Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
116 یەزدانم خۆشدەوێت،
چونکە گوێ لە دەنگ و لە پاڕانەوەم دەگرێت،
2 چونکە گوێی خۆی بۆم شل کرد،
هەتا ماوم هەر لێ دەپاڕێمەوە.
12 چی بدەمەوە یەزدان،
بەرامبەر هەموو چاکەکانی بۆ من.
13 جامی ڕزگاری بەرز دەکەمەوە و
بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە.
14 نەزرەکانم بۆ یەزدان بەجێدەهێنم،
بەرامبەر بە هەموو گەلەکەی.
15 یەزدان مردنی خۆشەویستانی
لەبەرچاو سەنگینە.
16 ئەی یەزدان، من بە ڕاستی خزمەتکاری تۆم،
من خزمەتکاری تۆم، کوڕی کەنیزەکەت،
تۆ کۆتەکانی منت کردەوە.
17 قوربانی سوپاسگوزاری بۆ تۆ سەردەبڕم،
بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە.
18 نەزرەکانم بۆ یەزدان بەجێدەهێنم،
بەرامبەر بە هەموو گەلەکەی،
19 لە حەوشەی ماڵی یەزداندا،
لە ناوەندی تۆدا، ئەی ئۆرشەلیم.
هەلیلویا!
10 ئیتر خزمەتکارەکە دە وشتری لە وشترەکانی گەورەکەی برد و ڕۆیشت، هەموو شتە باشەکانی گەورەکەشی بە دەستیەوە بوو، هەستا و چوو بۆ میسۆپۆتامیا[a] بۆ شارۆچکەکەی ناحۆر. 11 لە دەرەوەی شارۆچکەکە، لەلای بیرێک[b] وشترەکانی خست. دەمەو ئێوارە ئەو کاتەی کچەکان دەهاتنە دەرەوە بۆ ئاوکێشان.
12 ئینجا گوتی: «ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیمی گەورەم، ئەمڕۆم بۆ ئاسان بکە، چاکە لەگەڵ ئیبراهیمی گەورەم بکە. 13 من وا لەلای ئەم کانییە ڕاوەستاوم و کچانی خەڵکی شارۆچکەکە دێنە دەرەوە بۆ ئاوکێشان. 14 دەبا ئەو کچەی پێی دەڵێم: ”گۆزەکەتم بۆ لار بکەرەوە با ئاو بخۆمەوە،“ ئەویش بڵێت: ”بخۆرەوە، هەروەها وشترەکانیشت ئاو دەدەم.“ با ئەوت هەڵبژاردبێت بۆ خزمەتکارەکەت، بۆ ئیسحاق. بەمەش دەزانم کە چاکەت لەگەڵ گەورەکەم کردووە.»
15 پێش ئەوەی لە داواکارییەکەی ببێتەوە، ڕڤقە بە گۆزەکەی سەرشانییەوە هاتە دەرەوە. ڕڤقە کچی بتوئێلی کوڕی میلکە بوو، ژنی ناحۆری برای ئیبراهیم بوو. 16 کچێکی زۆر جوان بوو، پاکیزە بوو، دەستی هیچ پیاوێکی بەرنەکەوتبوو. هاتە خوارەوە بۆ لای کانییەکە و گۆزەکەی پڕکرد و سەرکەوتەوە.
17 خزمەتکارەکەش ڕایکرد بۆ لای و گوتی: «تۆزێک ئاوم لە گۆزەکەت بدەرێ.»
18 ئەویش گوتی: «بخۆرەوە گەورەم.» ئیتر بە پەلە گۆزەکەی لەسەر دەستی داگرت و ئاوی دایێ.
19 دوای ئەوەی ئاوی دایێ، گوتی: «هەروەها وشترەکانیشت ئاو دەدەم، هەتا تێر دەخۆنەوە.» 20 ئینجا بە پەلە گۆزەکەی بەتاڵ کردە ناو ئاخوڕەکە و بە ڕاکردن گەڕایەوە لای بیرەکە هەتا ئاو هەڵبکێشێتەوە، ئیتر ئاوی دایە هەموو وشترەکان. 21 پیاوەکەش بە بێدەنگی لێی ورد دەبووەوە تاکو بزانێت ئاخۆ یەزدان ڕێگاکەی سەرکەوتوو کردووە یان نا.
22 کاتێک وشترەکان لە ئاوخواردنەوە بوونەوە، پیاوەکە خەزێمێکی زێڕی هێنا کە کێشەکەی نیو شاقل[c] بوو لەگەڵ دوو بازنی زێڕ کە کێشیان دە شاقل بوو. 23 ئینجا لێی پرسی: «تۆ کچی کێیت؟ دەتوانیت پێم بڵێی ئایا لە ماڵی باوکت شوێن هەیە بۆمان تێیدا بمێنینەوە؟»
24 ئەویش وەڵامی دایەوە: «من کچی بتوئێلی کوڕی میلکە و ناحۆرم.» 25 پێشی گوت: «کا و ئالیکی زۆرمان لەلایە، هەروەها شوێنیش بۆ مانەوە.»
