Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ گەورەی گۆرانیبێژان لەسەر ئاوازی گۆرانی «کۆتر لەسەر دار بەڕوو دوورن.» پاڕانەوەیەکی داودە کاتێک فەلەستییەکان لە گەت[a] گرتیان.
56 ئەی خودایە، لەگەڵم میهرەبان بە چونکە خەڵک ڕاوم دەنێن،
بە درێژایی ڕۆژ لە دژی من دەجەنگن.
2 دوژمنانم بە درێژایی ڕۆژ ڕاوم دەنێن،
چونکە زۆرن ئەوانەی بە لووتبەرزییەوە دەمچەوسێننەوە.
3 کاتێک ترسم لێ دەنیشێت،
من پشت بە تۆ دەبەستم.
4 بە خودا، کە ستایشی پەیامەکەی دەکەم،
پشت بە خودا دەبەستم، من ناترسم،
مرۆڤ چیم لێ دەکات؟
5 بە درێژایی ڕۆژ دەستکاری قسەکانم دەکەن،
هەمیشە پیلان بۆ خراپەم دەگێڕن.
6 گیروگرفت دەنێنەوە، خۆیان مات دەکەن،
چاویان لە هەنگاوەکانمە،
بۆ ئەوەی لە دەرفەتێکدا بمکوژن.
7 لە پێناوی تاوانیان سزایان بدە،
ئەی خودایە، بە تووڕەیی خۆت گەلان ژێر بخە.
8 خۆت ئاگاداری سەرگەردانی منی،
فرمێسکەکانم بخەرە مەشکەی خۆتەوە،
ئایا ئەوان لە پەڕتووکی تۆدا نەنووسراون؟
9 لەو ڕۆژەی هاوار بۆ تۆ دەکەم،
دوژمنەکانم بەرەو پاش دەکشێنەوە.
بەمە دەزانم کە خودا لەگەڵمە.
10 بە خودا، کە ستایشی پەیامەکەی دەکەم،
بە یەزدان، کە ستایشی وشەکەی دەکەم،
11 بە خودا پشت دەبەستم، من ناترسم.
مرۆڤ چیم لێ دەکات؟
12 ئەی خودایە، نەزرەکانی خۆم بۆ تۆ بەجێدەهێنم،
قوربانی سوپاسگوزاری پێشکەش دەکەم،
13 چونکە تۆ لە مردن فریای گیانم کەوتی،
پێیەکانی منت لە خلیسکان پاراست،
تاکو دۆستایەتی لەگەڵ خودا بکەم و
لە ڕووناکی ژیاندا بڕۆم.
چاککردنەوەی نەعمان لە نەخۆشی گولی
5 نەعمانی سەرکردەی سوپای پاشای ئارام پیاوێکی مەزن بوو لەلای گەورەکەی و سەر بڵند بوو، لەبەر ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی ئەوەوە ڕزگاریی بە ئارام بەخشی. ئەم پیاوە پاڵەوانێکی بەهێز بوو، بەڵام گەڕوگول[a] بوو.
2 چەند چەتەیەک لە ئارامییەکان بۆ تاڵان چووبوون و لە خاکی ئیسرائیلەوە کچێکی هەرزەکاریان لەگەڵ خۆیان هێنابووەوە، خزمەتی ژنەکەی نەعمانی دەکرد. 3 کچە بە خانمەکەی گوت: «خۆزگە گەورەم پێغەمبەرەکەی سامیرەی دەبینی! چونکە ئەو لە گولییەکەی چاکی دەکردەوە.»
4 نەعمان چوو بۆ لای گەورەکەی و قسەکەی کچە ئیسرائیلییەکەی پێ ڕاگەیاند. 5 پاشای ئارامیش گوتی: «کەواتە بڕۆ، منیش نامەیەک بۆ پاشای ئیسرائیل دەنێرم.» ئینجا نەعمان ڕۆیشت، لەگەڵ دەستی دە تالنت[b] زیو و شەش هەزار شاقل[c] زێڕ و دە قات جلی برد. 6 نامەکەی بۆ پاشای ئیسرائیل هێنا، تێیدا نووسرابوو: «لەگەڵ ئەو نامەیە نەعمانی خزمەتکارم دەنێرمە لات، لە گولییەکەی چاکی بکەرەوە.»
7 هەر کە پاشای ئیسرائیل نامەکەی خوێندەوە، جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی و گوتی: «ئایا من خودام هەتا بمرێنم و زیندوو بکەمەوە؟ بۆچی ئەمە پیاوێکی بۆ ناردووم هەتا لە گولییەکەی چاکی بکەمەوە؟ بزانن و سەیر بکەن چۆن شەڕم پێ دەفرۆشێت!»
