Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 120

گۆرانی گەشتیاران.

120 لە تەنگانەمدا لە یەزدان پاڕامەوە،
    بە دەنگمەوە هات.
ئەی یەزدان، گیانم دەرباز بکە
    لە لێوی درۆزن و لە زمانی فێڵباز.

چیت پێدەدرێت،
    چیت بۆ زیاد دەکرێت، ئەی زمانی فێڵباز؟
تیری تیژکراوی پاڵەوان،
    لەگەڵ پشکۆی خەڵووزی دار گەز!

قوڕبەسەرم، چونکە ئاوارەی مەشەکم[a]،
    کە لە خێوەتەکانی قێدار[b] نیشتەجێم.
نیشتەجێبوونم درێژەی کێشا
    لەگەڵ ئەوانەی ڕقیان لە ئاشتییە.
من ئاشتیخوازم،
    بەڵام کاتێک قسە دەکەم، ئەوان شەڕخوازن.

دووەم پاشایان 24:18-25:21

پاشایەتی سدقیا

18 سدقیا گەنجێکی بیست و یەک ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یازدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکی ناوی حەموتەلی کچی یەرمیای خەڵکی لیڤنا بوو. 19 ئەمیش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، وەک هەموو ئەوەی یەهۆیاقیم کردی. 20 لەبەر تووڕەیی یەزدان بوو کە ئەمانە لە ئۆرشەلیم و لە یەهودا ڕوویدا، هەتا ئەوەی لەبەردەم خۆیدا دەریکردن.

کەوتنی ئۆرشەلیم

ئەوە بوو سدقیا لە پاشای بابل یاخی بوو.

25 ئیتر لە دەی مانگی دەی ساڵی نۆیەمی[a] پاشایەتی سدقیا، نەبوخودنەسری پاشای بابل هەموو سوپاکەی بەرەو ئۆرشەلیم جوڵاند و لەوێ ئۆردوگای دامەزراند، لە چواردەوری قوللەی بنیاد نا. هەتا ساڵی یازدەیەمی پاشایەتی سدقیا شارەکە لەژێر گەمارۆدا بوو. لە نۆی چواردا قاتوقڕی لە شارەکە هێندە سەخت بوو کە نان نەبوو گەلی خاکەکە بیخۆن. ئینجا شوورای شارەکە شکێنرا و هەموو جەنگاوەرەکان بە شەو بە ڕێگای دەروازەکەی نێوان دوو شووراکەی بەرامبەر باخچەی پاشادا هەڵاتن، هەرچەندە بابلییەکان لە چواردەوری شارەکە بوون. پاشا و ئەوانەی لەگەڵی بوون بە ڕێگای عەراڤادا[b] هەڵاتن، بەڵام سوپای بابلییەکان بەدوای پاشا کەوتن، لە دەشتی ئەریحا پێی گەیشتن. هەموو سوپاکەی پەرتەوازە بوو، جا پاشایان بە دیل گرت. بردییانە لای پاشای بابل لە ڕیڤلە، لەوێ دادگاییان کرد. کوڕەکانی سدقیایان لەبەرچاوی خۆی کوشت، پاشان هەردوو چاویشیان دەرهێنا و بە زنجیری بڕۆنز کۆتیان کرد و بردیانە بابل.

لە حەوتی پێنجی ساڵی نۆزدەیەمی نەبوخودنەسری پاشای بابل، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی ئیمپڕاتۆر کە کاربەدەستی پاشای بابل بوو، هاتە ئۆرشەلیم. پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا و هەموو ماڵەکانی ئۆرشەلیم و هەموو تەلارە گرنگەکانی سووتاند. 10 شووراکانی چواردەوری ئۆرشەلیمیش لەلایەن سوپای بابلییەکانەوە ڕووخێنران، ئەوانەی لەگەڵ فەرماندەی پاسەوانانی پاشا بوون. 11 پاشماوەی گەلیش ئەوانەی لە شارەکە مابوونەوە و ئەوانەی چووبوونە پاڵ پاشای بابل لەگەڵ پاشماوەی خەڵکەکە، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ڕاپێچی کردن. 12 بەڵام فەرماندەی پاسەوانانی پاشا هەندێک لە خەڵکی ڕەشوڕووتی لە خاکەکە هێشتەوە بۆ کارکردن لە ڕەزەمێو و کێڵگەکان.

13 کۆڵەکە بڕۆنزییەکان و عەرەبانەکانی ئاوگواستنەوە و حەوزە بڕۆنزییەکە کە لە پەرستگای یەزدان بوون، بابلییەکان پارچەپارچەیان کردن، بڕۆنزەکەشیان بۆ بابل بارکرد. 14 هەروەها مەنجەڵ و خاکەناز، مەقەست، قاپەکان و هەموو ئەو قاپوقاچاغە بڕۆنزانەی لە خزمەتی پەرستگا بەکاردەهات. 15 فەرماندەی پاسەوانانی پاشا هەموو ئەو شتانەی برد کە لە زێڕ و زیو دروستکرابوون، بخووردان و تاسیشی برد.

