Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ کوڕانی قۆرەح. گۆرانییەک بە شێوەی عەلامۆت[a].
46 خودا پەناگا و هێزمانە،
لە تەنگانەدا بەهاناوە دێت.
2 بۆیە ترسمان نییە ئەگەر زەویش بلەرزێت،
ئەگەر چیاکانیش بکەونە ناو قووڵایی دەریاکانەوە،
3 ئەگەر ئاوەکەشی بجۆشێت و کەف بکات،
چیاکانیش لە سەرکێشی ئەو بلەرزن. [b]
4 ڕووبارێک هەیە جۆگەکانی شاری خودا[c] شاد دەکات،
ئەو شوێنە پیرۆزەی کە هەرەبەرز تێیدا نیشتەجێیە.
5 خودا لەناوەڕاستدایە، بۆیە هەرگیز ناکەوێت،
لەگەڵ بەرەبەیاندا خودا بەهاناوە دێت.
6 نەتەوەکان هەڵدەچن و شانشینەکان دەکەون،
خودا دەنگی بەرز دەکاتەوە و زەوی دەتوێتەوە.
7 یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە،
خودای یاقوب پەناگامانە.
8 وەرن سەیری کردارەکانی یەزدان بکەن،
ئەو وێرانکارییەکانی بەسەر زەویدا هێناوە.
9 جەنگەکان ڕادەگرێت هەتا ئەوپەڕی جیهان،
کەوانەکان دەشکێنێت و ڕمەکان پارچەپارچە دەکات،
گالیسکەکان بە ئاگر دەسووتێنێت.
10 «هێوربنەوە، بزانن کە من خودام،
لەنێو نەتەوەکان پایەم بەرز دەبێتەوە،
لەسەر زەوی بەرز دەبمەوە.»[d]
11 یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە،
خودای یاقوب پەناگامانە.
ئادەم و حەوا
4 ئەمانەش ڕێکخستنەکانی ئاسمان و زەوین کاتێک بەدی هێنران، لەو ڕۆژەی یەزدانی پەروەردگار زەوی و ئاسمانی دروستکرد.
5 هێشتا هیچ دەوەنێکی کێڵگە لەسەر زەوی نەبوو، هەروەها هیچ ڕووەکێکی کێڵگەش هێشتا سەری دەرنەکردبوو، چونکە هێشتا یەزدانی پەروەردگار بارانی بەسەر زەویدا نەباراندبوو. هیچ مرۆڤێکیش نەبوو ئیشی جوتیاری بکات. 6 بەڵام تەم لە زەوییەوە سەردەکەوت و هەموو ڕووی زەوی ئاو دەدا. 7 جا یەزدانی پەروەردگار پیاوی لە خۆڵی زەوی[a] پێکهێنا و هەناسەی ژیانی فووکردە کونە لووتی. بەمەش پیاوەکە بووە گیانێکی زیندوو.
8 ئینجا یەزدانی پەروەردگار باخچەیەکی لە عەدەن، لە ڕۆژهەڵاتدا چاند. لەوێش پیاوەکەی دانا کە پێکی هێنابوو. 9 یەزدانی پەروەردگار هەموو ئەو جۆرە درەختانەی کە لەبەرچاو جوان بوون و بۆ خواردن خۆش بوون لە زەویدا گەشەی پێکرد. درەختی ژیانیش لەناوەڕاستی باخچەکەدا بوو، هەروەها درەختی زانینی چاکە و خراپە.
10 ڕووبارێک لە عەدەنەوە هەڵدەقوڵا و لەبەری دەڕۆیشت بۆ ئاودانی باخچەکە، لەوێوە جیا بووەوە و بووە چوار لق: 11 ناوی یەکەمیان پیشۆنە کە بە هەر چوار لای هەموو زەوی حەڤیلادایە، کە زێڕی لێیە. 12 زێڕی ئەو زەوییە چاکە، هەروەها سرێشی[b] داری بۆن خۆش و بەردی عاشقبەندیشی لێیە. 13 ناوی ڕووباری دووەمیان گیحۆنە، کە بە شێوەی پێچاوپێچ بە هەموو خاکی کوشدا[c] دەڕوات. 14 ناوی ڕووباری سێیەم دجلەیە،[d] ئەمیش بە ڕۆژهەڵاتی شاری ئەشووردا[e] دەڕوات. ڕووباری چوارەمیش فوراتە.
