Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
ו (ڤاڤ)
41 ئەی یەزدان، با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتم بۆ بێت،
ڕزگارییەکەت بەگوێرەی بەڵێنی خۆت،
42 جا وەڵامی ئەوە دەدەمەوە کە گاڵتەم پێ دەکات،
چونکە پشتم بە بەڵێنی تۆ بەستووە.
43 وشەی ڕاست هەرگیز لە دەمم دوور مەخەوە،
چونکە ئومێدم بە حوکمەکانی تۆ هەیە.
44 بە بەردەوامی گوێڕایەڵی فێرکردنی تۆ دەبم،
هەتاهەتایە و هەتاسەر.
45 بە ئازادی دەڕۆم،
چونکە داواکاری ڕێنماییەکانی تۆم.
46 لەبەردەم پاشاکانیش باسی یاساکانی تۆ دەکەم،
شەرمەزاریش نابم.
47 خۆشی لە ڕاسپاردەکانت دەبینم،
چونکە حەزم لێیانە.
48 دەست بۆ ڕاسپاردەکانت بەرز دەکەمەوە، ئەوەی خۆشم دەوێت،
سەرنج دەدەمە فەرزەکانت.
هاجەر و ئیسماعیل
16 سارای ژنی ئەبرام هیچ منداڵی بۆ ئەبرام نەبوو، بەڵام کەنیزەیەکی میسری هەبوو ناوی هاجەر بوو. 2 سارای بە ئەبرامی گوت: «یەزدان ڕێی منداڵبوونی لێ گرتووم. لەگەڵ کەنیزەکەم بنوو، بەڵکو لەوەوە منداڵم بۆ ببێت.»
ئەبرامیش بە قسەی سارای کرد. 3 ئینجا سارای ژنی ئەبرام هاجەری کەنیزە میسرییەکەی هێنا، ئەمەش پاش دە ساڵ بوو لە نیشتەجێبوونی ئەبرام لە خاکی کەنعان، دایە ئەبرامی مێردی هەتا ببێتە ژنی. 4 ئیتر لەگەڵ هاجەر نوست، ئەویش سکی پڕ بوو.
کاتێک کە زانی وا سکی هەیە، خانمەکەی خۆی لەبەرچاو سووک بوو. 5 ئینجا سارای بە ئەبرامی گوت: «ئەو سووکایەتییەی بە من دەکرێ تۆ لێی بەرپرسی. من کەنیزەکەی خۆمم خستە باوەشی تۆ، ئێستاش کە زانی سکی هەیە، لەبەرچاویدا سووک بووم. با یەزدان دادوەری نێوان من و تۆ بکات.»
6 ئەبرامیش بە سارای گوت: «وا کەنیزەکەت لەبەردەستی خۆتدایە، چیت پێ باشە وای لێ بکە.» ئیتر سارای هاجەری زەلیل کرد، ئەویش لە دەستی هەڵات.
7 ئینجا فریشتەی یەزدان هاجەری لەسەر کانییەک دۆزییەوە لە چۆڵەوانی. لەسەر ئەو کانییەی لە ڕێگای شوورە. 8 فەرمووی: «ئەی هاجەری کەنیزەی سارای، لەکوێوە هاتوویت و بۆ کوێ دەچیت؟»
ئەویش گوتی: «لەدەست سارای خانمی خۆم ڕامکردووە.»
9 فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو: «بگەڕێوە لای خانمەکەت و ژێردەستەی بە.» 10 هەروەها فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو: «وەچەکانت بێ ئەندازە زۆر دەکەم کە لەبەر زۆرییان لە ژماردن نەیەن.»
11 دیسان فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو:
«ئێستا سکت پڕە،
کوڕێکت دەبێت،
ناوی دەنێیت ئیسماعیل،
چونکە یەزدان گوێی لە زەلیلی تۆ بوو.
12 ئەو دەبێتە مرۆڤێک وەک کەرەکێوی[a] لێ دێت.
دەستی لە دژی هەموو کەسێک دەبێت و
دەستی هەموو کەسێکیش لە دژی ئەو.
بەرامبەر هەموو براکانیشی نەیار دەبێت.»
13 ئینجا ئەم ناوەی لە یەزدان نا کە لەگەڵیدا دوا، «تۆ ئەو خودایەی کە دەبینیت،» چونکە هاجەر گوتی: «ئا لێرەشدا ئەوم بینی کە دەمبینێت.» 14 لەبەر ئەمەشە کە ئەو بیرە[b] بە «بیری لەحەی ڕۆئی» ناونراوە، ئێستاش وا لەنێوان قادێش[c] و بەرەدە.
15 ئیتر هاجەر کوڕێکی بۆ ئەبرام بوو، ئەبرامیش ئەو کوڕەی خۆی کە لە هاجەر بوو ناوی لێنا ئیسماعیل.
پەرستگای خودای زیندوو
14 لەگەڵ بێباوەڕان لەژێر یەک نیردا[a] مەبن، چونکە چ هەماهەنگییەک لەنێوان ڕاستودروستی و خراپەدا هەیە؟ یاخود چ هاوبەشییەکە لەنێوان تاریکی و ڕووناکیدا؟ 15 چ ڕێککەوتنێک لەنێوان مەسیح و بەلیعالدا[b] هەیە؟ یان باوەڕدار چ پشکێکی لەگەڵ بێباوەڕدا هەیە؟ 16 پەرستگای خوداش چ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ بت هەیە؟ چونکە ئێمە پەرستگای خودای زیندووین، وەک خودا فەرموویەتی:
[تێیاندا نیشتەجێ دەبم و لەگەڵیان دەڕۆم،
دەبم بە خودای ئەوان و ئەوانیش دەبن بە گەلی من.][c]
17 [یەزدان دەفەرموێ:
لەبەر ئەوە لەناوەڕاستیان بڕۆنە دەرەوە و
بەجێیان بهێڵن.
دەست مەدەنە هیچ گڵاوێک،
ئینجا وەرتاندەگرمەوە.][d]
18 [یەزدانی هەرە بە توانا ئەمە دەفەرموێت:
من دەبمە باوکی ئێوە و
ئێوەش دەبنە کوڕ و کچی من.][e]
7 خۆشەویستان، لەبەر ئەوەی ئەم بەڵێنانەمان هەیە، با خۆمان لە هەموو گڵاوییەکی جەستە و ڕۆح پاک بکەینەوە، لە ترسی خودا پیرۆزی تەواو بکەین[f].
تۆبەکردن بەهۆی خەمباری
2 دڵتان بۆمان بکەنەوە. ستەممان لە کەس نەکردووە، ڕەوشتی کەسمان تێک نەداوە، کەسمان بۆ ڕووتاندنەوە بەکارنەهێناوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.