Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داود، بۆ یادکردنەوە.
38 ئەی یەزدان، بە تووڕەیی خۆت سەرزەنشتم مەکە،
بە ڕقی خۆت تەمبێم مەکە.
2 چونکە تیرەکانت منیان پێکا،
دەستت منی خستە خوارەوە.
3 بەهۆی تووڕەیی تۆوە تەندروستی لە لەشمدا نەماوە،
بەهۆی گوناهمەوە ساغی لە ئێسقانەکانمدا نەماوە.
4 تاوانەکانم بەسەر سەرم کەوتوون،
وەک بارێکی گران کە توانام نییە هەڵیبگرم.
5 برینەکانم بۆگەن بوون و چڵکیان کردووە،
بەهۆی گێلایەتی خۆم.
6 پشتم چەماوەتەوە و کووڕ بوومەتەوە،
بە درێژایی ڕۆژ ماتەم دەگێڕم.
7 کەلەکەم[a] پڕ بووە لە ژانێکی سووتێنەر،
تەندروستی لە لەشمدا نەماوە.
8 بە تەواوی تێکشکاوم و بێهێز بووم،
لەبەر نەهامەتی دڵم هەر دەناڵێنم.
9 ئەی پەروەردگار، هەموو ئارەزووەکانم لەپێش چاوتە،
ئاخ هەڵکێشانم لە تۆ شاردراوە نییە.
10 دڵەکوتێمە و هێزم لەبەر بڕاوە،
تەنانەت ڕووناکیش لە چاوانم بڕاوە.
11 لەبەر برینەکانم دۆست و برادەرەکانم خۆیان لێم دەپارێزن،
خزمانم لێم دوور دەکەونەوە.
12 ئەوانەی بەدوای ژیانی منەوەن تەڵە دەنێنەوە،
ئەوانەی دەیانەوێت ئازارم بدەن باسی تێکشکانم دەکەن،
بە درێژایی ڕۆژ بیر لە فرتوفێڵ دەکەنەوە.
13 بەڵام من وەک کەڕ وام، گوێم لێ نابێت،
وەک لاڵ وام، ناتوانم دەمم بکەمەوە.
14 وەک کەسێکم لێ هاتووە کە نابیستێت،
هیچ بەهانەیەکیشی لە دەمی نەبێت.
15 ئەی یەزدان، چاوەڕێی تۆ دەکەم،
ئەی خودای پەروەردگارم، تۆ وەڵام دەدەیتەوە.
16 چونکە گوتم: «مەهێڵە پێم خۆش بن،
یان کاتێک پێم دەخلیسکێت خۆیان بە گەورە بزانن لە سەرم.»
17 چونکە خەریکە دەکەوم،
هەمیشە ئازارەکانم لەگەڵمە.
18 دان بە تاوانی خۆمدا دەنێم،
بە گوناهی خۆم خەمبار دەبم.
19 دوژمن چالاک و بەهێزن،
ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە زۆرن.
20 ئەوانەی بەرامبەری چاکە خراپەم دەدەنەوە،
دژایەتیم دەکەن، چونکە دوای چاکە کەوتووم.
21 ئەی یەزدان، پشتگوێم مەخە،
ئەی خودای من، لێم دوور مەکەوە.
22 ئەی پەروەردگاری ڕزگارکەرم،
خێرا بگە فریام.
داود، شاول دەبەخشێت
24 پاش ئەوەی شاول لە ڕاونانی فەلەستییەکان گەڕایەوە پێی ڕاگەیەنرا و گوترا: «داود لە چۆڵەوانی کانی گەدییە.» 2 ئینجا شاول لە هەموو ئیسرائیلدا سێ هەزار پیاوی هەڵبژاردەی برد و چوو بۆ گەڕان بەدوای داود و پیاوەکانی، لەسەر هەڵدێرەکانی بزنە کێوییەکان.
