Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 48

گۆرانییەک، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.

48 یەزدان مەزنە و شایانی هەموو ستایشێکە،
    لە شاری خودامان، لە کێوی پیرۆزی خۆی.

کێوی سییۆن جوانە لە بەرزاییدا،
    خۆشی هەموو زەوییە،
وەک لووتکەی شاخی چافۆن[a]،
    شاری پاشای گەورەیە[b].
خودا لەناو قەڵاکانی
    وەک پەناگایەک ناسراوە.

ئەوەتا پاشاکان هێزیان کۆکردەوە،
    ئەوەتا پێکەوە هاتنە پێشەوە،
کە بینییان تاسان،
    بە ترسەوە هەڵاتن.
لەوێ لەرزیان لێهات،
    ژانیان گرت، وەک ژن لە کاتی منداڵبوون.
وەک کەشتییەکانی تەرشیش[c] تێکت شکاندن،
    بە بای ڕۆژهەڵات تەفروتونات کردن.

هەروەک بیستمان،
    ئاواش بینیمان
لە شاری یەزدانی سوپاسالار،
    لە شاری خودامان:
    «خودا هەتاهەتایە دەیچەسپێنێت.»[d]

ئەی خودایە، لە ناوەندی پەرستگاکەت
    بیر لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەکەینەوە.
10 ئەی خودایە، وەک ناوت
    ستایشت دەگاتە ئەوپەڕی زەوی،
    دەستە ڕاستت پڕە لە ڕاستودروستی.
11 کێوی سییۆن شادمان دەبێت،
    کچانی[e] یەهودا دڵخۆش دەبن
    بەهۆی دادوەرییەکانت.

12 بە دەوری سییۆندا بگەڕێن، بە دەوریدا بسووڕێنەوە،
    قوللەکانی بژمێرن،
13 لە شووراکانی وردبنەوە،
    بڕواننە قەڵاکانی،
    هەتا بۆ نەوەی داهاتووی باس بکەن.

14 هەتاهەتایە ئەم خودایە خودامانە،
    تاکو مردنیش ئەو ڕابەرمانە.

دووەم ساموئێل 3:1-12

جەنگ لەنێوان بنەماڵەی شاول و ماڵی داود درێژەی کێشا، هەتا دەهات داود بەهێزتر دەبوو، بنەماڵەی شاولیش هەتا دەهات لاوازتر دەبوون.

داود لە حەبرۆن چەند کوڕێکی بوو:

کوڕە نۆبەرەکەی ئەمنۆن بوو کە لە ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی بوو؛

دووەمیان کیلئیاڤ لە ئەبیگایل بوو کە بێوەژنەکەی نابالی کەرمەلی بوو؛

سێیەمیان ئەبشالۆمی[a] کوڕی مەعکای کچی تەلمەی پاشای گەشوور بوو؛

چوارەمیان ئەدۆنیای کوڕی حەگیس بوو؛

پێنجەمیان شەفەتیای کوڕی ئەبیتەل بوو؛

شەشەمیان یەترعام لە عەگلای ژنی داود بوو.

ئەمانە لە حەبرۆن بۆ داود لەدایک بوون.

ئەبنێر دەچێتە پاڵ داود

ئەوە بوو کاتێک جەنگ لەنێوان بنەماڵەی شاول و ماڵی داود بەرپا بوو، ئەبنێر پێگەی خۆی لەناو بنەماڵەی شاول بەهێز دەکرد، شاول کەنیزەیەکی هەبوو ناوی ڕیچپای کچی ئەییا بوو، ئیشبۆشەتیش بە ئەبنێری گوت: «بۆچی لەگەڵ کەنیزەکەی باوکم جووتبوویت؟»

ئەبنێر بە قسەکەی ئیشبۆشەت زۆر تووڕە بوو و گوتی: «ئایا من سەری سەگم، دەستی یەهودام؟ هەتا ئەمڕۆ من دڵسۆز بووم لەگەڵ ماڵی شاولی باوکت و لەگەڵ براکانی و هاوڕێیەکانی، هەروەها تۆم نەداوەتە دەست داودەوە. تۆش بەهۆی پەیوەندیم بەو ژنەوە گومانم لێدەکەیت؟ با خودا توندترین سزای ئەبنێر بدات، ئەگەر من پاڵپشتی داود نەکەم و سوێندەکەی یەزدان نەهێنمە دی، 10 بۆ گواستنەوەی پاشایەتییەکە لە بنەماڵەی شاولەوە، هەروەها دامەزراندنی تەختی داود لە ئیسرائیل و یەهودا، لە دانەوە هەتا بیری شابەع[b] 11 ئیتر ئیشبۆشەتیش نەیتوانی بە یەک وشە وەڵامی ئەبنێر بداتەوە، چونکە لێی دەترسا.

12 ئینجا ئەبنێر نێردراوی بۆ لای داود نارد بۆ ئەوەی بە ناوی ئەوەوە بڵێن: «ئەم خاکە هی کێیە؟» هەروەها بڵێن: «پەیمانی خۆتم لەگەڵدا ببەستە، ئەوەتا منیش دەستم لەگەڵتدایە بۆ ئەوەی هەموو ئیسرائیل بۆ خۆت بگەڕێنیتەوە.»

دووەم کۆرنسۆس 10:7-11

ئێوە سەیری ڕواڵەت دەکەن. ئەگەر یەکێک دڵنیابێت کە هی مەسیحە، با ئەوە بزانێت کە وەک چۆن ئەو هی مەسیحە، ئێمەش بە هەمان ئەندازە هی مەسیحین. ئەگەر تۆزێک زیاتر شانازیم بە دەسەڵاتمانەوە کردبێت ئەوەی مەسیحی باڵادەست داویەتی بۆ بنیادنانتان نەک بۆ وێرانکردنتان، شەرمی پێوە ناکەم. نامەوێ وا دەرکەوم کە بە نامەکان دەتانترسێنم. 10 لەوانەیە هەندێک بڵێن: «نامەکان قورس و بەهێزن، بەڵام ئامادەبوونی خۆی لاوازە و قسە بەتاڵە.» 11 با ئەو جۆرە کەسانە بزانن، ئەوەی لە دوورەوە و بە ڕێگای نامە بۆتان دەنووسین، هەمان ئەو شتە دەکەین کاتێک لەلاتان بین.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.