Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 13

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،

زەبوورێکی داود.

13 ئەی یەزدان، هەتا کەی؟ بە تەواوی لەبیرم دەکەیت؟
    هەتا کەی ڕووی خۆتم لێ وەردەگێڕیت؟
هەتا کەی ڕۆژانە دەروونم ڕاڕا بێت و
    خەفەت لەناو دڵم کۆبکەمەوە؟
    هەتا کەی دوژمنم بەسەرمدا زاڵ بێت؟

ئەی یەزدان، خودای من، سەیرم بکە و بە دەنگمەوە وەرە،
    چاوم ڕۆشن بکەرەوە، نەوەک خەوی مەرگم لێبکەوێت،
نەوەک دوژمن بڵێت: «بەسەریدا زاڵ بووم،»
    نەوەک ناحەزەکانم بە کەوتنی من شادمان بن.

بەڵام من پشتم بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بەستووە،
    دڵم بە ڕزگاریی تۆوە خۆشە.
سروود بۆ یەزدان دەڵێم،
    چونکە چاکەی لەگەڵ کردووم.

دووەم پوختەی مێژوو 20:5-12

ئینجا یەهۆشافات لەنێو کۆمەڵی یەهودا و ئۆرشەلیم لە پەرستگای یەزدان بەرامبەر بە حەوشە نوێیەکە وەستا و گوتی:

«ئەی یەزدان، خودای باوباپیرانمان، ئایا تۆ ئەو خودایە نیت کە لە ئاسمانە؟ تۆ فەرمانڕەوای هەموو پاشایەتی نەتەوەکانیت. هێز و توانا لە دەستی تۆدایە و کەس نییە خۆی لەبەردەمت ڕابگرێت. ئەی خودامان، ئایا تۆ نەبوویت کە دانیشتووانی ئەم خاکەت لەبەردەم ئیسرائیلی گەلت وەدەرنا و هەتاهەتایە بە وەچەی ئیبراهیمی دۆستی خۆتت دا؟ تێیدا نیشتەجێ بوون و لەناویدا پیرۆزگایەکیان بۆ ناوت بنیاد نا و گوتیان: ”ئەگەر خراپە بێتە سەرمان، شمشێر و حوکم بەسەردادان و پەتا و قاتوقڕی، لەبەردەم ئەم پەرستگایە و لەبەردەمت ڕادەوەستین، چونکە ئەم پەرستگایە کە هەڵگری ناوی تۆیە و لە تەنگانەماندا هاوارت بۆ دەکەین و گوێت لێ دەبێت و ڕزگارمان دەکەیت.“

10 «ئێستاش تەماشا بکە، سوپاکانی عەمۆن و مۆئاب و کێوی سێعیر، ئەوانەی ڕێگات بە ئیسرائیل نەدا پەلاماریان بدەن کاتێک لە خاکی میسرەوە هاتن. ئیتر ئیسرائیلیش خۆی لێیان لادا و لەناویان نەبردن. 11 ببینە، چۆن ئێستا ئەوان بە خراپە پاداشتمان دەدەنەوە، لەو موڵکە دەرماندەکەن کە تۆ بە میرات پێتداین. 12 ئەی خودای ئێمە، ئایا حوکمیان بەسەردا نادەیت؟ چونکە ئێمە توانامان نییە بەرامبەر ئەو سوپا زۆر گەورەیەی پەلامارمان دەدەن و ئێمە نازانین چی بکەین بەڵام چاومان لە تۆیە.»

گەلاتیا 5:7-12

باش ڕاتاندەکرد. کێ ڕێی لێ گرتن تاکو گوێڕایەڵی ڕاستی نەبن؟ ئەم بیروباوەڕە لەلایەن ئەوەوە نییە کە بانگتان دەکات. «هەویرترشێکی بچووک، هەموو هەویرەکە هەڵدێنێت.» 10 لەبەر ئەوەی ئێمە لەگەڵ مەسیح یەکین، دڵنیام کە بە شێوەیەکی دیکە بیرناکەنەوە. جا ئەوەی بتانشێوێنێ سزای خۆی وەردەگرێت، هەر چ کەسێک بێت. 11 بەڵام خوشکان، برایان، ئەگەر هەتا ئێستا من خەتەنەکردن ڕادەگەیەنم، ئیتر بۆچی هەتا ئێستا دەچەوسێمەوە؟ کەواتە کۆسپی خاچ لادراوە. 12 خۆزگە ئەو کەسانەی دەتانشێوێنن، بخەسێنرێن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.