Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەن، بۆ داود.
69 ئەی خودایە، ڕزگارم بکە،
چونکە ئاو هەتا لووتم هاتووە.
2 لە زەلکاوێکی قووڵ نوقوم دەبم،
جێی پێی تێدا نییە.
چوومەتە ناو قووڵایی ئاو،
لافاو ڕایماڵیوم.
3 ماندوو بووم لە هاوارکردن،
گەرووم ژان دەکات،
چاوەکانم کز بوون
هێندە چاوەڕوانی خودام بکەن.
13 ئەی یەزدان، من نوێژم بۆ تۆیە،
لە کاتی ڕەزامەندیت،
ئەی خودایە، بە گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت،
بە ڕزگارییە دڵسۆزانەکەت وەڵامم بدەرەوە.
14 دەربازم بکە لە زەلکاو، با نوقوم نەبم،
لە دوژمنەکانم و لە قووڵایی ئاو دەرباز دەبم.
15 با لافاو ڕام نەماڵێت،
قووڵایی ئاو هەڵمنەلووشێت،
زەوی قووتم نەدات.
16 ئەی یەزدان، بەدەنگمەوە وەرە، چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چاکە،
بەگوێرەی زۆری بەزەییەکەت ئاوڕم لێ بدەوە،
30 بە گۆرانی ستایشی ناوی خودا دەکەم،
بە سوپاسگوزارییەوە گەورەیی ڕادەگەیەنم.
31 ئەمە لەلای یەزدان لە گا چاکترە،
لە گوێرەکەی بە قۆچ و سم.
32 هەژاران دەبینن و شاد دەبن،
ئەی ئەوانەی بەدوای خودا دەگەڕێن، با دڵتان ببووژێتەوە!
33 چونکە یەزدان بە دەنگ ستەملێکراوانەوە دەچێت،
بە سووکییەوە تەماشای دیلەکانی ناکات.
34 با ئاسمان و زەوی ستایشی بکەن،
دەریاکانیش و هەرچی تێیاندا دەجوڵێت،
35 چونکە خودا سییۆن ڕزگار دەکات و
شارەکانی یەهودا بنیاد دەنێتەوە،
لەوێ نیشتەجێ دەبن و دەبێتە موڵکیان،
36 دەبێتە میرات بۆ منداڵی خزمەتکارەکانی،
ئەوانەی ناوی ئەویان خۆشدەوێت تێیدا دەژین.
قوللەی بابل
11 هەموو جیهان یەک زمان و یەک جۆر قسەکردنیان هەبوو. 2 ئینجا کاتێک بۆ ڕۆژهەڵات کۆچیان کرد، دەشتاییەکیان لە خاکی شینعار[a] دۆزییەوە و لەوێ نیشتەجێ بوون.
3 ئینجا بە یەکتریان گوت: «وەرن، با خشت دروستبکەین و تەواو سووری بکەینەوە.» ئیتر لە جیاتی بەرد خشتیان بەکارهێنا، قیڕیش لە جیاتی قوڕ. 4 هەروەها گوتیان: «وەرن، با شارێک بۆ خۆمان دروستبکەین لەگەڵ قوللەیەک کە سەری لە ئاسمان بدات. ناوێکیش بۆ خۆمان دروستدەکەین، تاکو بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرت نەبین.»
5 بەڵام یەزدان بۆ بینینی ئەو شار و قوللەیەی کە ئادەمیزاد دروستی دەکرد هاتە خوارەوە. 6 یەزدان فەرمووی: «ئەگەر هەموویان یەک گەل و یەک زمان بن، ئەوە سەرەتای دەستپێکردنیانە، هیچ شتێک لەلایان مەحاڵ نابێت، لەوەی مەبەستیانە بیکەن. 7 وەرن با بچینە خوارەوە و لەوێ زمانیان بشێوێنین، بۆ ئەوەی کەسیان لە زمانی ئەوی دیکەیان نەگات.»
8 ئینجا یەزدان لەوێوە بەسەر هەموو زەویدا پەرتی کردن. ئیتر وازیان لە بنیادنانی شارەکە هێنا. 9 لەبەر ئەمە ناونرا بابل[b]، چونکە لەوێدا یەزدان زمانی هەموو زەوی شێواند. هەر لەوێشەوە یەزدان بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرتی کردن.
دەرگای تەسک
13 «لە دەرگای تەسک بڕۆنە ژوورەوە، چونکە ئەو دەرگایەی بەرەو لەناوچوون دەڕوات پانە و ڕێگاکەی بەرینە و زۆرن ئەوانەی پێیدا دەچنە ژوورەوە. 14 بەڵام تەسکە دەرگا و تەنگە ئەو ڕێگایەی بەرەو ژیان دەچێت، کەم کەسیش دەیدۆزێتەوە.
ناسین بە بەرهەم
15 «ئاگاداری پێغەمبەرانی درۆزن بن کە لە پێستی مەڕدا بۆ لاتان دێن، بەڵام لەناوەوە گورگی دڕندەن. 16 بە بەرهەمیان دەیانناسنەوە. ئایا ترێ لە دڕک دەڕنن یان هەنجیر لە چقڵ؟ 17 بەم شێوەیە هەموو دارێکی باش بەری باش دەدات، داری خراپیش بەری خراپ. 18 داری چاک ناتوانێت بەری خراپ بدات و داری خراپیش ناتوانێت بەری باش بدات. 19 هەر دارێک بەری باش نەدات دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگر. 20 کەواتە بە بەرهەمیان دەیانناسنەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.