26 ئیتر پیاوەکە چۆکی دادا و کڕنۆشی بۆ یەزدان برد، 27 ئینجا گوتی: «ستایش بۆ یەزدان، خودای ئیبراهیمی گەورەم کە وازی لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی و دڵسۆزییەکەی نەهێنا لەگەڵ ئیبراهیمی گەورەم، من بەڕێوە بووم، یەزدان ڕێنمایی کردم بۆ ماڵی برایانی گەورەکەم.»
28 کچەش ڕایکرد و ئەم شتانەی بە ماڵی دایکی ڕاگەیاند. 29 ڕڤقەش برایەکی هەبوو ناوی لابان بوو، لابان ڕایکردە دەرەوە بۆ لای پیاوەکە، بۆ لای کانییەکە. 30 هەرکە خەزێم[d] و بازنەکانی دەستی خوشکەکەی بینی و گوێی لە قسەکانی ڕڤقەی خوشکی بوو کە گوتی: «پیاوەکە ئاوا قسەی لەگەڵ کردم،» هاتە دەرەوە بۆ لای پیاوەکە، بینی وا لەلای وشترەکان لەسەر کانییەکە ڕاوەستاوە. 31 ئینجا گوتی: «فەرموو، ئەی ئەوەی یەزدان بەرەکەتداری کردوویت، بۆ لە دەرەوە ڕاوەستاویت؟ ئەوا من ماڵم ئامادە کردووە و شوێنیش بۆ وشترەکان.»
32 ئیتر پیاوەکە هاتە ماڵەوە، باری وشترەکانی کردەوە و کا و ئالیکی دایە وشترەکان، ئاو بۆ شوشتنی پێی و پێی ئەو پیاوانەی لەگەڵی بوون. 33 ئینجا نان خرایە بەردەمی بۆ ئەوەی بیخوات، بەڵام گوتی: «نان ناخۆم هەتا قسەی خۆم نەکەم.»
لابانیش گوتی: «قسە بکە.»
34 ئینجا گوتی: «من خزمەتکاری ئیبراهیمم، 35 یەزدانیش گەورەکەمی زۆر بەرەکەتدار کردووە، مەزن بووە، مەڕ و مانگا و زێڕ و زیو و خزمەتکار و کەنیزە و وشتر و گوێدرێژی داوەتێ. 36 سارای ژنی گەورەکەم لە تەمەنی پیری کوڕێکی بۆ گەورەم بووە، هەرچییەکی هەیە داویەتییە ئەو. 37 گەورەشم سوێندی دام و گوتی: ”هیچ ژنێک بۆ کوڕەکەم لە کچانی کەنعانییەکان نەخوازیت، کە خۆم نیشتەجێی خاکەکەیانم. 38 بەڵکو دەچیتە ماڵی باوکم بۆ لای کەسوکارەکەم و ژن بۆ کوڕەکەم دەخوازیت.“
39 «منیش بە گەورەمم گوت: ”ئەی ئەگەر ئافرەتەکە لەگەڵ من نەیەتەوە؟“
40 «ئەویش پێی گوتم: ”یەزدان، ئەوەی دۆستایەتی دەکەم، فریشتەی خۆیت لەگەڵ دەنێرێت و ڕێگاکەت سەرکەوتوو دەکات، لە کەسوکارەکەم و لە ماڵی باوکم ژنێک بۆ کوڕەکەم دەخوازیت. 41 ئاوا سوێندەکەم بەتاڵ دەبێت، کاتێک بچیتە لای کەسوکارەکەم، ئەگەر نەتدەنێ ئەوا گەردنت ئازاد دەبێت لە سوێندەکەم.“
42 «جا ئەمڕۆ کە هاتمە لای کانییەکە، گوتم: ”ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیمی گەورەم، ئەگەر ڕێگاکەم سەرکەوتوو دەکەیت کە لەسەری دەڕۆم، 43 ئەوەتا من لەسەر ئەم کانیاوە ڕاوەستاوم، دەبا ئەو کچەی کە دێتە دەرەوە بۆ ئاوکێشان و پێی دەڵێم: ’تۆزێک ئاوم لە گۆزەکەت بدەرێ.‘ 44 ئەویش پێم دەڵێت: ’تۆ بخۆرەوە، هەروەها ئاو بۆ وشترەکانیشت دەکێشمەوە.‘ ئەوە ئەو ژنە بێت کە یەزدان بۆ کوڕی گەورەکەمی هەڵبژاردووە.“
45 «ئەوە بوو هێشتا قسەکەم لە دڵی خۆمدا تەواو نەکردبوو کە ڕڤقە هاتە دەرێ و گۆزەکەی لەسەر شانی بوو. ئیتر هاتە خوارێ بۆ لای کانییەکە و گۆزەکەی پڕکرد. منیش پێم گوت: ”ئاوم بدەرێ.“
46 «ئەویش بە پەلە گۆزەکەی سەر شانی خۆی داگرت و گوتی: ”تۆ بخۆرەوە، هەروەها وشترەکانیشت ئاو دەدەم.“ منیش خواردمەوە، هەروەها وشترەکانیشی ئاو دا.
