی کردنەوە.
6 با ڕزگاریی ئیسرائیل لە سییۆنەوە دەربکەوێت!
کاتێک خودا گەلەکەی خۆی لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنێتەوە،
با یاقوب شاد و ئیسرائیل دڵخۆش بێت!
10 ئینجا فەرمایشتی یەزدان هات بۆ ساموئێل و فەرمووی: 11 «خەفەتبارم لەوەی کە شاولم کردە پاشا، چونکە لێم هەڵگەڕاوەتەوە و فەرمانەکانی منی بەجێنەگەیاند.» جا ساموئێل دڵتەنگ بوو، بە درێژایی ئەو شەوە هاواری بۆ یەزدان کرد.
12 بەیانی زوو ساموئێل بۆ بینینی شاول هەستا، جا بە ساموئێل ڕاگەیەنرا: «شاول چوو بۆ کەرمەل[a] و ئەوەتا تاوەرێکی یادەوەری بۆ خۆی داناوە، سووڕاوەتەوە و پەڕیوەتەوە و دابەزیوە بۆ گلگال.»
13 جا ساموئێل هات بۆ لای شاول، شاول پێی گوت: «با بەرەکەتی یەزدانت لەسەر بێت، من فەرمانی یەزدانم بەجێگەیاند.»
14 بەڵام ساموئێل گوتی: «ئەی باعەباعی ئەو مەڕانە چییە لە گوێمدا دێت، ئەی بۆڕەبۆڕی ئەو مانگایانە چییە دەیبیستم؟»
15 شاولیش وەڵامی دایەوە: «لەلای عەمالێقییەکانەوە هێناویانە، ئەوانەیە کە گەل لە باشەکان دەستیان لێ پاراست، لە مەڕ و مانگا، بۆ ئەوەی بۆ یەزدانی پەروەردگارت سەری ببڕن، ئەوانی دیکەشمان بە تەواوی قڕکرد.»
16 ئینجا ساموئێل بە شاولی گوت: «بێدەنگ بە! با ئەوەت پێ ڕابگەیەنم کە یەزدان دوێنێ شەو چی پێ فەرمووم.»
ئەویش گوتی: «پێم بڵێ.»
17 ساموئێل گوتی: «هەرچەندە لەبەرچاوی خۆت بچووکیت، ئایا نەبوویت بە سەرۆکی هۆزەکانی ئیسرائیل؟ ئایا یەزدان دەستنیشانی نەکردیت ببیتە پاشای ئیسرائیل؟ 18 یەزدان بە ئەرکێک ڕەوانەی کردیت و فەرمووی: ”بڕۆ عەمالێقییە گوناهبارەکان بە تەواوی قڕ بکە و لە دژیان بجەنگە هەتا لەناودەچن.“ 19 ئیتر بۆچی گوێڕایەڵی یەزدان نەبوویت و پەلاماری دەستکەوتەکەت دا و لەبەرچاوی یەزداندا ئەم خراپەیەت کرد؟»
20 شاولیش بە ساموئێلی گوت: «من گوێڕایەڵی یەزدان بووم و ئەو ئەرکەم بەجێهێنا کە پێی سپاردم، ئەگاگی پاشای عەمالێقم هێنا و عەمالێقییەکانم بە تەواوی قڕکرد. 21 جەنگاوەران لە دەستکەوتەکە مەڕ و مانگایان برد، باشترینی تەرخانکراوەکان بۆ خودا[b]، تاکو لە گلگال بۆ یەزدانی پەروەردگارت سەری ببڕن.»
22 بەڵام ساموئێل گوتی:
«ئایا یەزدان دڵخۆشە بە قوربانی سووتاندن و سەربڕدراوەکان
یان بە گوێڕایەڵبوون بۆ فەرمایشتی یەزدان؟
گوێڕایەڵی لە سەربڕین باشترە،
سەرنجدانیش لە چەوری بەرانەکان.
23 چونکە یاخیبوون وەک گوناهی فاڵگرتنەوەیە[c]،
کەللەڕەقی تاوان و بتپەرستییە.
لەبەر ئەوەی فەرمایشتی یەزدانت ڕەتکردەوە،
ئەویش لە پاشایەتی ڕەتی کردوویتەوە.»
22 پەرستگام تێیدا نەبینی، چونکە یەزدانی پەروەردگاری هەرە بە توانا لەگەڵ بەرخەکە پەرستگای ئەون. 23 شارەکەش پێویستی بە خۆر و مانگ نییە بەسەریدا بدرەوشێنەوە، چونکە شکۆی خودا ڕووناکی کردووەتەوە و بەرخەکە چرایەتی. 24 نەتەوەکان بە ڕووناکییەکەی دەڕۆن و پاشاکانی زەوی شکۆی خۆیانی بۆ دەهێنن. 25 دەرگاکانی بە ڕۆژ هەرگیز داناخرێن، چونکە لەوێ شەو دانایەت. 26 شکۆ و ڕێزی نەتەوەکانیشی بۆ دەهێنن. 27 هیچ شتێکی گڵاو و هیچ کەسێکی قێزەون و درۆزن ناچنە ناوی، بەڵکو تەنها ئەوانەی کە ناویان لە پەڕتووکی ژیانی بەرخەکەدا نووسراوە.
ڕووباری ژیان
22 پاشان فریشتەکە ڕووباری ئاوی ژیانی پیشاندام، پڕشنگدار وەک کریستاڵ، لە تەختی خودا و بەرخەکە و 2 بە ناوەڕاستی شەقامی شارەکەدا دەڕوات. لە هەردوو ڕۆخی ڕووبارەکەدا درەختی ژیان ڕوابوو کە دوازدە جار بەرهەم دەدات، هەر مانگە و بەرهەمێک. گەڵای درەختەکەش بۆ چاکبوونەوەی نەتەوەکانە. 3 ئیتر هیچ نەفرەتێک نامێنێت. تەختی خودا و بەرخەکەش لەناو شارەکەدا دەبن، بەندەکانی خزمەتی دەکەن و 4 ڕووی دەبینن و ناوی لەسەر نێوچەوانیانە. 5 لەوێ شەو دانایەت و پێویستییان بە چرا و ڕووناکی خۆر نابێت، چونکە یەزدانی پەروەردگار بەسەریاندا دەدرەوشێتەوە و هەتاهەتایە فەرمانڕەوایەتی دەکەن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.