Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
کۆکراوەی بەشی یەکەم
زەبوورەکانی 1–41
1 خۆزگە دەخوازرێت بەو کەسەی
بەپێی ڕاوێژی بەدکاران ناڕوات و
لە ڕێگای گوناهباران ڕاناوەستێت و
لە کۆڕی گاڵتەجاڕان دانانیشێت.
2 بەڵکو ئارەزووی ئەو لە فێرکردنی[a] یەزدانە،
شەو و ڕۆژ لە فێرکردنەکەی ورد دەبێتەوە.
3 وەک دارێک وایە کە لەدەم جۆگەی ئاو ڕوابێت و
لە وەرزی خۆیدا بەرهەم بدات و
گەڵاکانی هەرگیز وشک نەبن،
لە هەموو کارێک سەرکەوتوو دەبێت.
4 بێگومان بەدکاران وانین،
بەڵکو وەک کا وان کاتێک با پەرشوبڵاوی دەکاتەوە.
5 بۆیە نە بەدکاران لەبەردەم دادوەری بێتاوانن،
نە گوناهبارانیش لە کۆڕی ڕاستودروستان دادەنیشن.
6 چونکە یەزدان چاودێری ڕێگای ڕاستودروستان دەکات،
بەڵام ڕێگای بەدکاران لەناودەچێت.
20 چاوت هەڵبڕە[a] و
ئەوانە ببینە کە لە باکوورەوە دێن!
کوا ئەو مێگەلەی پێت درا،
ئەو مەڕانەی شانازیت پێوە دەکردن؟
21 چی دەڵێی کاتێک یەزدان ئەوانەت لەسەر دادەنێت
کە فێری هاوپەیمانیت کردن؟
ئایا ژان ناتگرێت
وەک ئەو ژنەی منداڵی دەبێت؟
22 ئەگەر لە دڵی خۆتدا بڵێی،
«بۆچی ئەمانەم بەسەرهات؟»
لەبەر زۆری تاوانت، دامێنت هەڵکرا
دەستدرێژییان کردە سەرت.
23 ئایا حەبەشی دەتوانێت پێستی خۆی بگۆڕێت،
یان پڵنگ بەڵەکەکانی؟
ئێوەش ناتوانن چاکە بکەن،
کە لە خراپە ڕاهاتوون!
24 «وەک پووش پەرتیان دەکەم
کە بای چۆڵەوانی هەڵیدەگرێت.»
25 یەزدان دەفەرموێت: «ئەمە بەختی تۆیە،
ئەو بەشەی لەلایەن منەوە پێتدراوە،
لەبەر ئەوەی منت لەبیر کرد و
پشتت بە خوداوەندی درۆیین بەست.
26 منیش دامێنت بەسەر ڕووتدا هەڵدەدەمەوە،
ئینجا دەستدریژیت دەکرێتە سەر!
27 داوێنپیسی و حیلاندنت،
بێڕوویی لەشفرۆشیت!
لەسەر گردەکان لە کێڵگە
قێزەونییەکانی تۆم بینی.
ئەی ئۆرشەلیم، قوڕبەسەرت!
هەتا کەی پاک نابیتەوە؟»
17 لەبەر ئەوەی لە خودای باوک دەپاڕێنەوە، ئەوەی بێ لایەنگری هەرکەسێک بەگوێرەی کردەوەکەی حوکم دەدات، کەواتە لە کاتی نامۆییتاندا بە لەخواترسییەوە بژین. 18 دەزانن بە شتی لەناوچووی وەک زێڕ و زیو نەکڕاونەتەوە، لەو ژیانە پووچەی لە باوباپیرانەوە بۆتان مابووەوە، 19 بەڵکو بە خوێنێکی گرانبەها، خوێنی مەسیح، وەک لە بەرخێکی بێ لەکە و کەموکوڕی. 20 لەپێش دامەزراندنی جیهان هەڵبژێردرابوو، بەڵام لەم ڕۆژگارانەی دوایی لە پێناوی ئێوەدا دەرکەوت. 21 بەهۆیەوە باوەڕتان بە خودا هەیە، ئەوەی لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە و شکۆی پێدا، تاکو هیوا و باوەڕتان بە خودا بێت.
22 بە گوێڕایەڵیتان بۆ ڕاستی خۆتان پاک کردووەتەوە بۆ خۆشەویستی برایانەی بێ دووڕوویی، لە قووڵایی دڵەوە یەکتریتان خۆشبوێ. 23 ئێوەش لەدایک بوونەوە[a]، نەک بە تۆوێکی فەوتاو بەڵکو نەفەوتاو، بە وشەی زیندووی خودا کە دەمێنێتەوە، 24 چونکە نووسراوە:
[هەموو مرۆڤێک وەک گژوگیا وایە و
هەموو شکۆیەکەی وەک گوڵی کێوی وایە.
گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ،
25 بەڵام فەرمایشتی یەزدان هەتاهەتایە چەسپاو دەبێت.][b]
ئەمەش ئەو فەرمایشتەیە کە مزگێنیتان پێدرا.
بەردی زیندوو
2 بۆیە هەموو ڕق و هەموو فێڵ و دووڕوویی و چاوپیسی و هەموو زەمکردنێک دابکەنن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.