47 «پرسیارم لێکرد و گوتم: ”تۆ کچی کێیت؟“
«ئەویش گوتی: ”کچی بتوئێلی کوڕی ناحۆرم، ئەوەی لە میلکەیە.“
«خەزێمەکەم لە لووتی کرد و بازنەکانیشم لە دەستی کرد. 48 منیش چۆکم دادا و کڕنۆشم بۆ یەزدان برد. ستایشی یەزدانم کرد، خودای ئیبراهیمی گەورەم، کە ڕێنمایی کردم بۆ سەر ڕێگای ڕاست بۆ ئەوەی کچەزای براکەی گەورەکەم بۆ کوڕەکەی بهێنم. 49 ئێستاش ئەگەر چاکە و وەفاداری لەگەڵ گەورەکەم دەکەن، ئەوا پێم ڕابگەیەنن، خۆ ئەگەر نا، ئەوا پێم ڕابگەیەنن، هەتا ڕوو لە ڕاست یان لە چەپ بکەم.»
50 لابان و بتوئێل وەڵامیان دایەوە: «ئەم کارە لە یەزدانەوەیە، ناتوانین نە بە خراپ و نە بە چاک هیچت پێ بڵێین. 51 ڕڤقە وا لەبەردەمتە، بیبە و بڕۆ، با ببێتە ژنی کوڕی گەورەکەت، هەروەک یەزدان فەرمووی.»
52 ئیتر کە خزمەتکارەکەی ئیبراهیم گوێی لە قسەکانیان بوو، کڕنۆشی بۆ یەزدان برد.
سەرپێچیکردنی ڕاسپاردەی خودا
7 فەریسی و هەندێک لە مامۆستایانی تەورات کە لە ئۆرشەلیمەوە هاتبوون لەلای عیسا کۆبوونەوە. 2 بینییان هەندێک لە قوتابییەکانی بە دەستی پیس نان دەخۆن، واتە بێ دەست شوشتن، 3 چونکە فەریسی و هەموو جولەکە نان ناخۆن ئەگەر بە باشی دەستیان نەشۆن، پەیوەست بوون بە نەریتی پیران، 4 هەروەها کاتێک لە بازاڕ دێنەوە نان ناخۆن هەتا خۆیان نەشۆن. زۆر دابونەریتی دیکەش هەیە کە جێبەجێی دەکەن، وەکو شوشتنی کاسە و چاپەست و دۆلکەی مس.
5 فەریسی و مامۆستایانی تەوراتیش لێیان پرسی: «بۆچی قوتابییەکانت لەسەر نەریتی پیران ناڕۆن و بە دەستی پیس نان دەخۆن؟»
6 ئەویش پێی فەرموون: «دووڕووەکان، سەبارەت بە ئێوە ئیشایای پێغەمبەر پێشبینی باشی کردووە، وەک نووسراوە:
«[ئەم گەلە بەسەر لێوان ڕێزم لێ دەگرێت،
بەڵام دڵی لێم دوورە.
7 بەخۆڕایی دەمپەرستن،
تەنها ڕاسپاردەی مرۆڤانە فێری خەڵک دەکەن.][a]
8 ئێوە ڕاسپاردەی خوداتان پشتگوێ خستووە و دەستتان بە نەریتی مرۆڤەوە گرتووە.»
9 دیسان پێی فەرموون: «باش ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە نەریتی خۆتان بکەن. 10 بۆ نموونە، موسا گوتوویەتی: [ڕێزی دایک و باوکتان بگرن][b]، [ئەوەی نەفرەت لە باوکی یان دایکی بکات، دەبێت بکوژرێت.][c] 11 بەڵام ئێوە دەڵێن: ”ئەگەر یەکێک بە دایک یان باوکی بڵێت: ئەوەی لە منەوە سوودت لێی وەردەگرت، دەیکەمە قوربانی،“ بە واتای دیاری بۆ خودا، 12 ئیتر نایەڵن شتێکی بۆ دایک یان باوکی بکات. 13 بەو نەریتەتان کە لە یەکتری وەردەگرن، دەسەڵاتی ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە. زۆر شتی دیکەی وەک ئەمە دەکەن.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.