Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران.
126 کە یەزدان ڕاپێچکراوانی سییۆنی گەڕاندەوە،
وامان لێهات وەک خەون ببینین.
2 ئەو کاتە دەممان پڕ پێکەنین و
زمانمان پڕ هەلهەلە بوو،
ئەوسا لەنێو نەتەوەکان گوتیان:
«یەزدان کارێکی گەورەی لەگەڵ ئەوان کرد!»
3 یەزدان کارێکی گەورەی لەگەڵ ئێمە کرد،
شادمان بووین.
4 ئەی یەزدان، خۆشحاڵیمان بگەڕێنەوە،
وەک جۆگەکانی نەقەب[a].
5 ئەوانەی بە فرمێسکەوە دەچێنن،
بە هەلهەلەوە دروێنە دەکەن.
6 ئەوەی بە گریانەوە دەڕوات و
تۆو بۆ چاندن بار دەکات،
بە هەلهەلەوە دێتەوە و
بەرهەمەکەی بە مەلو بار دەکات.
دانپێدانانی گەل بە گوناهەکانیان
9 لە بیست و چواری ئەم مانگەدا نەوەی ئیسرائیل کۆبوونەوە، بە ڕۆژوو و جلوبەرگی گوش[a] و سەری تۆزاوییەوە. 2 ئەوانەی لە ڕەچەڵەکی ئیسرائیل بوون لە هەموو ڕەچەڵەکە بێگانەکان جیا بوونەوە و ڕاوەستان و دانیان بە گوناهەکانی خۆیان و تاوانەکانی باوباپیرانیان نا. 3 لە شوێنەکانی خۆیاندا ڕاوەستان و چارەکە ڕۆژێک لە پەڕتووکی تەوراتی یەزدانی پەروەردگاریان خوێندەوە، چارەکە ڕۆژێکیش دانیان بە گوناهەکانیان دەنا و کڕنۆشیان بۆ یەزدانی پەروەردگاریان دەبرد. 4 لەسەر پێپلیکانەکە، لە لێڤییەکان، یێشوع، بانی، قەدمیێل، شەڤەنیا، بوننی، شێرێڤیا، بانی و کەنانی ڕاوەستان و بە دەنگێکی گەورە هاواریان بۆ یەزدانی پەروەردگاریان کرد. 5 لە لێڤییەکان، یێشوع، قەدمیێل، بانی، حەشەڤنەیا، شێرێڤیا، هۆدیا، شەڤەنیا و پەتەحیا، گوتیان: «هەستن و ستایشی یەزدانی پەروەردگارتان بکەن کە لە ئەزەلەوەیە و هەتاهەتایە.»
با ناوی شکۆدارت بەرەکەتدار بێت، بەرزە بەسەر هەموو بەرەکەت و ستایشێکەوە. 6 تۆ خۆت بە تەنها یەزدانیت. تۆ ئاسمانت دروستکرد، ئاسمانی ئاسمانەکان و هەموو هێزەکانیان، زەوی و هەموو ئەوەی لەسەریەتی، دەریاکان و هەموو ئەوەی کە تێیاندایە. تۆ ژیان بە هەموویان دەدەیت و هێزەکانی ئاسمان کڕنۆشت بۆ دەبەن.
7 «تۆ یەزدانی پەروەردگاریت، کە ئەبرامت هەڵبژارد و لە ئووری کلدانییەکانەوە دەرتهێنا و ناوت نا ئیبراهیم. 8 بینیت لەبەردەمی تۆ دڵسۆزە، پەیمانت لەگەڵی بەست، کە خاکی کەنعانی و حیتی و ئەموری و پریزی و یەبوسی و گرگاشییەکانی بدەیتێ، بیدەیتە نەوەکەی، ئینجا بەڵێنەکەی خۆتت هێنایە دی، چونکە تۆ ڕاستودروستیت.
دوازدە نێردراوەکە
12 لەو ڕۆژانەدا عیسا چووە چیا تاکو نوێژ بکات، شەوەکەی هەموو بە نوێژکردن بۆ خودا بەسەربرد. 13 کە ڕۆژ بووەوە، قوتابییەکانی بانگکرد، دوازدەی لێ هەڵبژاردن و ناوی لێنان نێردراوان: 14 شیمۆن کە ناوی لێنا پەترۆس، لەگەڵ ئەندراوسی برای، یاقوب و یۆحەنا، فیلیپۆس و بەرتۆلماوس، 15 مەتا و تۆماس، یاقوبی کوڕی حەلفی و شیمۆن کە ناسراوبوو بە دڵگەرم[a]، 16 یەهوزای کوڕی یاقوب و یەهوزای ئەسخەریوتی کە ناپاک دەرچوو.
17 ئینجا عیسا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکان هاتە خوارەوە و لە شوێنێکی تەختایی ڕاوەستا. لەوێ کۆمەڵێکی زۆر لە قوتابییەکانی و خەڵکێکی ئێجگار زۆر کە لە هەموو یەهودیا و ئۆرشەلیم و کەناری سور و سەیداوە هاتبوون، 18 هەموویان بۆ ئەوە هاتبوون تاکو گوێی لێ بگرن و لە نەخۆشییەکانیان چاکببنەوە، ئەوانەش کە بە دەست ڕۆحە پیسەکان دەیانناڵاند چاکبوونەوە. 19 هەموو خەڵکەکەش هەوڵیان دەدا دەستی لێ بدەن، چونکە هێزی لێ دەهاتە دەرەوە و هەمووانی چاکدەکردەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.