15 یەزدانی پەروەردگار پیاوەکەی هێنا و لە باخچەی عەدەن داینا، بۆ ئیشی جوتیاری و بایەخ پێدانی. 16 یەزدانی پەروەردگار فەرمانی بە پیاوەکە دا و فەرمووی: «تۆ ئازادیت لە هەموو درەختەکانی باخچەکە بخۆیت، 17 بەڵام بۆت نییە لە درەختی زانینی چاکە و خراپە بخۆیت، چونکە لەو ڕۆژەی لێی بخۆیت بێگومان دەمریت.»
18 یەزدانی پەروەردگار فەرمووی: «باش نییە بۆ پیاو بە تەنها بێت. یاریدەرێکی هاوشانی بۆ دروستدەکەم.»
19 یەزدانی پەروەردگار هەر لە خۆڵی زەوی هەموو ئاژەڵی کێوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمانی پێکهێنا. ئینجا بۆ پیاوەکەی هێنا هەتا ببینێت ناوی چییان لێ دەنێت، هەر ناوێک کە پیاوەکە لە هەریەک لەم بوونەوەرە زیندووانەی نا، ئەوە ناوەکەی بوو. 20 پیاوەکە ناوی لە هەموو ئاژەڵی ماڵی و باڵندەی ئاسمان و ئاژەڵی کێوی نا.
بەڵام بۆ پیاوەکە[f] هیچ یاریدەرێکی هاوشان نەدۆزرایەوە.
21 لە ئەنجامدا یەزدانی پەروەردگار پیاوەکەی خستە خەوێکی قووڵەوە. کاتێک خەوتبوو، یەکێک لە پەراسووەکانی دەرهێنا و شوێنەکەی بە گۆشت بۆ پڕکردەوە. 22 ئینجا یەزدانی پەروەردگار ئافرەتێکی لەو پەراسووە بنیاد نا کە لە پیاوەکەی وەرگرتبوو، جا بۆ پیاوەکەی هێنا.
23 پیاوەکە گوتی:
«ئێستا ئەمە ئێسکێکە لە ئێسقانەکانم و
گۆشتە لە گۆشتم.
ئەمە ناودەبردرێت بە ”ئافرەت“[g]
چونکە لە پیاوەوە وەرگیراوە.»
24 لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر دەبنە یەک جەستە.
25 پیاوەکە و ژنەکەی هەردووکیان ڕووت بوون، شەرمیشیان نەدەکرد.
6 واتای ئەوە نییە کە فەرمایشتی خودا کاریگەری نەماوە، چونکە هەموو ئەوانەی لە نەوەی ئیسرائیلن، گەلی هەڵبژێردراوی خودا[a] نین. 7 هەروەها هەموو ئەوانەی نەوەی ئیبراهیمن، منداڵی ئەو نین، بەڵکو: [لە ڕێگەی ئیسحاقەوە نەوەی تۆ ناودەبردرێت.][b] 8 واتە ئەو منداڵانەی کە بە خواستی مرۆڤانە بوون، منداڵی خودا نین، بەڵکو ئەو منداڵانەی کە بە بەڵێنی خودا بوون، ئەوانە بە نەوەی ئیبراهیم دادەنرێن، 9 چونکە وتەی بەڵێنەکە ئەمەیە: [کاتێکی ئاوا دێمەوە و ساراش کوڕێکی بووە.][c]
10 نەک تەنها ئەمە، بەڵکو ڕڤقەش لە یەکێک سکی کرد کە ئیسحاقی باوکمانە. 11 بۆ ئەوەی خواستی خودا لە هەڵبژاردندا بچەسپێت کە بە کردار نییە، بەڵکو بەو بانگهێشتەیە کە خۆی دەیکات، بەر لەوەی لەدایک بن و چاکە و خراپە بکەن، 12 خودا بە دایکیانی فەرموو: [گەورەکە خزمەتی بچووکەکە دەکات.][d] 13 وەک نووسراوە: [یاقوبم خۆشویست بەڵام ڕقم لە عیسۆ بووەوە.][e]
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.