8 کاتێک ئەلیشەعی پیاوی خودا بیستییەوە پاشای ئیسرائیل جلەکانی لەبەر خۆیدا دادڕیوە، ناردی بۆ لای پاشا و گوتی: «بۆچی جلەکانت لەبەر خۆتدا دادڕیوە؟ با بێتە لای من و بزانێت کە پێغەمبەرێک لە ئیسرائیل هەیە.» 9 ئینجا نەعمان بە ئەسپ و گالیسکەکانییەوە هات و لە بەردەرگای ماڵی ئەلیشەع وەستا. 10 ئەلیشەعیش نێردراوێکی ناردە لای و گوتی: «بڕۆ لە ڕووباری ئوردون حەوت جار خۆت بشۆ، گۆشتەکەت چاک دەبێتەوە و پاک دەبیتەوە.»
11 بەڵام نەعمان بە تووڕەییەوە ڕۆیشت و گوتی: «وام دانا کە دێتە دەرەوە بۆ لام و ڕادەوەستێت، بە ناوی یەزدانی خوداکەیەوە دەپاڕێتەوە و دەستی بەسەر شوێنەکەدا دەهێنێت و گەڕوگولییەکە چاک دەبێتەوە. 12 ئایا ئەڤانا و پەڕپەڕ، دوو ڕووبارەکەی دیمەشق، لە هەموو ئاوەکانی ئیسرائیل چاکتر نین؟ ئایا نەمدەتوانی خۆمیان تێدا بشۆم و پاک ببمەوە؟» لەبەر ئەوە گەڕایەوە و بە تووڕەییەوە ڕۆیشت.
13 خزمەتکارەکانی نەعمان هاتنە پێشەوە و پێیان گوت: «ئەی باوکمان، ئایا ئەگەر پێغەمبەرەکە شتێکی گەورەی پێت بگوتایە، نەتدەکرد؟ بەڵام چەند ئاسانترە کە گوتی: ”خۆت بشۆ و پاک ببەوە!“» 14 ئیتر چووە خوارەوە و بەپێی قسەی پیاوەکەی خودا، حەوت جار خۆی لە ڕووباری ئوردون نوقوم کرد، گۆشتەکەی گەڕایەوە وەک گۆشتی کوڕێکی گەنج و پاک بووەوە.
13 لەبەر ئەم هۆیە ئەوەی بە زمان دەدوێت، با نوێژ بکات تاکو لێکی بداتەوە، 14 چونکە ئەگەر بە زمانێک نوێژ بکەم، ڕۆحم نوێژ دەکات، بەڵام مێشکم بێ بەروبوومە. 15 کەواتە چییە؟ بە ڕۆح نوێژ دەکەم، هەروەها بە مێشکیشم نوێژ دەکەم. بە ڕۆح گۆرانی دەڵێم، هەروەها بە مێشکیشم گۆرانی دەڵێم. 16 ئەگینا، ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز ستایشی خودا بکەیت، چۆن یەکێکی دەرەوە بە سوپاسکردنەکەت بڵێت «ئامین» چونکە نازانێت تۆ چی دەڵێی؟ 17 سوپاسکردنەکەت باشە، بەڵام نابێتە مایەی بنیادنانی کەسێکی دیکە.
18 سوپاسی خودا دەکەم، لە هەمووتان زیاتر بە زمانەکان دەدوێم، 19 بەڵام لە کڵێسادا، پێنج وشەم لە مێشکدایە بیڵێم، تاکو خەڵکیش فێر بکەم، باشترە لە دە هەزار وشەی بە زمانێک.
20 خوشکان، برایان، لە بیرکردنەوەدا منداڵ مەبن. لە خراپەدا وەک منداڵ بێبەری بن، بەڵکو لە بیرکردنەوەدا پێگەیشتوو بن. 21 لە تەوراتدا نووسراوە: «یەزدان دەفەرموێ،
«[بە زمانی بێگانەکان و بە لێوی نامۆکان
قسە بۆ ئەم گەلە دەکەم،
لەگەڵ ئەوەش گوێم لێ ناگرن.][a]»
22 کەواتە زمانەکان نیشانەن، نەک بۆ باوەڕداران، بەڵکو بۆ بێباوەڕان، بەڵام ڕاگەیاندنی پەیامی خودا بۆ بێباوەڕان نییە، بەڵکو بۆ باوەڕدارانە. 23 بۆیە ئەگەر کڵێسا هەموو بەیەکەوە کۆبوونەوە و هەموو بە زمانەکان بدوێن، هەر نەزانێک یان بێباوەڕێک بێتە ژوورەوە، ئایا ناڵێت کە ئێوە وڕێنە دەکەن؟ 24 بەڵام ئەگەر هەموو پەیامی خودا ڕابگەیەنن و یەکێکی بێباوەڕ یاخود نەزان بێتە ژوورەوە، لەبەردەم هەمووان ویژدانی تاوانباری دەکات، لەلایەن هەمووانەوە حوکم دەدرێت، 25 نهێنییەکانی دڵی ئاشکرا دەبێت، کڕنۆش دەبات و خودا دەپەرستێت، ڕایدەگەیەنێت: «بەڕاستی خودا لەنێوتاندایە!»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.