3 شاول هاتە لای پەرژینە مەڕەکانی سەر ڕێگاکە، لەوێدا ئەشکەوتێکی لێبوو، چووە ژوورەوە هەتا دەست بەئاوبگەیەنێت. داود و پیاوەکانیشی لە قووڵایی ئەشکەوتەکەدا دانیشتبوون. 4 پیاوەکانی داود پێیان گوت: «ئەوە ئەو ڕۆژەیە کە یەزدان پێی فەرمووی: ”من دوژمنەکانت دەدەمە دەستت، تۆش ئەوەی پێت باشە پێیانی دەکەیت.“» داودیش هەستا و بەدزییەوە لایەکی کەواکەی شاولی بڕی.
5 پاش ئەمە، دڵی داود ئازاری دا، لەبەر ئەوەی لایەکی کەواکەی شاولی بڕی. 6 جا بە پیاوەکانی گوت: «لەلایەن یەزدانەوە بە دوور بێت کە کاری وا بە گەورەکەم بکەم، دەستنیشانکراوی یەزدان، ئەگەر دەستی بۆ درێژ بکەم، چونکە ئەو دەستنیشانکراوی یەزدانە.» 7 داود بەم قسانە پیاوەکانی سەرزەنشت کرد و ڕێگای پێنەدان بۆ هێرشکردنە سەر شاول، شاولیش لە ئەشکەوتەکە هەستا و ڕێگای خۆی گرتەبەر.
8 پاش ئەمە داود هەستا و لە ئەشکەوتەکە چووە دەرەوە، بەدوای شاولدا هاواری کرد و گوتی: «پاشای گەورەم!» کاتێک شاول بەرەو دواوە ئاوڕی دایەوە، داود سەری دانەواند و کڕنۆشی برد. 9 ئینجا داود بە شاولی گوت: «بۆچی گوێ لە قسەی خەڵک دەگریت، ئەوانەی دەڵێن: ”ئەوەتا داود خراپەی تۆی دەوێت“؟ 10 ئەوەتا ئەمڕۆ بە چاوەکانی خۆت بینیت کە چۆن یەزدان ئەمڕۆ تۆی لەو ئەشکەوتەدا دایە دەستم. پێم گوترا کە بتکوژم، بەڵام من بەزەییم پێتدا هاتەوە و گوتم: ”دەستم بۆ گەورەم درێژ ناکەم، چونکە ئەو دەستنیشانکراوی یەزدانە.“ 11 باوکە تەماشا بکە، تەماشا دامێنی کەواکەت بەدەستمەوەیە! من دامێنی کەواکەی تۆم بڕی بەڵام نەمکوشتیت، بزانە و ببینە کە من هیچ خراپە و ناپاکییەکم نییە، دەرهەق بە تۆ تاوانبار نیم. کەچی تۆ ڕاوم دەنێی هەتا بمکوژیت. 12 با یەزدان دادوەری لەنێوان من و تۆدا بکات، یەزدان تۆڵەی منت لێ بکاتەوە، بەڵام من دەستت لێ بەرز ناکەمەوە، 13 هەروەک پەندی پێشینان دەڵێت: ”خراپە لە خراپەکاران دەوەشێتەوە،“ لەبەر ئەوە من دەستت لێ بەرز ناکەمەوە.
14 «پاشای ئیسرائیل بەدوای کێ کەوتووە؟ تۆ کێ ڕاو دەنێیت؟ بەدوای سەگێکی تۆپیو؟ بەدوای کێچێک؟ 15 با یەزدان ببێت بە دادوەر و حوکم لەنێوان من و تۆدا بکات، تەماشا بکات و ئەستۆپاکیم بسەلمێنێت، لە دەستی تۆ دەربازم بکات.»