16 دوو کۆڵەکە و حەوزە بڕۆنزییەکە و عەرەبانەکانی ئاوگواستنەوە کە سلێمان بۆ پەرستگای یەزدان دروستی کردبوون، ئەو هەموو بڕۆنزە لە کێش نەدەهات. 17 هەر کۆڵەکەیەک هەژدە باڵ[c] درێژییەکەی بوو. تاجێکی بڕۆنز لەسەر کۆڵەکەکە بوو، بەرزی تاجەکە سێ باڵ[d] بوو، کەتیبە و هەنارەکانیش لەسەر تاجەکە و لە چواردەوری هەمووی لە بڕۆنز بوون. بۆ هەر یەکێک لە کۆڵەکەکان هەمان شت هەبوو لەگەڵ کەتیبەکەی.

18 فەرماندەکەی پاسەوانانی پاشا سەرایای سەرۆک کاهین و سەفەنیای کاهینی دووەم و سێ دەرگاوانەکەی گرت. 19 لە شارەکەش ئەو ئەفسەرەی گرت کە لێپرسراوی جەنگاوەرەکان بوو، پێنج ڕاوێژکاری پاشاشی گرت. هەروەها خامەی نهێنی[e] سوپاسالاری گرت، ئەوەی بەرپرسی بە سەربازکردن بوو، لەگەڵ شەست پیاو کە لە شارەکە بەرچاو کەوتن. 20 نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ئەوانەی بردە ڕیڤلە، بۆ لای پاشای بابل. 21 پاشای بابلیش لە ڕیڤلە لە خاکی حەمات کوشتنی.

ئینجا یەهودا لە خاکەکەی خۆی ڕاپێچ کرا.

یەکەم کۆرنسۆس 15:20-34

20 بەڵام لە ڕاستیدا مەسیح لەنێو مردووان هەستایەوە و بووە نۆبەرەی نوستووان. 21 هەروەک مردن بەهۆی مرۆڤێکەوە بوو، هەستانەوەی مردووانیش بەهۆی مرۆڤێکەوەیە. 22 هەروەها چۆن هەموو بەهۆی ئادەمەوە دەمرن، بە هەمان شێوە هەموو ئەوانەش کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا زیندوو دەکرێنەوە. 23 بەڵام هەر یەکە بە نۆرەی خۆی: یەکەم جار مەسیح وەک نۆبەرە، ئینجا لە کاتی هاتنی، ئەوانەی هی مەسیحن، 24 دوای ئەمە کۆتایی دێت، کاتێک پاشایەتییەکە دەداتە خودای باوک، پاش ئەوەی هەموو سەرکردایەتی و دەسەڵات و هێزێکی لەناوبرد، 25 چونکە دەبێ پاشایەتی بکات، هەتا هەموو دوژمنانی دەخاتە ژێر پێیەوە. 26 دوا دوژمن کە لەناودەبردرێت، مردنە. 27 هەروەک نووسراوە پیرۆزەکان دەڵێن: [هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو.][a] بەڵام کاتێک دەفەرموێ [هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی،] ڕوونە کە ئەمە خودی خودا ناگرێتەوە، چونکە خودا هەموو شتێکی ملکەچی مەسیح کردووە. 28 کاتێک هەمووی ملکەچی کرد، ئەوسا کوڕەکەش خۆی ملکەچی ئەوە دەبێت کە هەمووی ملکەچی کردووە، تاکو خودا ببێتە هەموو شتێک لە هەموو شتێکدا.

29 ئەگینا ئەوانەی لە جیاتی مردووان لە ئاو هەڵدەکێشرێن چی دەکەن؟ ئەگەر مردووان هەرگیز هەڵناستێنرێنەوە، جا بۆچی لە پێناو مردووان لە ئاو هەڵدەکێشرێن؟ 30 بۆچی ئێمە هەموو کاتێک خۆمان دەخەینە مەترسییەوە؟ 31 ئەی خوشک و برایانم، ڕۆژانە دەمرم، وەک بە دڵنیاییەوە شانازیتان پێوە دەکەم، بەهۆی عیسای مەسیحی گەورەمان. 32 ئەگەر بە بیرکردنەوەی مرۆڤ بێت کاتێک لە ئەفەسۆس بەرەنگاری دڕندەکان بوومەوە، چ سوودێکم دەبوو؟ ئەگەر مردووان هەڵنەستنەوە:

[با بخۆین و بخۆینەوە،
    چونکە سبەی دەمرین.][b]

33 هەڵمەخەڵەتێن: «پەیوەندی خراپ ڕەوشتی جوان تێکدەدات.» 34 هۆش بهێننەوە بەر خۆتان هەروەک پێویستە، گوناه مەکەن، چونکە هەندێکتان زانیاریتان سەبارەت بە خودا نییە. ئەمە بۆ شەرمەزاربوونتان دەڵێم.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.