16 ئەوە بوو کە داود لەم قسانە بووەوە بۆ شاول، شاول گوتی: «داود، کوڕم، ئەمە دەنگی تۆیە؟» جا شاول دەنگی بەرزکردەوە و گریا، 17 بە داودی گوت: «تۆ لە من ڕاستودروستتریت، چونکە تۆ بە چاکە پاداشتت دامەوە، بەڵام من بە خراپە. 18 هەروەها ئەمڕۆ تۆ دەرتخست کە چاکەت لەگەڵدا کردووم، چونکە یەزدان منی دا بە دەستتەوە، بەڵام تۆ نەتکوشتم. 19 ئەگەر پیاو دوژمنەکەی دەست بکەوێت، ئایا بەرەو ڕێگای باش بەڕەڵای دەکات؟ با یەزدان پاداشتی چاکەت بداتەوە لەسەر ئەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ مندا کردت. 20 ئێستاش بە دڵنیاییەوە من دەزانم تۆ دەبیت بە پاشا، بە دەستی تۆ پاشایەتی ئیسرائیل دەچەسپێت. 21 ئێستا بە یەزدان سوێندم بۆ بخۆ کە دوای خۆم نەوەکەم نابڕیتەوە و ناویشم لە ماڵی باوکمدا ناسڕیتەوە.»
22 ئیتر داود سوێندی بۆ شاول خوارد، شاولیش گەڕایەوە ماڵەکەی خۆی، داود و پیاوەکانیشی بۆ قەڵاکە سەرکەوتن.
سووکایەتیکردن بە کڵێسای خودا
17 بەم ئامۆژگارییە ستایشتان ناکەم، چونکە کۆبوونەوەکانتان زیانی لە سوود زیاترە. 18 پێش هەموو شتێک، دەبیستم کاتێک وەک کڵێسا کۆدەبنەوە دووبەرەکی لەنێوانتاندا هەیە و هەتا ڕادەیەکیش باوەڕ دەکەم. 19 بێگومان دەبێت لەنێوانتاندا ناکۆکی و دووبەرەکی هەبێت، تاکو ئەو باوەڕدارانەی کە جێی ڕەزامەندی خودان دەربکەون. 20 بۆیە کاتێک کۆدەبنەوە، بۆ خواردنی شێوی مەسیحی خاوەن شکۆ نییە، 21 چونکە هەریەکە زوو شێوی خۆی لە خواردندا دەبات، جا یەکێک برسی دەبێت، ئەوی دیکە سەرخۆش دەبێت. 22 ئایا ماڵتان نییە تێیدا بخۆن و بخۆنەوە؟ یاخود کڵێسای خودا سووک دەکەن و ئەوانە تەریق دەکەنەوە کە هەژار و نەدارن؟ چیتان پێ بڵێم؟ ئایا لەسەر ئەمە ستایشتان بکەم؟ بێگومان نەخێر!
27 کەواتە ئەوەی بە شێوازێکی ناشایستە[a] نانەکە بخوات یان لە جامەکەی مەسیحی خاوەن شکۆ بخواتەوە، ئەوا بەرامبەر بە جەستە و خوێنی مەسیحی خاوەن شکۆ تاوانبارە. 28 با هەرکەسێک خۆی تاقی بکاتەوە، ئینجا لە نانەکە بخوات و لە جامەکە بخواتەوە، 29 چونکە ئەوەی بخوات و بخواتەوە و بێ ئەوەی ڕێز لە جەستەی مەسیح بگرێت، ئەوا بۆ خۆی حوکم دەخوات و دەخواتەوە. 30 لەبەر ئەمەیە زۆر نەخۆش و لاوازتان تێدایە، هەندێکیش نوستوون[b]. 31 بەڵام ئەگەر خۆمان حوکمی خۆمان بدایە، ئەوا حوکم نەدەدراین. 32 بەڵام کاتێک مەسیحی خاوەن شکۆ حوکممان بدات، ئەوا تەمبێ دەکرێین، تاکو لەگەڵ جیهاندا تاوانبار نەکرێین.
33 کەواتە ئەی خوشک و برایانم، کاتێک بۆ خواردن کۆدەبنەوە، چاوەڕێی یەکتری بکەن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.